حکومەتە شوێنگرەوەو بەدیلەکان چۆن دروست دەکرێن و هەناردەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە

جیهان

22/08/2021‌ 2012 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جیهان مێژویەکی دور و درێژی هەیە لەگەڵ دروستکردن وسەرهەڵدانی حکومەتی جێگرەوە و دواتر هەناردەکردنی بۆ ولاتان.

  کەم نین ئەو دەسەڵاتدارانەی کە لە وڵاتانی ترەوە نەخشەو پلانی چونە سەر تەختی حوکمی وڵاکەتەی خۆیان داڕشتوە یان بۆیان دارێژراوە لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە.

پاش کەوتنی کابوڵ و گرتنە دەستی حوکمی وڵاتی ئەفغانستان لەلایەن چەکدارەکانی تالیبانەوە، قسەو باسێکی زۆر هاتۆتە ئاراوەو بەراوردکاریەکی زۆر دروست بووە،بەشێک لە شیکەرەوەو شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم گۆرانکاریە خێرایە لە ئەنجامی پلانی ئەمریکاوە سەریهەڵداوەو ویستی ئەمریکاو وڵاتانی زلهێزی دونیا بوە، بەشێکیش پێیان وایە ئەوە لاوازی و گەندەڵی و کامڵ نەبونی دوای بیست ساڵی حکومەتی ئەفغانستان بوە کە وایکرد گۆرانکاریەکە ڕوبدات.

هەرکامیان بن هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە ئەمریکا پالپشت و ئاگاداری گۆرانکاریەکەو ئاسانکاری پرۆسەکەش بوە.

لە مێژوودا یەکەمجار نیە گروپێکی وەک تالیبان لە تیرۆرستی و دوژمنایەتی زلهێزەکانەوە، بە شێوەیەکی کتوپڕ و خێرا دەبێتە دۆست و ئاسانکاری بۆ دەکرێت بۆ گەرانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی و دەسەڵات دەگرێتە دەست، بەڵکو زۆرن ئەو نمونانەی کە هاوشێوەی تالیبان لە ماوەی چەند ساڵیکدا لە دوژمنەوە بونەتە دۆست و حکومەتیان لەسەر سینییەک پێشکەشکراوە، یان لە وڵاتێکی بێگانەوە پلانی حوکمدارییان بۆ دارێژراوەو بە سەرۆکایەتییەوە چونەتەوە ولاتەکانی خۆیان.

ساڵی 1938 لە شاری نەجەف سەربازانی عیراقی گەمارۆی ماڵی پێشەوا خومەینی دەدەن، کە وەک پەنابەرێکی سیاسی رووی لە عیراق کردبوو، بەڕێوەبەری ئاسایشی سەر بەعسی رووخاو، دەچێتە لای پێشەوا خومەینی و دەڵێت، ئەگەر لە عیراق بمێنیتەوە دەبێت باسی سیاسەت نەکەیت

خومەینی رەتی دەکاتەوە و روو لە کوەیت دەکات، لە سەر داوای ئێران کوەیت سنووری بەسەردا دادەخات، هەوڵ دەدات روو لە سووریا و لوبنان بکات، ئەوانیش رەتی دەکەنەوە وەک سیاسیەک لە سنوورەکانیان بچێتە ژوورەوە، ناچار دەبێت روو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەکات و لە ماڵی پیاوێکی ئێرانی دەمێنێتەوە، بەنهێنی سەرقاڵی وتارە سیاسیەکانی دەبێت، ئامانجەکانی لە رێگەی کاسێتی ڤیدیۆیەوە دەنێرێتەوە بۆ ئێران و بەنهێنی تەماشا دەکرێت.

پاش ٤٠ ساڵ لە دوورە وڵاتی و قەدەغەی جیهان لەسەری، پیاوی ئاینی ئێرانی، گەڕایەوە و شۆڕشی ئیسلامی دەست پێکرد، رۆژنامەنوسێکی فەرەنسی کە  لە کەناڵی  بی بی سی کاری دەکرد لە ناو فڕۆکەکەوە ئەم هەوالەی بە گوێی جیهانداد داو شۆکێکی بۆ ئێران و ناوچەکە دروستکرد، ئەو کەسەی تا دوێنی لە هیچ ولاتێک جێگەی نەدەبوەوە ئەمرۆ بە سەرۆکایەتی وڵاتەکەی دەگەرێتەوە خاکی خۆی.

فەرەنسا لە جەنگی جیهانی دووەمدا، لە ئاژاوە و ناسەقامگیردابوو، لە دەستی وڵاتانی زلهێزدا بوو، لە لەندەنەوە حکومەتی فرەنسای ئازادی دروستکرا، لە ساڵی 1946 بە هاوکاری ئەمریکا و بەریتانیا، حکومەتەکە توانی بگەڕێتەوە فرەنسا و لە دەستی نازییەکان و ئەو حکومەتەی کە مەیلی بەلای نازیەکاندا هەبوو دەریبهێنن، دەستورێکی نوێشی بۆ دابنێن، جەنڕاڵێکی نیشتیمانی کە بەشداریەکی زۆری لە شەڕەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا کردبوو بۆ بەرگری لە فرەنسا و خۆشەویست و متمانە پێکراوی گەلی فرەنسی بوو، بەناوی دیگۆڵ، کۆماری فرەنسای دامەزراندو لە ساڵی ١٩٥٨ دا کۆمارەکە ڕاگەیەنرا.

ئێستا کاتی ئەوەیە باسێکی هەیبەتوڵا ئاخونزادە بکەین، بەدیلە نوێیەکەی حکومەتی ئەفغانستان، یەکێک بوو لە فەرماندەو سەرکدەکانی بزوتنەوەی تالیبان و لەسالی ٢٠١٦  کرایە ئەمیری تالیبان پاش ئەوەی ئەمیر ئەختەر کوژرا

ساڵی ١٩٩٦ تالیبان کابوڵی گرت و حوکمی ئەفغانستانی گرتە دەست، ساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا تالیبانی دوور خستەوە لە دەسەڵات و حکومەتێکی مەیلداری خۆی دروست کرد و تالیبان لەو وڵات دەرکرا، بەڵام بەهۆی هەندێک گۆڕانکاری سیاسی جیهانی و ناوچەیی لەگەڵ تالیبان پێکهاتەوە، ئەم پیاوە چەکداری تالیبان بووە، بەردەوامبووە لە خەبات دژی ئەمریکا.

پاش دوو ساڵ لە بوون بە ئەمیری تاڵیبان، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، شەڕی دژی حکومەتی ئەفغانستان ڕاگرت، حکومەت پێشوازی لەم هەڵوێستە کرد، ساڵی ٢٠٢٠ تالیبان و ئەمریکا هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ و پێکەوە دانوستانیان ئەنجامدا

پاشان حکومەتی ئەفغانستان و ئەمریکا رێککەوتنێکیان واژوو کرد بۆ کەمکردنەوەی سەربازانی ئەمریکا لەماوەی ١٣٥ رۆژدا، ژمارەی سەربازەکانی بۆ ٨٦٠٠ سەرباز کەمبکاتەوە و تا مانگی ٥ی ٢٠٢١ هەموو سەربازەکانی لەو وڵاتە بکێشێتەوە

ئێستا سێ مانگ بەسەر ئەم بەرواردا تێپەڕی و بە بێ شەڕکردن تالیبان توانی کابوڵی پایتەخت داگیربکاتەوە.

سەرنج بدەین ئەم شوێنگرەوانە هەموویان قەدەغەکراوی وڵاتەکانی خۆیان بوون لەماوەیەکدا سوودیان لە گۆڕانکاریە نێودەوڵەتیەکان وەرگرت و بوونە دەسەڵاتدار و فەرمانرەوای وڵاتەکانیان بە پاڵپشتی هێزە نێودەوڵەتیەکان.

ئۆپۆزسیۆنی عیراقی کە لە هێزەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات پێکهاتبوو بە چەند سالێک پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە وڵاتانی دەرەوە چەند کۆنگرەیەکیان کرد و سەرەنجام ئەمریکا پێشیان کەوت و حکومەتی ئەوکاتی عێراقی ڕوخاند و وڵاتی رادەستی ئۆپۆزسیۆن کرد و کردیە فەرمانرەوا.

ئێستاش عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئیداری و دارایی و سەربازی خراپدا وڵات بەرێوە دەبەن و چاودیران پێیان وایە ئەمریکا گلەیی و نارەزایی زۆری لە شێوازی حوکمرانی لە تەواوی عێراق بە هەرێمیشەوە هەیە، کۆتا وتاری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش ئەو راستەیەی تێدا بوو کە باسی لەوە کرد ئەوان ناتوانن تا سەر قوربانی بدەن بۆ هیچ گەلێک.

واتە هیچ دور نییە لە دەرەوەی دەسەلاتدارانی ئێستای عێراق و هەرێم کەسانێک ئامادە کرابن یان ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوی وڵاتدا رۆلێان هەبێت و دەسەلاتیان هاوشێوەی تالیبان و حکومەتی فەرەنساو ئیمام خومەینی رادەرست بکرێت بە تایبەت کە بایدن ئاماژەی بە خاڵێکی مەترسیدار کرد و وتی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە.