ئەو پیاوەی پشتگیریی لەڕیفراندۆمەکەی هەرێم دەکرد ئێستا لەدۆڵی پەنچشیره‌

مەلەفی تایبەت

21/08/2021‌ 4376 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئێمەی کورد لەڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلولی ساڵی (2017) یەکێک لەوکەسانەی پشتگیریی ئەو ڕیفراندۆمەی دەکردو لەشاشەی ڕاگەیاندنەکانەوە دەبینرا لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم، بێرنارد هێنری بوو، لەئێستا دوای چوارساڵ لەگشتپرسییەکەی کورد، بەقسەی بەشێک لەچاودێرانی سیاسی کورد، کورد سەدا پەنجای خاکەکەی لەدەستدا، جارێکی دیکە بێرنارد لەدۆڵی پەنچشیر لەگەڵ ئەحمەد کوڕى ئەحمەد شا مەسعود دەبینرێت‌و پشتگیریان دەکات دژی بزوتنەوەی تاڵیبان.

بێرنارد هێنری لیڤی کێیە؟
بێرنارد هێنری ئاندری لیڤی لەپێنجی تشرینی دوەمی 1948 لەشاری بێنی سەفی باکوری جەزائیر لەدایکبوە، کاتێک ئەو وڵاتە لەژێر داگیرکاری فەرەنسیدا بوو، بێرنارد لەخێزانێکی جولەکەی دەوڵەمەندی جەزائیری کە باوکی بازرگانێکی گەورەبوە، خێزانەکەی چەند مانگێک دوای لەدایکبونی لەجەزائیرەوە بەرەو فەرەنسا ڕۆیشتون.

یەکێک لەڕۆڵە سیاسیە دیارەکانی ئەوەیە کە ڕاوێژ بەنیکۆلا سارکۆزی سەرۆکی پێشوی فەرەنسا بکات کە یەکێکە لەباشترین هاوڕێکانی‌و یارمەتیداوە قەناعەتی پێبکات دەستێوەردانی سەربازی لەلیبیا لەساڵی 2011دا بکات.

هێنری لەساڵی 1981 کتێبێکی لەسەر ئایدیۆلۆجی‌و فەرەنسی بڵاوکردەوە، کە بەیەکێک لەکاریگەرترین کتێبەکانی فەرەنسی دادەنرێت، لەلایەن ئەکادیمیستەکانی فەرەنسیەوە ڕەخنەی توندی لێگیراوە، لەوانەشە ئەکادیمی دیاری ڕایمۆند ئارۆن.

لیڤی یەکێکبوو لەیەکەم ڕۆشنبیرانی فەڕەنسی کە داوای دەستێوەردانی کرد لەجەنگی بۆسنی 1990دا، لە 24ی حوزەیرانی 2009، بێرنارد هێنری لیڤی ڤیدیۆیەکی لەسەرهێڵ بڵاوکردەوە بۆ پشتگیریکردنی ناڕەزاییەکان لەدژی هەڵبژاردنەکانی ئێران. لەماوەی دەیەی ڕابردودا، لیڤی یەکێک بوە لەگەورەترین داکۆکیکار لەدەستێوەردانی نێودەوڵەتی لەدارفوری ڕۆژئاوای سوداندا، لەکانونی دوەمی 2010، لیڤی لەبەرامبەر ڕەخنەی سیاسی جولەکەکان بەرگری لەپاپا بێندێکت 18 کردو بەدۆستی جولەکەکان ناوزەدى کرد.

شەیتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەشێکی لەڕۆژنامەنوسان‌و چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێرنارد هێنری لەهەر شوێنێک ئاڵۆزیی‌و گرفت هەبوبێت ڕوی لەوێ کردوە ئەو لەپشتێوە بوە وەک لەشۆڕشی بەهاری عەرەبی کە ناڕەزاییەکانی لەتونس دەستیپێکردو لەسوریا درێژەی کێشا، بۆیە بەشەیتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەندیان کردوە.

بێرناردو ڕاپرسییەکەی هەرێمی کوردستان
لەهەرێمی کوردستان لە25ى ئەیلولی ساڵی 2017 ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، هەر لەهەمانکاتدا لەتویتێکدا بێرنارد هێنری دەڵێت، "بەمنزیكانە گۆڕانكاریەكی گەورە ڕودەدات‌و کورد سەرکەوتنێکی گەورە تۆماردەکات‌و پێشمەرگەش بەفیلمێک دەبێتە میوانی نەتەوەیەکگرتوەکان بەرامبەر 193 دەوڵەت"، بەڵام قسەکەی هێنری پێچەوانە بوەو هەموو جیهان دوای ڕاپرسییەکە دەرگایان بەڕوی کوردا داخست‌و کورد لەسەدا پەنجای ئەو خاکەی بەدەستیه‌وه‌بوو لەدەستیدا.

بێرنارد لەئەفغانسان ئەمجارە سەردەردەکات‌و دەبینرێت
دوای ئەوەی 20 ساڵ ئەمریکا یارمەتی حکومەتی ئەفغانسانیداو پشتگیریکردن بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی تاڵیبان، سەرئەنجام لەئێستادا بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە کۆنترۆڵکرا، تەنها هەندێک ناوچەی کەم نەبێت وەک هەرێمی دۆڵی پەنچشیر کە لەلایەن ئەحمەد مەسعود، کوڕی فەرماندە ئەحمەد شا مەسعود کە لەساڵی 2001 لەلایەن قاعیدەوە تیرۆرکرا بەڕێوەدەبرێت، ئەو فەرماندەیە لەوتارێکیدا کە لەڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردۆتەوە، دوای پشتگیری ئەمریکای ئاماژە بەوەدەکات، "ئەمریکا هێشتا دەتوانێت جبەخانەیەکی گەورەی دیموکراسی بێت"، بۆیە داوا لەئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمانان دەکات پشگیریی بکەن بۆ ئازادکردنی ئەفغانستان‌و ئەوەیش دەخاتەڕوو کە وڵاتێکی کراوەو ڕێز لەئازادییەکان ژنان‌و گەنجان دەگرن، هەروەها پشتیوانی لەشەڕڤانانی موجاهیدینەکەی کرد، کە "جارێکی دیکە ئامادەن بۆ بەرەنگاربونەوەی تاڵیبان".

ئەو فەرماندەیەی پەنچشیر لەئێستادا لەوێنەیەکیدا لەگەڵ بێرنارد هێنری دەبینرێت، هاوکات هێنری داوای پشتیوانی بۆ ئەحمەد مەسعود دەکات دژی بزوتنەوەی تاڵیبان‌و پێیوایە، تاڵیبان هۆکارێکە بۆ هەستانەوەو بەهێزبونی داعش‌و قاعیدە، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئەمجارە ئەم سیاسەتمەدارە فەرەنسیە بەڕەگەز جولەکەیە سەری ئەحمەد مەسعودو چەکدارەکانی دەخوات، یان بزوتنەوەی تاڵیبان، یاخود دۆخەکە زیاتر ئاڵۆزو خوێناوی دەکات؟

کاوەی مەلا حسێن