ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە بازرگانی کردن بەمرۆڤ لە عێراق

ڕاپۆرت

23/08/2021‌ 1589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عێراق: ئاستی 2
حکومەتی عێراق بەتەواوی پابەند نییە بە کەمترین ستانداردەکان بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام هەوڵی بەرچاو دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەمە. بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی کۆڤید-19 لەسەر تواناکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، حکومەتی عێراق هەوڵی زیاتری داوە بە بەراورد بە ماوەی راپۆرتدانی پێشوو؛ لەبەرئەوە عێراق هێشتا لە ئاستی (2)دا ماوەتەوە. ئەم هەوڵانە بریتی بوون لە دادگاییکردنی زیاتری بازرگانان بە مرڤ، لەناویاندا کاربەدەستی تێوەگلاو؛ بەهێزکردنی توانای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ، لەڕێگەی تەرخانکردنی دارایی و کارمەندی زیاتر؛ هەروەها زیادکردنی راهێنانەکانی هێزەکانی بەرزەفتکردنی یاسا بەمەبەستی باشترکردنی زانیاری کاربەدەستان لەسەر یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەتی عێراق بەردەوام بووە لە دەستنیشانکردن و رەوانەکردنی قوربانییەکان بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن، کە بۆ یەکەم جارە رەوانەکردن بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان ئەنجام دەدات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەی پۆلیسی تایبەتمەندی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی پێکهێناوە لە هەر یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها بەردەوامە لە رێخۆشکردن بۆ ئازادکردنی ئێزیدییە بەندکراوەکانی ژێردەستی داعش. بەڵام حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەندین بواردا کەمترین ستانداردەکانیان بەدینەهێناوە، کەموکوڕییەکان لە رێکارەکانی دەستنیشانکردن و رەوانەکردن، هاوکات لەگەڵ نەبوونی هۆشیاری لە فەرمانگەکان لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ، رێگربوون لەوەی چەندین قوربانی خزمەتگوزاری پاراستنی گونجاو وەربگرن. فەرمانگەکان چالاکانە هەوڵیان نەداوە بۆ دەستنیشانکردنی قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەناو گروپە لاوازەکان، ئەمەش بۆتە هۆی بەردەوامبوونی سزای هەندێک لە قوربانییەکان لە ئەنجامی هەندێک کردەی نایاسایی کە بازرگانەکان ناچاریان کردوون ئەنجامی بدەن، وەک پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە یاسای کۆچ یان لەشفرۆشی. هاوکات حکومەت خزمەتگوزارییە گونجاوەکانی پاراستنی نییە بۆ قوربانییەکانی هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. هەروەها لەماوەی راپۆرتداندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ دادگاییکردن یان سزادانێکی بازرگانان بە مرۆڤی بڵاونەکردۆتەوە.

ریزبەندی ئاستی عێراق بەپێی ساڵ

راسپاردە لەپێشینەکان:
دڵنیاییکردن لەوەی کە قوربانیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزا نادرێن لەسەر ئەو تاوانانەی بازرگانان بە مرۆڤ ناچاریان کردوون ئەنجامیان بدەن، وەک لەشفرۆشی و پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ. * رێگرتن لە بەکارخستن و بەکارهێنانی منداڵی سەرباز لەلایەن هەموو گروپە چەکدارەکانەوە، لەناویاندا یەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیا سەربەخۆکان، هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاری گونجاوی پاراستن بۆ منداڵانی داماڵراو لە کاری چەکداری * پەرەپێدان و هێنانەکایەی رێنماییەکانی دەستنیشانکردن و رەوانەکردنی قوربانی کارا بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن بۆ هەموو کاربەدەستە پەیوەندارەکان، هەروەها راهێنانی کارمەندان لەسەر ئەم رێکارانە. * رێگەدان بە هەموو دەسەڵاتە پەیوەندارەکان بەفەرمی دەستنیشانی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بکەن و رەوانەیان بکەن بۆ خزمەتگوزارییەکان، نەک تەنها دادوەرانی لێکۆڵینەوە و لەڕێگەی فەرمانی دادگا. * مسۆگەرکردنی رێکارەکانی دەستنیشانکردن و پاراستنی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دابین دەکرێن بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە دادگایکردنی بازرگانیکار. * زیادکردنی دەستگەیشتنی گونجاو و بێ بەربەست بە خزمەتگوزارییەکانی پاراستن، بۆ قوربانیانی هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و منداڵەکانیان، بە خزمەتگوزاریەکانی راوێژکاری کۆمەڵایەتی-دەروونی، و چاودێری تەندروستی، داڵدەدانی درێژخایەن ، هاوکاری یاسایی، خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕان، خزمەتگوزارییەکانی تێکەڵکردنەوە، راهێنانی کار و هاوکاریی دارایی. * پاراستنی قوربانییەکان لە دووبارەبوونەوەی زەبری دەروونی لەمیانەی رێکارەکانی دادگا، بۆ نموونە لەڕێگەی بەکارهێنانی رێگە و ئامرازەکانی جێگرەوە بۆ گەواهیدانی قوربانی و گەواهیدەر. هەوڵدانی بەرچاو بۆ لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن، حوکمدان و سزادانی تووندی بازرگانیکاران بە مرۆڤ، لەناویاندا بەرپرسانی تێوەگلاوی حکومەت، فەرمانبەران و پاسەوانەکانی داڵدەدانی حکومیی، تەنانەت کاتێک کە قوربانیەکان بەشدارنین لە رێککارە یاساییەکان لەدژی بارزگانیکارانیان. * هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ دڵنیاییکردن لەوەی کە بەکارهێنانی هێز، ساختەکاری یان زۆرکاریی پێویست نییە بۆ تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵ بەپێی پرۆتۆکۆلی ساڵی 2000ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ (پرۆتۆکۆلی پالێرمۆ). * تەواوکردنی رێنماییەکان بۆ توانادارکردنی جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. * دانانی چوارچێوەی یاسایی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ بەڕێوەبردنی خانەکانی داڵدەدان بۆ قوربانیان، هەروەها دابینکردنی سەرچاوەی دارایی، شوێن و کارمەندی ڕاهێنراو بۆ ئەم جۆرە رێکخراوانە.

دادگاییکردن
حکومەتی عێراق هەوڵەکانی زیادکردوە بۆ جێبەجێکردنی یاسا. حکومەت راپۆرتی داوە لەسەر زیادبوونی دادگاییکردنی بازرگانیکاران بە مرۆڤ و بەرپرسە تێوەگلاوەکان؛ بەرزکردنەوەی تواناکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ؛ هەروەها فراوانکردنی راهێنانەکانی هێزەکانی بەرزەفتکردنی یاسا، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری کاربەدەستان بەرامبەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەی تایبەتمەندی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی پێکهێناوە لە هەریەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق. یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی عێراقی لە ساڵی 2012 هەندێک لە جۆرەکانی بازگانیکردنی سێکسی و کارپێکردنی زۆرەملێ وەک تاوان دەناسێنێت. ناتەبا لەگەڵ پێناسەی بازرگانیکردن بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، لە یاساکەی عێراقدا پێویستە هێز، ساختەکاری، یان زۆرکاریی هەبێت تا بە تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵ هەژماربکرێت، لەبەرئەوە هەموو جۆرەکانی بازرگانیکردن بە منداڵ بۆ مەبەستی سێکس وەک تاوان هەژمارنەکراون.

یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزای تا 15 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی تا 10 ملیۆن دیناری عێراقی (8.790 دۆلاری ئەمریکی) داناوە بۆ تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئەگەر قوربانی نێرینەی پێگەیشتوو بوو، و سزای زیندانی هەتاهەتایی و پێبژاردنی 15 تا 25 ملیۆن دیناری عێراقی (13.180 تا 21.970 دۆلاری ئەمریکی) داناوە ئەگەر قوربانی مێینەی پێگەیشتوو یان منداڵ بوو. ئەم سزایانە وەک پێویست قورسن، سەبارەت بە بازرگانیکردنی سێکس، هاوتان لەگەڵ ئەو سزایانەی بۆ تاوانە گەورەکان دانراون، وەک تاوانی لاقەکردن. ماددەی 399 لە یاسای سزادان "لەشفرۆشی منداڵ"ی بە تاوان داناوە و سزای 10 ساڵ بەندکردنی بۆ داناوە، ئەمەش وەک پێویست قورسە، ئەگەرچی هاوتا نییە لەگەڵ سزا دانراوەکان بۆ لاقەکردن. وەزارەتی ناوخۆ رەشنووسی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی ساڵی (2012)ی لە کانونی یەکەمی 2020 پێشکەش کردوە، کە بڕگەی تێدایە بۆ پێکهێنانی دادگای تایبەتمەند بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەر یەکێک لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە، دانانی سندوقی بەرگریکردن بۆ هاوکاری قوربانیان، دانانی مەرجی رەوانەکردنی هەموو قوربانیەکان بۆ پەناگە حکومییەکان لەجیاتی بنکەکانی پۆلیس بەدرێژایی ماوەی رێکارەکانی تاوانکاری، رێگەدان بە پێدانی ڤیزەی نشینگە بە هەموو قوربانیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، قەدەغەکردنی سزادانی قوربانیان لەسەر هەر تاوانێک لە ئەنجامی بازرگانیکردن پێوەیان،

هەروەها تووندکردنی سزا یاساییەکانی تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بۆ رێخۆشکردن بۆ دەستگرتن بەسەر موڵکی گوێزراوە و نەگوێزراوەی پێشێلکاران. تاکو کۆتایی ماوەی راپۆرتدان، هێشتا هەموارکردنەکان لەپڕۆسەی پێداچوونەوەدایە لە پەرلەمان. حکومەت هێشتا کەموکوڕ بووە لە جێبەجێکردنی رێنمایی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەمەش ئاستەنگی دروستکردوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، دادگاییکردنی بازرگانان بە مرۆڤ و پاراستنی قوربانیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان چوارچێوەی یاسایی و ڕێنمایی پێویستی ئامادە نەکردوە بۆ جێبەجێکردنی یاسای ساڵی2012ی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2018 پەسەندی کردوە.
لەماوەی راپۆرتدان، یەکەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ، 394 کەسی دەستگیرکردوە و بەندکردوە لەسەر تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ یەکەکە 199 کەسی لەمانە دەستگیرکردوە لەئەنجامی 37 هەڵمەت بۆ سەر سەنتەرەکانی مەساج، کافتریا و شوێنەکانی تر کە ناسراون بە چالاکییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. لە کۆی 394 کەسەکە، کاربەدەستانی پەیوەندیدار  35 کەسیان رەوانەکردوە بۆ دادگاییکردن بەپێی یاسای ساڵی 2012 ی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها 82 کەس بێتاوانیان سەلمێنراوە و 21 کەسی تر بە کەفالەت ئازادکراون؛ تا کۆتایی ماوەی راپۆرتدان، 256 کەسەکەی تر هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. حکومەت 127 بازرگانیکار بە مرۆڤی دادگاییکردوە و حوکمداوە لە 18 دۆسیە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و حوکمەکانیان لەنێوان پێنج تا 15 ساڵ بەندکردن بووە.

بۆ یەکەم جار، حکومەت راپۆرتیداوە لەسەر جۆری تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە ئەم کەسانەی لەسەر حوکمدراوە؛ لە کۆی 127 حوکمدان، 80 کەس حوکمدراون لەسەر تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی، 28 کەس لەسەر کارپێکردنی زۆرەملێ، 9 کەس لەسەر هەردوو تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی و کارپێکردنی زۆرەملێ و 10 کەس لەسەر بازرگانیکردن بە منداڵ. لەماوەی راپۆرتدانی پێشوو، حکومەت راپۆرتیداوە لەسەر دەستگیرکردنی 504 تۆمەتباری بازرگانیکردن بە مرۆڤ، رەوانەکردنی 105 بۆ دادگاییکردن و حوکمدان و بەندکردنی 67 کەس. هاوشێوەی ماوەی راپۆرتدانی پێشوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی نەزانراو دەستگیرکردنی ئەنجامداوە، بەڵام راپۆرتی نەداوە لەسەر دادگاییکردن یان حوکمدانی هیچ بازرگانیکارێک بە مرۆڤ لەماوەی راپۆرتداندا.
هێشتا نیگەرانی بەرچاو هەبوو لەسەر تێوەگلانی بەرپرسان لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ بەڵام حکومەت راپۆرتیداوە لەسەر حوکمدانی هەشت فەرمانبەر – لەوانە شەش ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ و دوو ئەفسەری سوپای عێراق – لەسەر بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵ، هەر یەکێک لەم فەرمانبەرانە بۆ ماوەی هەشت تا دە ساڵ بەندکراون.

هەندێک لە رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتی بەردەوام دەدەن لەسەر ئەوەی بەرپرسانی حکومەت لە پۆستی هەستیاری ئەمنی، بازرگانیکاران بە مرۆڤ دەپارێزن لە لێکۆڵینەوە و دادگایکردن. هەروەها لەماوەی راپۆرتدان، رێکخراوێکی ناحکومی راپۆرتیداوە کە قوربانیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تۆمەتی توندوتیژی و خراپەکاری ئاراستەی فەرمانبەران و پاسەوانەکانی پەناگە حکومییەکان دەکەن. حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر هەوڵەکانی بۆ لێکۆڵینەوە یان رێکارەکانی دادگاییکردن لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان دەکرێن لەسەر تێوەگلانیان لە خراپ بەکارهێنان (أستغلال)ی سێکسی و بازرگانیکردن بە ژنان و کچان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان هەیە بە تۆمەتباران بە ئەندامێتی داعش. بەڵام، لەماوەی راپۆرتدان، حکومەت هەماهەنگی کردووە لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی و رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ خستنەڕووی پرسی چەوساندنەوەی سێکسی لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان.

حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی نەکردوە یان لێپرسینەوەی تاوانی نەکردوە لەسەر پابەندنەبوونی یەکە ملیشیا ناملکەجەکانی سەربە هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە لەژێر سایەی ئەنجومەنی حەشدی شەعبیدا کاردەکەن و بەشێکن لە هێزەکانی ئاسایشی عێراق، لەوانە لەسەر تاوانەکانی بەسەربازکردنی منداڵ. هاوکات، چەند حکومەتێکی بیانی کە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری بیانیان لە عێراق کاردەکەن، بەردەوام راپۆرت دەدەن لەسەر ئەوەی کە هەندێک کات بەرپرسانی عێراقی ناچاریان دەکەن بەرتیل بدەن لەگەڵ رسوماتی کۆچبەری، بۆ ئەوەی هاووڵاتیەکانیان، کە قوربانی بازرگانیکردنن بە مرۆڤ، لە بەندکردن ئازاد بکرێن و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ، بەردەوامە لە راپۆرتدان لەسەر ئەوەی کە بەرپرسیارێتییە زۆرەکانی بۆتە هۆی سنووردارکردنی تواناکانی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ هاوکات کەمی سەرچاوەکان و لاوازیی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتەکانی حکومەت، ئاستەنگن بۆ لێکۆڵینەوە لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ. هەروەها بەرپرسانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان – لەناویاندا ئەفسەرانی پۆلس و دادوەرانی لێکۆڵینەوە – هێشتا کێشەی تێگەیشتنی گشتییان هەیە لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و توانای دەستنیشانکردنی نیشاندەرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە کە هێزەکانی بەرزەفتکردنی یاسای حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتژمێری کەمتر کاردەکەن و موچەکانیان کەمکراوەتەوە، لە ئەنجامی بڕیارەکانی داخستنی حکومەت بەهۆی پەتای کۆرۆنا و بەردەوامیی قەیرانی دارایی لە هەرێم؛ هەروەها کەمیی کارمەند و سەرچاوەکان هۆکارن بۆ لاوازی توانای پۆلیس بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بازرگانیکردن. سەرەڕای قەدەغەی گشتی شەش مانگیی لە سەرانسەری وڵات بەهۆی پەتاکەوە، کە بووە هۆی داخستنی هەموو فەرمانگەکانی حکومەت، جگە لە هەندێک لە خزمەتگوزارییەکانی بەرزەفتکردنی یاسا و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، لەماوەی راپۆرتداندا، وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوی ناوە بۆ چارەسەرەکردنی هەندێک لەم کەموکوڕیانە.
حکومەت راپۆرتیداوە کە ژمارەیەکی زیاتر راهێنانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی پێشکەش کردوە بە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، باشترین پەیڕەوکردن بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەڕێگەی ڕێبازی سەرنج خستنە سەر قوربانی و ، هەروەها دەستنیشانکردن و پاراستنی قوربانی، لەڕێگەی پرۆگرامەکانی راهێنانی راهێنەران. بە گشتی، لیژنەی ناوەندیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (CCCT) 18 پرۆگرامی راهێنانی ئۆنلاینی پێشکەش کردوە بە ئەفسەرانی پۆلیس و دادوەران؛ وەزارەتی ناوخۆ 27 وۆرکشۆپی ئۆنلاینی ئەنجامداوە لەسەر باشترین پیادەکردنەکانی بواری لێکۆڵینەوە و 27 پرۆگرامی راهێنانی راهێنەرانی پێشکەش کردوە لەسەر دەستنیشانکردن و پاراستنی قوربانی، بۆ ئەفسەرانی پۆلیسی کۆمەڵگەیی، لێکۆڵەرانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کەسانی تر.

لەماوەی راپۆرتداندا، چەندین رێکخراوی ناحکومیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێبینیان کردوە کە بەرپرسانی عێراقی نمایشی تێگەیشتنی باشتریان کردوە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزراوەیی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە یەکەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی لە ئاداری 2020، لەماوەی راپۆرتداندا، حکومەت راپۆرتیداوە کە دارایی و سەرچاوەی مرۆیی زیاتری تەرخان کردوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکە؛ لەوانە پێکهێنانی یەکەی زیاتر – یەکەیەک کە بایەخ دەدات بە پێشکەشکردنی راهێنانی پیشەیی بۆ هەموو کارمەندان، لەلایەن لێکۆڵەرانی پسپۆڕ و راهێنەرانی شارەزا لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، یەکەیەکی تر بایەخ دەدات بە بەدواداچوون بۆ تاوانە شیاوەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، دیاردەیەک کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیاتر بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی نەداوە لەسەر پێشکەشکردنی راهێنانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە کارمەندانی خۆی.

بەڵام، لەماوەی راپۆرتدان، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەکانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی کارا کردوە لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەر دوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین. لەماوەی راپۆرتدان، هەندێک رێکخراوی ناحکومی راپۆرتیانداوە کە یەکەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەولێر بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە لە دەستنیشانکردن و بەدواداچوونی کەیسەکان و هەندێک جار هەماهەنگی دەکات لەگەڵ دادگاکانی هەولێر بۆ جووڵاندنی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەچوارچێوەی سیستمە یاساییەکەدا. بەڵام هەندێک رێکخراوی تری ناحکومی بەردەوامن لە راپۆرتدان، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی ژمارەی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەکەمتر مەزەندە دەکات و زۆر کارمەندی دادوەریی توانای پێویستیان نییە بۆ دەستنیشانکردن و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. هاوکات رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە، هێزەکانی بەرزەفتکردنی یاسای حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمێکی روونی نییە بۆ راپۆرتدان لەسەر تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها زۆر کاربەدەستی حکومەت کە بەرپرسن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانیکردن بە مرۆڤ راهێنانی تایبەتمەندیان پێویستە لەسەر دەستنیشانکردن و لێکۆڵینەوە لە کەیسە شیاوەکان.

پاراستن:
حکومەت بەردەوام بوو لە هەوڵە جیاجیاکانی بۆ پاراستنی قوربانییەکان. سەرەڕای داخستنی خانەکانی داڵدەدانی حکومی بۆ ماوەی شەش مانگ بەهۆی پەتای کۆرۆنا لەماوەی راپۆرتدان، حکومەت بەردەوام بوو لە دەستنیشانکردنی قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و رەوانەکردنیان بۆ خانەکانی داڵدەدان. بۆ یەکەم جار، حکومەت بەشێوەیەکی نافەرمی قوربانییەکانی رەوانەکرد بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان بەمەبەستی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن. هەروەها بۆ جاری یەکەم، کاری کرد لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ پێشکەشکردنی راهێنان بە کارمەندانی خانەکانی داڵدەدان ؛ بەڵام حکومەت بەردەوام بوو لە سزادانی قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەسەر کرداری نایاسایی کە بازرگانان بە مرۆڤ ناچاریان کردوون ئەنجامی بدەن، هەروەها رێکارە ستانداردەکانی دەستنیشانکردن و رەوانەکردنی دانەناوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی هەندێک قوربانی دەستنیشان نەکرێن و لە ئەنجامدا خزمەتگوزاری چاودێری وەرنەگرن. وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە کۆی 58 قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی دەستنیشان کردوە، کە پێنج لەمانە قوربانی مێینەی بازرگانیکردنی سێکس بوون، یەک منداڵی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و 14 قوربانی کارپێکردنی زۆرەملێ، هەروەها چوار قوربانی سواڵکردنی زۆرەملێ؛ حکومەت داتای بڵاونەکردۆتەوە لەسەر جۆری بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ 34 قوربانیەکەی تر کە دەستنیشانی کردوون.

لەماوەی راپۆرتدانی پێشوو، وەزارەتی ناوخۆ کۆی 72 قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی دەستنیشان کرد. لەو 58 قوربانیەی لەم ماوەیەی راپۆرتداندا دەستنیشانکراون، حکومەتی عێراقی 18 قوربانی مێینەی گەورەی رەوانەکردوە بۆ خانەی داڵدەدانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بەغدا، سێ قوربانی منداڵ بۆ خانەی بێسەرپەرشتان و چوار قوربانی مێینەی گەورە بۆ بنکەکانی چاودێری تەندروستی رەوانەکراون. بۆ یەکەم جارە، حکومەتی عێراقی راپۆرتیداوە کە 34 قوربانیەکەی تری رەوانەکردوە بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن؛ هەروەها چەند رێکخراوێکی ناحکومی راپۆرتیانداوە کە هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر ئەو رێکخراوانەی خانەی داڵدەدان بەڕێوەدەبەن بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە لەماوەی راپۆرتداندا. هاوکات بۆ یەکەم جار، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و رێکخراوێکی ناحکومیی بەهاوبەشیی پرۆگرامێکی راهێنانیان پێشکەش کرد بە کارمەندانی خانەکانی داڵدەدان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری بەرەو هاوکاری زیاتری حکومەت لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەتی عێراقی رێبەری دەستنیشانکردنی قوربانی نەبوو بۆ هەموو کاربەدەستان، لەناویاندا وەڵامدەرەوەی یەکەم کە لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵ قوربانیانی شاراوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەناو گروپە لاوازەکاندا، لەوانە کۆچبەری بیانی نایاسایی و ئەو کەسانەی لە بازرگانی سێکسدا کاردەکەن. هاوکات حکومەتی عێراقی رێکاری نیشتیمانی نەبوو بۆ رەوانەکردنی قوربانی و حکومەت بەردەوام بوو لە پرۆسەی رەوانەکردنی هەڕەمەکیی و بەپێی پێویست.

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی راپۆرتیانداوە لەسەر ئەوەی هەندێک لە بەرپرسانی عێراقی، لەناویاندا ئەفسەری پۆلیس لەسەر ئاستی قەزاکان، بەشێوەیەکی چالاک قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان دەستنیشان نەکردوە، لەبەرئەوەی بەرپرسەکان تێگەیشتنی گشتیان لاوازە لەم تاوانە. رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە هەندێک بەرپرسی پۆلیس چالاکانە کرێکاری بیانی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان دەستنیشانکردوە، بەڵام بەشێوەیەکی گونجاو پشکنینیان بۆ قوربانییەکان نەکردوە لەناو هاووڵاتیانی عێراقیدا، وەک ئاوارە ناوخۆییەکان یان لەکاتی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی لەشفرۆشی. دادوەرانی لێکۆڵینەوە، تەنها بەرپرس بوون کە بتوانن بەشێوەیەکی فەرمیی دەستنیشانکردن و رەوانەکردنی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ئەنجام بدەن بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن و بەپێی فەرمانی دادگا، لەوانە بۆ خانەی داڵدەدانی حکومی لە بەغداد، بەڵام لەبەرئەوەی دادوەران داوا لە قوربانی دەکەن لە دادگا و لەبەردەمی تۆمەتبار وتەی خۆیان پێشکەش بکەن، زۆر قوربانی لەترسی تۆڵەسەندنەوە ئامادەنەبوون بچنە دادگا.

بەهۆی ئەم مەرجە و لەئەنجامی ئامادەنەبوونی قوربانی شاهید، لە زۆر کەیسدا دادوەران بڕیادەدەن لەوەی کە بەڵگەی پێویست نییە بۆ ئەوەی بەفەرمی کەسێک بە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ پۆڵێن بکرێت، لەئەنجامدا قوربانییەکان بێبەش دەکرێن لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پاراستن. هاوکات حکومەتی عێراق، دادوەر و دادگای پسپۆڕی نییە کە راهێنانیان وەرگرتبێت یان تەرخان بن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردوام بوون لە راپۆرتدان لەسەر ئەوەی کە نەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوەی پسپۆڕ رێگرە لە دەستنیشانکردنی فەرمیی قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها لەوانەیە هەندێک قوربانی دەستنیشان نەکرابن و نەتوانن خزمەتگوزارییەکانی پاراستن وەربگرن. رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە لەسەر ئەوەی دەسەڵاتداران زۆرجار قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان لە بەندینخانەکان ڕاگرتووە، لەکاتێکدا کە دادوەری لێکۆڵینەوە بارەکە یەکلایی دەکاتەوە وەک قوربانی؛ بەهۆی قەدەغەکردنەکانی پەیوەست بە پەتای کۆرۆنا و داخستنی فەرمانگەکانی حکومەت، دەسەڵاتداران قوربانیانیان بۆ ماوەی زۆر درێژ هێشتەوە، بەبێ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزارییەکانی پاراستن وەربگرن.

هەندێک بەرپرس بەردەوامبوون لە بەتاوانبارکردن و سزادانی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. دەسەڵاتداران هەستاون بە دەستگیرکردن، بەندکردن، سنورداش کردن و پێبژاردنی دارایی قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەسەر کرداری نایاسایی کە بازرگانان بە مرۆڤ ناچاریان کردوون ئەنجامی بدەن، وەک لەشفرۆشی و پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ و بەسەربازکردنی منداڵ. کرێکارانی کۆچبەری بیانی، لەناویاندا کرێکاری بیانی قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لە پرۆسەی دادوەری تاواندا رووبەڕووی جیاکاری بەردەوام و دووبارە بەقوربانیکردنەوە و تۆڵەسەندنەوە لەلایەن بازرگانان بە مرۆڤ بوونەتەوە. هەندیک کات پۆلیس بەشێوەیەکی نەشیاو قوربانی بیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤیان دەستگیرکردوە، لەجیاتی دەستگیرکردنی پێشێلکاران، پاش ئەوەی خاوەنکار یان کۆمپانیای بەکارخستن تۆمەتی ناڕەوای دزیکردنیان داوەتە پاڵ قوربانی، وەک تۆڵەسەندنەوە لە راپۆرتدانی قوربانی لەسەر پێشێلکارییەکان بە پۆلیس. ئەگەرچی خاوەنکارەکان بەرپرسیارێتی یاساییان هەیە بۆ پارەدانی کرێی رسومی نشینگە یان پێبژاردن بەپێی سیستمی پاڵپشتیکردن (سپۆنسەر)ی عێراقی، لە کرداردا، دەسەڵاتەکان سزای کرێکاران دەدەن، لەناویاندا قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی دەستنیشانکراو و دەستنیشاننەکراو، لەسەر پارەنەدان؛ هەروەها رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە هەندێک کات بەرپرسان لە پێبژاردنی نشینگە خۆشبوون، بەڵام پێدەچێت پرۆسەی بڕیاردان بە یاسا رێکنەخرابێت و زیاتر تاکەکەسیی بێت.

وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، لە ئاداری 2020، ئەنجومەنی باڵای دادوەری راوێژیدا بە دادوەرەکانی خۆی، بڕیاری لێخۆشبوون بدەن بۆ هەموو پێبژاردنەکانی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەسەر پێشێلکردنی یاساکانی نشینگەی عێراقی. پێدەچێت لە ئەنجامی ئەم بڕیارە، وەک رێکخراوێکی ناحکومی راپۆرتیداوە، کەمبوونەوەیەکی بەرچاو بەدیکراوە لە ژمارەی بەندکردنی کرێکاری بیانی دووچاربوو لەسەر پارەنەدانی پێبژاردنی نشینگە؛ لە ساڵی 2020، دەسەڵاتداران 35 کرێکاری بیانی دووچاربوویان دەستگیرکردوە لەسەر پارەنەدانی پێبژاردن، بە بەراورد بە 300 کرێکاری بیانی بەندکراو لە ساڵی 2019. رێکخراوێکی تری ناحکومی راپۆرتیداوە کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی لێخۆشبوون لە پێبژاردنیان باشترکردوە بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە بەبێ بەڵگەنامەی یاسایی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن؛ بەڵام لەبەرئەوەی ئەم پرۆسەیە نافەرمییە، لەوانەیە هەندێک قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سوودمەند نەبووبن لەم گۆڕانکارییە.

رێکخراوە ناحکومییەکان بەردەوام بوون لە راپۆرتدان لەسەر ئەوەی حکومەتی عێراقی پێزانینی زیاتری هەیە، کە ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن لەسەر تاوانی لەشفرۆشی لەوانەیە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بن و پێویستە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت؛ بەڵام سەرەڕای ئەم بەرەوپێشچوونانە، رێکخراوە ناحکومییەکانی تر راپۆرتیانداوە لەسەر ئەوەی دەسەڵاتەکان بەردەوامن لە دادگاییکردنی قوربانیانی بازرگانیکردنی سێکسی لەسەر تاوانەکانی لەشفرۆشی. لەماوەی راپۆرتداندا، رێکخراوێکی ناحکومی راپۆرتیداوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 33 کەسی لەسەر لەشفرۆشی دەستگیرکردوە، بەڵام پشکنینی نەکردوە بۆ ئاماژەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەبەرئەوە سزای قوربانیانی بازرگانیکردنی سیکس دراوە.

هاوکات دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە بەندکردن و دادگاییکردنی منداڵان بەشێوەیەکی نەگونجاو و بەبێ نوێنەرایەتی یاسایی، بەهۆی تۆمەتی پەیوەندییان بە داعش – هەندێک لەمانە قوربانی بەکارخستن و بەکارهێنانی زۆرەملێ بوون – هەروەها رێکاری لێکۆڵینەوەی توندوتیژ و ئەشکەنجەیان بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی منداڵان؛ حکومەتی عێراق راپۆرتی نەداوە لەسەر پشکنینی ئەم منداڵانە بۆ ئەگەری قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ یان رەوانەکردنیان بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستن. بەڵام لە کانونی یەکەمی 2020، رێکخراوێکی ناحکومی راپۆرتیداوە کە لیژنەیەکی دادوەریی تایبەتی عێراق کە بەرپرس بوو لە بڕیاردان لە کەیسی منداڵانی تۆمەتبار بە پەیوەندی لەگەڵ داعش، پابەندبووە بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ؛ لەماوەی راپۆرتدان، لیژنەکە پێداچوونەوەی کرد بۆ هەموو کەیسەکان و بڕیاری ئازادکردنی 75 منداڵی تۆمەتباری دەرکرد، بەهۆی نەبوونی بەڵگە و رێگرتن لە دووجار سزادان لەسەر هەمان تاوان، هەروەها بەهۆی یاسای لێبوردنی گشتی عێراق.

حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی سنووردار خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی دابین کردوە بۆ قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و خانەی داڵدەدانی تایبەتی نییە بۆ قوربانییانی نێرینەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. بەپێی یاسا، حکومەتی عێراق تەنها دەسەڵاتی رێگەپێدراوە بۆ دابینکردنی خانەی داڵدەدان بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن، بەڵام لەماوەی راپۆرتدان، رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر هاوکاریی زیاتر لەگەڵ حکومەتی عێراق و بۆ یەکەم جار رەوانەکردنیان پێگەیشتووە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی یارمەتی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بدەن. لە ساڵی 2020، حکومەتی عێراق تەرخانکردنی دارایی دابینکردوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەمەبەستی داراییکردنی خانەی داڵدەدانی حکومیی؛ بەڵام هێشتا بەشێکی پشت دەبەستێت بە بەخشینی کۆمەڵی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. پێشتر، حکومەتی عێراق لە بودجەی خۆیدا تەرخانکردنی دارایی دیاریکراوی نەبوو بۆ خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی قوربانیان. وەزارەتی کار و کاوروباری کۆمەڵایەتی بەردەوامبوو لە بەڕێوەبردنی خانەی داڵدەدانی حکومیی لە بەغداد بۆ قوربانیانی مێینەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ لەماوەی راپۆرتداندا، 18 قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە زۆربەیان قوربانی بازرگانیکردنی سێکس بوون، سوودمەندبوون لە پەناگەکە، ئەمەش بەرزبوونەوەی ژمارەکەیە بە بەراورد بە حەوت قوربانی هاوکاریکراو لە پەناگەکە لە ماوەی راپۆرتدانی پێشتر.

لە پەناگەکە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی – بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی – خزمەتگوزارییەکانی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی-دەروونیی و زەبری دەروونی و تێکەڵکردنەوە و چاودێری تەندروستیان دابین کردوە بۆ قوربانیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. وەزارەتی تەندروستی راپۆرتیداوە کە دوو پزیشکی تەرخانکردنەوە بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە پەناگەکە. رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان راپۆرتیانداوە کە خزمەتگوزارییەکان بەگشتی پێداویستیە بنەڕەتییە جەستەییەکانی قوربانیەکانیان دابین کردوە، بەڵام نەبوونی سەرچاوە و کارمەند و راهێنانی بەڕێوەبردنی کەیس، بۆتە هۆی سنووردارکردنی توانای کارمەندانی پەناگە بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی و راهێنانی پیشەیی بە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. بەڵام لەماوەی ساڵی راپۆرتدان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتیداوە کە سیستمێکی جیاوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئامادەکردوە لەگەڵ پشکنین و چارەسەری قەرەوێڵەیی دەروونیی بۆ پۆلینە جیاوازەکانی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ هاوکات راپۆرتیداوە کە لە ساڵی 2020 پەناگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستیکردوە بە پێشکەشکردنی راهێنانی پیشەیی بە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

لە زۆربەی دۆسیەکاندا، بەرپرسان رێگەیان نەداوە بە هاتن و چوونی ئازادانەی قوربانیانی مێینە لە پەناگەکە، لەبەرئەوەی لەلایەن دادگا و بە فەرمانی دادگا هاتبوونە پەناگەکە، هەروەها بەرپرسان توانای پەیوەندیکردنی قوربانیانیان سنووردار کردبوو لەگەڵ هەر کەسێک لە دەرەوەی پەناگە. رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە قوربانیانی بیانی بەئاسانی ناتوانن دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییەکانی دەرەوەی پەناگە، لەکاتێکدا کە چاوەڕوانی گەڕاندنەوەن بۆ وڵاتی خۆیان؛ لەجیاتی ئەوە قوربانیانی بیانی زۆرجار پشت دەبەستن بە باڵیۆزخانەکانی وڵاتەکانی خۆیان بۆ پاڵپشتی.

لەماوەی ساڵەکەدا، باڵیۆزخانەکانی فلیپین، بەنگلادیش و ئەندەنووسیا راپۆرتیانداوە کە پەناگەیان دابین کردوە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان، لەکاتێکدا کە چاوەڕوانی گەڕاندنەوەن بۆ وڵاتی خۆیان. بەپێچەوانەوە، لیژنەی ناوەندیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (CCCT)، راپۆرتیداوە کە پاڵپشتی دابینکردوە بۆ هەموو قوربانیانی بیانی ناسراو، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە خزمەگوزاری هاوشێوەی جەستەیی و دەروونیی و پاڵپشتی یاسایی پێشکەش کردوە بە هاووڵاتیانی عێراقی و بیانیی کە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بوون.

لەماوەی راپۆرتداندا، رێکخراوێکی ناحکومی راپۆرتیداوە لەسەر تۆمەتبارکردنی کارمەندان و پاسەوانەکانی خانەکانی داڵدەدانی حکومی عێراق بە پێشێلکاری بەرامبەر قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، لەماوەی ساڵەکەدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتیداوە کە سیستمی چاودێری داناوە بۆ رێگرتن لە هەر پێشێلکارییەک لەلایەن کارمەندانی خانەکانی داڵدەدان بەرامبەر قوربانییەکان، سەرەڕای ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی کاتێک قوربانییەکان دەبرێن بۆ پەناگە یان لەکاتی دەرچوون لە پەناگە، بۆ پشکنین و دۆکیومێنتکردنی هەر پێشێلکارییەک لەدژی دانیشتوانی پەناگە. حکومەتی عێراق چاودێری تایبەتمەندی دابین نەکردوە بۆ قوربانیانی لاقەکردن، لەناویاندا قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە هاوکات قوربانی لاقەکردنیشن، بەهۆی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان، قوربانیانی لاقەکردن هەندێک جار هاندەدرێن لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق یان هەندێک جار لەلایەن خێزانەکانیانەوە ناچاردەکرێن هاوسەرگیری لەگەڵ لاقەکار بکەن.

لەماوەی ساڵەکەدا، حکومەتی عێراق راپۆرتی نەداوە لەسەر دابینکردنی دارایی یان هاوکاریی جۆریی بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان کە چاودێری قوربانی پێشکەش دەکەن؛ بەڵام جیاواز لەماوەی راپۆرتدانی پێشوو، رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە هەڵوێستی حکومەت بەرامبەر ئەو رێکخراوانەی خانەی داڵدەدانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەڕێوەدەبەن، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچووە لەماوەی ساڵەکەدا. لەماوەی راپۆرتدانی پێشوو، بەرپرسانی سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سکاڵایان لەدژی رێکخراوێکی ناحکومی تۆمارکرد کە هاوکاری پێشکەش دەکرد بە قوربانیانی مێینەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، وەک هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوە ناحکومییەکە.

بەڵام رێکخراوە ناحکومییەکە داوای تێهەڵچوونەوەی کەیسەکەی بردەوە لە شوباتی 2021.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە بەڕێوەبردنی چوار خانەی داڵدەدانی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی عێراق؛ خانەکانی داڵدەدان دەتوانن خزمەتگوزارییەکان دابین بکەن بۆ قوربانیانی مێینەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام بەدەگمەن ئەو کارەیان کردوە لەماوەی راپۆرتداندا. پێویستە قوربانیان فەرمانی دادگایان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن پەناگەکە بەجێبهێڵن، ئەمەش بۆتە هۆی سنووردارکردنی جووڵەیان، هەروەها شوێن لە پەناگەکان سنووردارە. حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی نەداوە لەسەر ژمارەی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە خزمەتگوزارییەکانی ئەم پەناگانەیان پێدراوە لەماوەی راپۆرتداندا. لەماوەی راپۆرتدانی پێشوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمیی بەخشی بە رێکخراوێکی ناحکومیی لە هەولێر بۆ بەڕێوەبردنی یەکەم پەناگەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کە لە یەک کاتدا توانای لەخۆگرتنی 38 قوربانی هەیە.

رێکخراوێکی ناوخۆیی راپۆرتیداوە کە پەناگەکە هەمیشە پڕە و لەماوەی راپۆرتداندا، 43 قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ خزمەتگوزارییەکانی داڵدەدانیان وەرگرت. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە رێخۆشکردن بۆ ئازادکردنی بەندکراوانی ئێزیدی ژێردەستی داعش، کە پێدەچێت زۆربەیان قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بن، هەروەها راپۆرتیداوە کە هەماهەنگی کردوە لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان و پاراستن بۆ ئەم قوربانیانە. حکومەتی عێراق راپۆرتی نەداوە لەسەر هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی پاراستن بۆ منداڵانی سەربازی پێشووی داعش، حەشدی شەعبی یان گروپە چەکدارەکانی تر، لەئەنجامدا نەیتوانیوە رێگری بکات لە دووبارە بەقوربانیکردنەوە یان بەسەربازکردنەوەی ئەم منداڵانە.

نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاراستنی گونجاویان دابین نەکردوە بۆ قوربانیان یان شاهیدەکان، بۆ هاندانیان بۆ هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوەکان و دادگایکردنی بازرگانان بە مرۆڤ. بەڵام وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە 27 قوربانی دەستنیشانکراو خۆبەخشانە هاوکاری هێزەکانی بەرزەفتکردنی یاسایان کردوە لەمیانەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی بازرگانان بە مرۆڤ. حکومەتی عێراق رێگەی نەداوە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کاربکەن، ئازادانە گەشت بکەن یان وڵات بەجێبهێڵێن لەکاتی داداگاییکردن. وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە کە هەر قوربانیەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤی عێراقی یان بیانی، دەتوانێت داوای یاسایی مەدەنیی تۆماربکات لەدژی بازرگان بە مرۆڤ، بەڵام رێکخراوێکی ناحکومی راپۆرتیداوە کە لە ساڵی 2020 هیچ قوربانیەک داوای لەم جۆرەی تۆمارنەکردوە، پێدەچێت بەهۆی لاوازیی تەکنیکەکانی لێکۆڵینەوەی دەسەڵاتەکان بێت لە کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەهۆی نەبوونی پاراستنی گشتی دابینکراو بۆ قوربانی لەکاتی دادگاییکردن.

دادگاکان نهێنی یان شوناسی قوربانییەکانیان نەپاراستوە لەکاتی پێشکەشکردنی وتەکانیان لەدژی بازرگانان بە مرۆڤ؛ لەماوەی راپۆرتداندا، رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە دادگاکان داوا لە قوربانیان دەکەن لەبەردەمی بازرگانان بە مرۆڤ وتەکانیان پێشکەش بکەن، هەروەها – هەندێک کات – لەبەردەمی ئامادەبووانی تری دادگا کە چاوەڕوانن کەیسەکانیان ببیسترێت. هاوکات دادگا عێراقییەکان خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانیان دابین نەکردوە بۆ قوربانیانی بیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەمەش بۆتە هۆی دواخستنی کەیسەکان بۆ چەندین مانگ؛ لە هەندێک کەیسدا، وەرگێڕی نەشیاوی بەکارهێناوە، کە زیانی گەیاندوە بە دروستیی وتەی قوربانیان. دادگاکانی کار لە هەرێمی کوردستانی عێراق خزمەتگوزارییەکانی وەرگێڕانیان دابین نەکردوە بۆ کرێکارانی بیانی، لەناویاندا کرێکاری قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ قوربانییەکان بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر خاوەنکارە پێشێلکارەکانیان تۆمەتبار بکەن. ئەگەرچی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی عێراق، رێگەدەدات بە حکومەت مۆڵەتی نشینگەی تایبەت بدات بە قوربانیانی بیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر پێشکەشکردنی ئەم هاوکارییە بەهەر قوربانیەکی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەماوەی راپۆرتداندا.

هاوشێوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی نشینگەی تایبەتی نەداوە بە قوربانیان لەماوەی راپۆرتداندا، بەڵام راپۆرتدراوە کە بەردەوامە لە پەناگرتن لە ناردنەوەی قوربانیان بۆ وڵاتانی خۆیان. حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری راگرتنی ناردنەوەیان پێشکەش کردوە بە قوربانیانی بیانی یان جێگرەوەی یاساییان پێشکەش کردوون لەجیاتی ناردنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان، کە ئەگەر هەیە رووبەڕووی سەختیی و تۆڵەسەندنەوەی بکردنایە. حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیانداوە لەسەر هاوکاری کردن لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ ناردنەوەی ژمارەیەکی نەزانراو لە قوربانیانی بیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ماوەی راپۆرتداندا.

بەرپێگرتن
حکومەت هەوڵەکانی زیادکردوە بۆ بەرگرتن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ. ناسەقامگیری سیاسیی، لەگەڵ نارەزاییە جەماوەرییەکان، کورتهێنانی بودجە، کەمی ژمارەی کارمەند، داکشانی ئابوریی و قەدەغەکردن و داخستنە پەیوەستەکان بە پەتای کۆرۆنا بۆ ماوەی شەش مانگی ماوەی راپۆرتدان، بوونە هۆی سنووردارکردنی توانای حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگی کردنی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و تەرخانکردنی سەرچاوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. سەرەڕای ئەمانە، لیژنەی ناوەندیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (CCCT) بەردەوام بوو لە کۆبوونەوەی مانگانە لەماوەی راپۆرتداندا. لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی حکومەتی هەرێمی کوردستان – کە لە ساڵی 2016 دامەزراوە – بە سەرۆکایەتی وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەرایەتی 17 وەزارەتی حکومەت، هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەدا لەماوەی راپۆرتداندا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە. حکومەتی عێراق پلانێکی کاری نیشتیمانی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام دەڵێت پەتای کۆرۆنا بۆتە هۆی هێواشکردنەوەی جێبەجێکردنی پلانەکە. حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی پلانی کارەکە بەگشتی، بەڵام راپۆرتیداوە کە لەماوەی ساڵەکەدا ژمارەی کارمەندان و تەرخانکردنی دارایی زیادکردوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ، کە هەندێک لە بەشەکانی پلانەکە جێبەجێ دەکات.

هاوکات حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 هەماهەنگیەکانیان فراوانتر کرد؛ لیژنەی ناوەندیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ راپۆرتیداوە لەسەر زیادبوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەک بۆ سێ و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مانگانە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەمەبەستی زیادکردنی هەوڵەکانی بەرزەفتکردنی یاسا.

لەماوەی راپۆرتدان، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی نیشتیمانیان ئەنجامدا، کە پێکهاتبوو لە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە کەناڵەکانی راگەیاندنی نیشتیمانیی و رادیۆ حکومییەکان، بەمەبەستی خستنەڕووی ئاماژەکانی هۆشداری لەسەر ئەم تاوانە؛ ریکلامی کرد بۆ هێڵی گەرمی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و پۆستەری زانیاری بڵاوکردەوە لە نەخۆشخانەکان، مارکێتەکان، خاڵە سنوورییەکان و خاڵەکانی پشکنین، فڕۆکەخانەکان، بنکەکانی پۆلیس و وێستگەکانی گواستنەوە؛ هەروەها وانە پێشکەشکرا بە قوتابیانی نوێی زانکۆ لەسەرانسەری وڵات دەربارەی نیشاندەرەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

هاوشێوەی ماوەی راپۆرتدانی پێشوو، وەزارەتی گواستنەوە راپۆرتیداوە کە بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی پاس و هێڵەکانی فڕۆکەوانی، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئاستی هۆشیاری بەرزکردۆتەوە لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان لەماوەی راپۆرتدان. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە لەسەر هاوبەشیکردن لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی هۆشیاری لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە فەرمانگە حکومییەکان، فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان و خاڵەکانی پشکنین بۆ زیاتر لە 200.000 کەس لەنێوان مانگی مایسی 2020 تا کانونی دووەمی 2021. وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام بوو لە بەکارخستنی هێڵی گەرمی 24 کاتژمێریی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هێڵە گەرمەکە 169 پەیوەندی وەرگرتووە کە بۆتە هۆی دروستکردنی 35 کەیسی تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، 17 دەستگیرکردن و 10 دادگاییکردن لەماوەی ساڵەکەدا.

لەماوەی راپۆرتدانی پێشوو، هێڵە گەرمەکە 26 پەیوەندی وەرگرتووە لەسەر تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام حکومەت راپۆرتی نەداوە لەسەر هیچ کەیسێکی دەستگیرکردن یان دادگاییکردن. لە ساڵی 2020، وەزارەتی ناوخۆ ئیمەیڵێکی گشتی بڵاوکردەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەتی هەرێمی کوردستان هێڵی گەرمی خۆی هەیە کە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەوڵی وەرگرتنی یارمەتی دەدەن و راپۆرت دەدەن لەسەر پێشێلکارییەکانی یاسای کار، بەڵام حکومەتی هەرێم راپۆرتی نەداوە لەسەر ژمارەی کەیسە شیاوەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە لەڕێگەی هێڵە گەرمەکەوە وەریگرتوە لەماوەی راپۆرتداندا.

حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە هاوکاری نێوانیان لە بواری سیستمی ڤیزەی ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین) و بەدواداچوونی کرێکارانی بیانی و کۆمپانیاکانی سپۆنسەریان، بەمەبەستی رێگرتن لە پێشێلکاری یاسای کار لەلایەن خاوەنکارەکانەوە؛ حکومەت راپۆرتیداوە کە سیستمەکە دەتوانێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رێگری بکات لەهەر تاکەکەس یان کۆمپانیایەک کە سپۆنسەری زیاتر لە 50 کرێکاری بیانی بکات. بەڵام، حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە لەسەر ئاستەنگەکانی بەدواداچوونی کرێکارە بیانییەکان کە لەلایەن خاوەنکارەکان و کۆمپانیاکانەوە بەکارخراون و تۆمارکردنی ساختە یان ساختەکراو بەکاردەهێنن و ئەوانەی تر کە وەک ئاژانسی بەکارخستن کاردەکەن و پاڵپشتی ڤیزەی کرێکاری بیانی دەکەن پێش بەکارخستنیان لای لایەنی سێیەم بۆ مەبەستی قازانج بۆ کۆمپانیاکانیان. حکومەت راپۆرتیداوە کە دامەزراندن و بەکارخستنی کرێکاری بیانی رێکخستوە لەڕێگەی فەرمانگەی نشینگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کە لەوێ ئاژانسەکانی بەکارخستن مۆڵەتی حکومییان پێدەدرێت بۆ بەکارخستنی کرێکارانی پاڵپشتیکراو.

بەپێی سیستمی پاڵپشتیی، کرێکار ناتوانێت کارەکەی بگۆڕێت تا دوو ساڵ تەواو نەکات لە کارکردنی بە پاڵپشتیی، بێجگە لەو کرێکارانەی سکاڵای مامەڵەی خراپ یان پێشێلکاریان هەیە لەسەر خاوەنکار. بەڵام وەک رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان راپۆرتیانداوە، تەنانەت ئەگەر کرێکارەکان سکاڵای رەوایان هەبێت لەسەر خاوەنکار، دەگوێزرێنەوە بۆ کاری نوێ و دەسەڵاتداران بەدەگمەن لێپرسینەوە لە خاوەنکاری پێشێلکار دەکەن. رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە، ئاژانسەکانی بەکارخستن کە لەلایەن حکومەتەوە خراونەتە لیستی رەشەوە، زۆرجار ناوەکانیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە کارکردن، هەروەها لەو کەیسانەدا کە خاوەنکار لەسەر پێشێکاری سزادراوە، بەشێوەیەکی بەربڵاو تەنها یەک پێشێلکار سزادراوە، نەک کۆی کۆمپانیاکە یان ئاژانسی بەکارخستن. بەڵام وەک هەولێک بۆ باشترکردنی دەستنیشانکردنی کەیسە شیاوەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە رووداوەکانی پێشێلکردنی یاسای کار، لە کانوونی دووەمی 2021، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، کۆمەڵێک دادوەری خاوەن زانیاری و ئەزموونی زیاتری لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دانا بۆ دادگاکانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی کار.

حکومەتی عێراق راهێنانی بازرگانیکردن بە مرۆڤی پێشکەش نەکرد بە کارمەندە دیپلۆماسییەکانی خۆی. حکومەت راپۆرتیداوە کە هەوڵیداوە بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر کردارەکانی بازرگانی سێکس لەڕێگەی زیادکردنی چاودێری لەسەر یانە کۆمەڵایەتییەکان، هۆتێلەکان، مەساجەکان و نووسینگەکانی هاوسەرگیری؛ وەزارەتی ناوخۆ راپۆرتیداوە لەسەر پێشکەشکردنی راهێنانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە پۆلیس کە بەرپرسن لە پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکان. حکومەت هەوڵی نەداوە بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر گەشتوگوزاری سێکسی منداڵ. لەماوەی راپۆرتدانی پێشوو، ئەنجومەنی باڵای دادوەری فەرمانیدا بە دادگاکان یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەکاربهێنن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەریتەکانی هاوسەرگیری بەزۆر، لەوانە خوێنبایی (فصلیة) و بەستنەوە (نهوة) – نەریتێک کە خێزان ئافرەت ناچاردەکات هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزایەکی باوکی بکات – ئەمەش ژنان و کچانی خستۆتە بەردەم مەترسیی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. حکومەت راپۆرتیداوە لەسەر دەستگیرکردنی سێ کەس لە حوزەیرانی 2020 لەسەر بەستنەوە (نهوة) و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگاییکردن، حکومەت راپۆرتیداوە، تاکو شوباتی 2021، دادگاکان 59 کەیسی بەستنەوەیان دادگاییکردوە لە ساڵی 2020.

لەماوەی راپۆرتدان، حکومەتی عێراق بڕیارەکەی راگەیاند بۆ دەستکردن بە داخستنی هەموو کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان لەسەرانسەری وڵات. رێکخراوە ناحکومییەکان و راگەیاندنەکان راپۆرتیانداوە، کە بەرپرسانی حکومەت بە هەزاران کەسی مەدەنیی، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵ بوون، ناچارکرد بۆ دەرچوون لە کەمپەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی گونجاو. رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانییان دەربڕیوە لەسەر ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی کەمپەکان هیچ شوێنێکیان نەبووە بۆی بگەڕێنەوە، چونکە خانووەکانیان وێرانبووە لەکاتی پێکدادان لەگەڵ داعش، یان ترسی تۆڵەسەندوە و توندوتیژیان هەبووە ئەگەر بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بەهۆی تۆمەتی پەیوەندیی راستەقینە یان وێناکراو لەگەڵ داعش. هاوکات، رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە دانیشتوانی تری کەمپەکان رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە لە بەدەستهێنانی بەڵگەنامە مەدەنییەکان و رێپێدانی ئەمنی بۆ گەشتکردن بۆ ناوچەکانی تری وڵات، ئەمەش بۆتە هۆی دووبارە ئاوارەبوونەوە و زیادکردنی مەترسیی خراپ بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەناو گروپە لاوازەکانی دانیشتواندا. رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە دەیان هەزار منداڵی ئاوارە ناوخۆییەکان بەڵگەنامەی مەدەنییان نییە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش لەدایکبوون یان بەفەرمی خەڵکی ئەو ناوچانەن، هەروەها ناتوانن دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و تۆمارکردن لە قوتابخانە.

یاسای عێراقی قەدەغەی کردوە کە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ خۆبەخشانە بەکاربخرێن لەهەر هێزێکی چەکداری حکومیی، لەناویاندا هێزە نیمچە-سەربازییەکان، گروپە میلیشیاکان و گروپە چەکدارەکانی تر. هیچ راپۆرتیک نەبوو لەسەر بەکارهێنانی منداڵی سەرباز لەناو سوپای عێراق، هەروەها حکومەت راپۆرتیداوە کە راهێنانی پێشکەش کردوە بە ئەفسەرانی سوپا لەسەر پرسەکانی منداڵی سەرباز. بەڵام حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی تەواوی پیادەنەکردوە لەسەر هەندێک یەکەی دیاریکراوی هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە هەندێک کات ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە بەشێوەی سەربەخۆ و بەبێ فەرمانی سەرکردە سیاسییەکان و فەرماندە سەربازییەکان. لیژنەی باڵای وەزاریی حکومەتی عێراق بۆ چاودێریکردن، هەڵسەنگاندن و راپۆرتدان لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی منداڵ لە ناوچەکانی پێکدادان لە عێراق، لەماوەی راپۆرتداندا، بەردەوام بوو لە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، بەڵام راپۆرتی نەداوە لەسەر کارەکانی لیژنەکە لەماوەی راپۆرتداندا. هاوکات حکومەت بەردەوام بووە لە گفتوگۆکردن لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی پلانی کار لەگەڵ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی ئەنجومەنی حەشدی شەعبی (PMC) مامەڵەبکات لەگەڵ پرسی بەکارخستن و بەکارهێنانی منداڵ لە پێکدادانی چەکداریدا.

پرۆفایلی بازرگانیکردن بە مرۆڤ
وەک راپۆرتدراوە لەماوەی پێنج ساڵی رابوردودا، بازرگانان بە مرۆڤ ئستیغلالی قوربانیانی ناوخۆیی و بیانی دەکەن لە عێراق، هەروەها بازرگانان ئیستیغلالی قوربانی عێراقییان کردوە لە دەرەوەی وڵات. پێکدادانی توندوتیژ لەگەڵ داعش دانیشتوانی لاوازتر کرد بەرامبەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەتایبەتی ئافرەتان و منداڵان، ئەگەرچی سەرکەوتنی مەیدانیی حکومەت بەسەر ئەم گروپە تیرۆریستیەدا، کە لە 9 کانونی یەکەمی 2017 راگەیەندرا، بووە هۆی باشتربوونی دۆخی خەڵکی مەدەنی عێراق. بەڵام هێشتا لە چەندین ناوچە نائارامیی هەیە، لەناویاندا ئەو ناوچانەی لە دەسەڵاتی داعش ئازادکران. لە کانونی دووەمی 2014ەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن عێراقی ئاوارەبوون، نزیکەی 1.2 ملیۆن هێشتا ئاوارەن تا کۆتایی 2020 ، کە نزیکەی 80 لەسەت بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە ئاوارەن، ئەمەش دەیانخاتە بەردەم مەترسی زیاتری خراپ بەکارهێنان.

زۆربە ئەوانەی ئاوارەن ئافرەتی سەرۆک خێزانن و بێبەرگەن بەرامبەر خراپ بەکارهێنان و توندوتیژی سێکسیی، بەهۆی تۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ داعش. هاوکات زیاتر لە 245.000 پەنابەری سوریی هێشتا لە عێراق پەنابەرن، کە زۆرینەی هەرە زۆریان لە هەرێمی کوردستانی عێراقن. لەگەڵ تێکشکانی خەلافەتی داعش، رووداوە راپۆرت لەسەردراوەکانی ئەو جۆرە پێشێلکاریانە نەماون. لەنێوان ساڵانی 2014 و 2018، چەکدارانی داعش هەزاران ئافرەت و منداڵیان رفاندوە و دەستبەسەریان کردوون کە سەربە گروپە ئیتنی و ئاینییە جیاجیاکانن، بەتایبەتی ئێزیدییەکان، و فرۆشتنیان بە چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا، کە چەکدارانی داعش ئەم کچ و ژنانەیان رووبەڕووی هاوسەرگیری بەزۆر، کۆیلایەتی سێکسی، لاقەکردن و خزمەتکاری ناوماڵ دەکردەوە. داعش سیستمێکی رێکخراوی هەبوو بۆ کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچان بۆ کۆیلایەتی سێکسی، لەگەڵ فرۆشتن بەپێی گرێبەستی پشتڕاستکراوە لەلایەن دادگاکانی داعشەوە.

راگەیاندنەکان راپۆرتیانداوە کە لە چەند ساڵی رابوردودا داعش چەند دیلێکی فرۆشتوە بە کەسانی دەوڵەمەندی وڵاتانی کەنداو، هەروەها راپۆرتەکان دەڵێن کە هەندێک لە دیلە ئێزیدییەکان گواستراونەتەوە بۆ سوریا و تورکیا و سعودیە. هەندێک رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق راپۆرتیانداوە لە ساڵی 2018 ئەندامان و هەوادارانی داعش منداڵە ئێزیدییەکانیان رفاندوە بۆ مەبەستی ئیستیغلال کردنیان لە تورکیا. بەپێی راپۆرتەکان داعش 120 منداڵی تورکمانی رفاندوە لە ساڵی 2014؛ بەپێی راپۆرتەکان ئەم منداڵانە چەندین جار فرۆشراون بۆ مەبەستی خراپ بەکارهێنانی سێکسی، تەنها 20 لەو منداڵە رفێنراوانە لە کۆتایی 2018 رزگارکران.

لەنێوان 2015-2019، هەزاران ئافرەت و منداڵ لە دیلیی داعش هەڵهاتن – زۆربەیان دووگیان بوون لەئەنجامی لاقەکردن، هاوسەرگیری بەزۆر و بازرگانیکردنی سێکس؛ ئەم ژن و کچانە، لەناویاندا ئاوارە ناوخۆییەکانی سەر بە هەمان گروپی دانیشتوان، هێشتا زۆر بەرامبەر چەندین جۆری خراپ بەکارهێنان، لەوانە دووبارە بازرگانیکردنەوە. بەپێی راپۆرتەکان هەندێک ژن و کچی ئێزیدی لە کەمپەکانی ئاوارە عێراقییەکان یان لە کەمپی ئەلهۆل لە سوریا دەژین لەگەڵ ئەو خێزانە سوننیانەی کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعشدا خراپەکارییان بەرامبەر کردوون. تا شوباتی 2021، حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە لەسەر 2.872 پیاو و ئافرەت و منداڵی ئێزیدی کە هێشتا بێسەروشوێنن. هەندێک راپۆرت ئاماژە بەوە دەدەن ئافرەت و کچە بێسەروشوێنەکان هێشتا لای داعشن لە رۆژهەڵاتی سوریا و لە تورکیا یان لەوانەیە لە شوێنی تری ناوچەکە وەکو ئەوروپا یان ئاسیا بازرگانیان پێوەبکرێت.

منداڵان بە بێبەرگەیی ماونەتەوە بۆ بەکارخستنی زۆرەملێ و بەکارهێنانیان لەلایەن چەندین گروپی چەکدارەوە کە لە عێراق کاردەکەن، لەوانە – جگە لە هیتر – داعش، هێزەکانی حەشدی شەعبی، هێزە خێڵەکییەکان، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەروەها میلیشاکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. سەرەڕای شکستی مەیدانیی خەلافەتەکە، داعش بەردەوامە لە رفاندن و بەزۆر بەکارخستن و بەکارهێنانی منداڵان لە شەڕ و رۆڵی پاڵپشتیدا، لەوانە وەک قەڵغانی مرۆیی، هەواڵدەر، دروستکەری تەقینەوە، بکوژ، و خۆکوژ؛ هەندێک لەم منداڵانە تەمەنیان 8 ساڵە و هەندێکیان لەڕووی دەروونیەوە پەککەوتەن. چەندین سەرچاوە راپۆرتیانداوە کە پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە هەرێمی کوردستانی عێراق و شەنگال بەردوام بوون لە بەکارخستن و بەکارهێنانی منداڵان. لە ساڵی 2021، سەرچاوەیەکی پشتڕاستنەکراو راپۆرتیداوە کە پەکەکە چەندین منداڵی بەکارخستوە بۆ ئامادەکردنیان وەک چەکدار، لەناویاندا منداڵی خەڵکی پارێزگای کەرکوک لە عێراقی تێدایە. رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە لە 2018 کە میلیشیا ئێزیدییەکان لە شەنگال نزیکەی 10 تا 20 منداڵی کوڕیان بەکارخستوە. سەرچاوەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان و حکومەت پشتڕاستیان کردەوە کە سەدان منداڵی ئێزیدی لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی سیڤیل (یەبەسە)ی سەربە پەکەکە و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە پەکەکە. لە سالێ ٢٠١٨، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاپۆرتیانداوە کە پەکەکە منداڵانی خەڵکی شەنگال و مەخمور و ناوچەکانی دیکەی بە سەرباز کردوون و ڕاهێنانی پێداون ، هەروەها نێردراون بۆ بنکەکانیان لە شەنگال، تورکیا و چیای قەندیل لەنێوان عێراق و ئێران.

لە ساڵی 2015ەوە، سەرچاوەکان بەردەوام راپۆرت دەدەن کە یەکە ناپابەندەکانی حەشدی شەعبی منداڵان بەکاردەخەن، بەکاردەهێنن و مەشقی سەربازییان پێدەکەن، ئەگەرچی ئەم جۆرە ڕووداوانە کەمبوونەتەوە لەپاش شکستی زەمینی داعش لە عێراق. بەپێی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2019، ژمارەی رووداوەکانی بەسەربازکردن و بەکارخستن و بەکارهێنانی منداڵ بەردەوام لە دابەزیندایە. لە ساڵانی 2018 و 2019، رێکخراوە ناحکومییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لەناویاندا بزوتنەوەی حیزبوڵای نوجەبا و عەسائیب ئەهل ئەلحەقی هاوپەیمانی ئێران، کوڕانی خوار تەمەن 18 ساڵیان بەکارخستوە بۆ شەڕکردن لە سوریا و یەمەن. لە ساڵی 2017 راپۆرت هەبوو کە ئاماژەیدەدا بەوەی هەردوو میلیشیای عەسائیب ئەهل ئەلحەق و کەتائیبی حیزبوڵڵا، منداڵانیان بەکارخستوە و بەکارهێناوە. هەندێک لە هێزەکانی میلیشیاکانی بزوتنەوەی حیزبوڵای نوجەبا، عەسائیبی ئەهل ئەلحەق و کەتائیبی حیزبوڵڵا لەژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبی کاردەکەن، بەڵام بەگشتی لەدەرەوەی فەرمان و کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدا ئۆپەراسیۆن دەکەن. رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندییە ناوخۆییەکانمان راپۆرتیانداوە لە 2017 کە هەڵواسینی پۆستەری هەرزەکاران کە لەکاتی شەڕکردن بۆ میلیشیا شیعەکان کوژراون بەربڵاوبوو لە ناوچەکانی زۆرینەی شیعەنشینی بەغداد و لەسەرانسەری باشوری عێراق. زۆربەی ئەو منداڵانەی یادیان دەکرایەوە زیاتر سەربە بە یەکەکانی میلیشیاکانی عەسائیب ئەهل ئەلحەق و کەتائیبی حیزبوڵڵا بوون.

بەپێی پێگەی فەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی حەشدی شەعبی و پۆستەرەکان لەسەر شەقام لە ناوەڕاستی 2017، حەشدی شەعبی کۆرسی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی پێشکەش کردوە بە منداڵان و لاوانی نێوان تەمەنی 15-25 ساڵ. چەندین سەرچاوە راپۆرتیانداوە کە لە ساڵانی 2015 و 2016، هەندێک پێکهاتەی حەشدی شەعبی منداڵانیان بەکارخستوە و بەکارهێناوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی فەللوجە و شوێنەکانی تری وڵات، لەکاتێکدا کە میدیای حەشدی شەعبی یادی خزمەت و قوربانیدانی ئەم منداڵە سەربازانەی کردەوە. سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە ساڵی 2017 راپۆرتیداوە کە میلیشیاکانی سەربە خێڵە سووننەکان کوڕانیان بەکارخستوە لە دەرەوەی کەمپەکان وە هەندێک لەمانە مەشقی سەربازییان وەرگرتوە. لە ئابی 2016، رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە میلیشیا خێڵەکییەکانی سوننەی پەیوەست بە حەشدی شەعبی بەلای کەمەوە حەوت منداڵیان بەسەربازکردوە لە کەمپی ئاوارە ناوخۆییەکانی دیبەگە لە باکوری عێراق، بە وتەی شاهیدەکان ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق رێخۆشکەرییان کردوە بۆ بەسەربازکردنی منداڵانی کەمپەکە. هاوکات چاودێرە نێودەوڵەتییەکان راپۆرتیانداوە کە هێزەکانی ئاسایشی عێراق سێ منداڵیان لە خاڵی پشکنین بەکارهێناوە لە سەرەتای 2019.

پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان رووبەڕووی مەترسی گەورەی بازرگانیکردنی سێکسی و کارکردنی زۆرەملێ دەبنەوە، بەهۆی لاوازی ئابوری و کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئاسایش و پاراستنەوە. لەنێوان 2015-2018 رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر تۆڕەکانی بازرگانیکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە پەنابەران و ئاوارەکانیان دەکردە ئامانج، بە هاوکاری بەرپرسە خۆجێیەکان، بەرپرسانی هێزەکانی ئاسایش، و کارمەندانی سنوور کاریان دەکرد. ژنان و کچان لە کەمپەکانی ئاوارە ناخۆییەکان، کە ئەندامانی خێزانەکانیان تۆمەتبارن بە پەیوەندیی لەگەڵ داعش، بەردەوام رووبەڕووی سیستمێکی ئاڵۆز و ئەگەری خراپ بەکارهێنانی سێکسی، بازرگانیکردنی سێکس و توندوتیژی دەبنەوە لەلایەن ئەو بکەرە چەکدارانەوە کە لە کەمپەکان دەژین، هاوکات لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی و سوپا. لە ساڵانی 2015 و 2016، رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیاندا لەسەر هەندێک کارمەندی هێزەکانی ئاسایش کە ئاسانکارییان کردوە بۆ بازرگانیکردن بە ژنان و کچانی سوری لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

راپۆرتەکانی 2015 ئاماژەدەدەن بە تۆڕی بازرگانیکردن کە ئاوارە ناوخۆییەکان و هەندێک پەنابەری سورییان بەکارهێناوە لە بازرگانیکردنی سێکس لە هۆتێل و خانەکانی لەشفرۆشی لە بەغداد، بەسرە و شارەکانی تری باشوری عێراق، پاش ئەوەی ئەندامانی تۆڕەکە بەڵێنیان پێداون لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێیان بکەن؛ هاوکات تۆڕەکە منداڵەکانی ئەم ئافرەتانەیان ناچار کردوە لەسەر شەقامەکان سواڵ بکەن. وەک دەگوترێت، باندە تاوانکارییەکان کوڕان و کچانیان ناچارکردوە سواڵ بکەن، بەتایبەتی منداڵانی ئاوارەکان و پەناران و منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەتایبەتی لە شارەکان؛ هاوکات باندە تاوانکارییەکان منداڵانیان ناچارکردوە ماددە هۆشبەرەکان و چەک بفرۆشن و بگوێزنەوە، بەتایبەتی لە باشوری عێراق.
ژنان و کچانی عێراقی، ئێرانی و سوریی، هەروەها کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQ+) لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەتی بێبەرگە و لاوازن بەرامبەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ. لەناو هەموو گروپە ئیتنی و ئاینییەکان، کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQ+)، هێشتا لەژێڕ مەترسی بازرگانیکردنی سێکسدان، بەهۆی لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتییەوە. بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، داڕمانی دراو و هێواشبوونەوەی ئابوری ئێران، بۆتە هۆی هاتنی لێشاوی زیاتر لە 2.000 ژن و کچی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018، زۆربەی ئەمانە قوربانی بازرگانیکردنی سێکس بوون لە کافتریا، هۆتێل و سەنتەرەکانی مەساج. بەپێی هێزەکانی بەرزەفتکردنی یاسای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018، شۆفێرانی تەکسی لە هەرێمی کوردستان تۆمەتبارکراون بە رێخۆشکردن بۆ گواستنەوەی ئەم ژن و کچانە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لەژێر پەردەی گەشتوگوزاردا. چەندین راپۆرتی راگەیاندنەکان لە ساڵی 2018 بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کچی تەمەن 11 ساڵ و زیاتر بینراون لە یانە شەوانەکان و گازینۆکانی بەغداد کاردەکەن وەک کارمەندی خزمەتکردن، سەماکار و لە بازرگانی سێکسدا؛ راپۆرت هەبوو کە هەندێک گروپی میلیشیا، لەناویاندا عەسائیب ئەهل ئەلحەق، ئاسایشی ئەم شوێنانەیان دابین کردوە و پشتیان پێدەبەستن بۆ داهات.

رێکخراوە ناحکومییەکان لە ساڵانی 2018 و 2019 راپۆرتیانداوە کە بازرگانانی نێرینەی سێکس لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی ئابڕوبەریان کردوە لە ئافرەتان بۆ ئەوەی بەکاریان بهێنن و ناچاریان بکەن لە بازرگانی سێکس کاربکەن. رێکخراوە ناحکومییەکان لە ساڵی 2016 راپۆرتیانداوە لەسەر کەیسەکان کە تۆڕە تاوانکارییەکان بازرگانی سێکسیان بەو منداڵانە و کچانەوە کردوە کە لە خێزانەکانیان هەڵهاتوون لەترسی کوشتن لەسەر شەرەف. راگەیاندنەکان راپۆرتیانداوە لە ساڵی 2018 کە باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەشێوەیەکی بەرچاوتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە، بەتایبەتی فەیسبوک، بەمەبەستی کڕین و فرۆشتنی ژنان و کچان بۆ مەبەستی بەکارهێنانی سێکس و کارپێکردن. راپۆرتەکانی 2014-2017 پێشنیار دەکەن کە هەندێک لە بەرپرسانی هێزەکانی بەرزەفتکردنی یاسا لە عێراق تۆمەتبار دەکرێن بەوەی زۆرجار سەردانی خانەکانی لەشفرۆشی دەکەن کە ناسراون بە بازرگانیکردنی سێکس یاخود بەرتیلیان وەگرتووە بۆ رێگەدان بە بازرگانیکردنی سێکس. راگەیاندنە بیانییەکان لە ساڵی 2018 ئاماژەدەدەن بە زیادبوونی بازرگانیکردنی سێکسی منداڵ و کچانی عێراق لە تەمەنی 11-16 ساڵان لە سوریا، ئوردون، سعودیە، لوبنان و ئیمارات. بەپێی راپۆرتەکان تۆڕەکانی بازرگانیکردن، منداڵی عێراقی دەفرۆشن لە وڵاتانی دراوسێ و لە ئەوروپا بۆ مەبەستی بازگانیکردنی سێکس و خراپ بەکارهێنان.

پەنابەرانی عێراقی لە ئوردون لاواز و بێبەرگەن بەرامبەر کارکردنی زۆرەملێ لە کەرتی کاری نافەرمی ئوردون، بەشێکی ئەمە بەهۆی ئەوەی کە خاوەنکارەکان موچەی کەمتر لە بازاڕیان پێدەدەن و بۆ کاتژمێری زۆر کاریان پێدەکەن.

داب و نەریتییەکان، لەناویاندا خۆێنبایی (فصلیة) – بەخشینی ئەندامێکی خێزان بەرامبەر کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی – هەروەها هاوسەرگیری بەزۆر و "کاتیی" منداڵان، ژنان و کچان دەخەنە مەترسی زیاتری بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەناو وڵات. لە ساڵی 2019 راگەیاندنێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە پیاوانی ئایینی "نووسینگەی هاوسەرگیریی" بەڕێوەدەبەن لە ناوچەکانی دەرەوەی مەزارگە پیرۆز و گرنگەکانی عێراق، کە بانگەشە دەکەن بۆ "هاوسەرگیریی کاتیی" لەگەڵ کچانی گەنجی نۆ ساڵان و گەورەتر و بەمەبەستی بازرگانیکردنی سێکس. بەپێی راپۆرتەکان هەندێک گروپی میلیشیا، وەک عەسائیبی ئەهل ئەلحەق، ئاسایشی ئەم "نووسینگانە"یان دابین کردوە و بۆ داهات پشتیان پێدەبەستن. هاوشێوە رێکخراوێکی ناوخۆیی لە سەرەتای ساڵی 2021 ئاشکرای کردوە کە هاوبەشە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە لە پارێزگا سنوورییەکانی باشوری عێراق، سعودی و کوەیتییەکان بەدوای سێکسی منداڵدا دەگەڕێن لەکاتی گەشتی راوکردندا لەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی کاولین، ئەو خێڵە کۆچەرییانەی بەڵگەنامەی شارەستانیان نییە.

رێکخراوەکانی منداڵپارێزی راپۆرتیانداوە لە ساڵی 2016 لەسەر رووداوەکانی هاوسەرگیریی منداڵ – کە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ – کە رووی لە زیادبوون کردوە لەناو ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەرە سورییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، چونکە سەرۆک خێزانەکان هەوڵی بەدەستهێنانی داهات و کەمکردنەوەی بارگرانی ئابوری خێزان دەدەن. وەک لە ساڵانی رابوردودا راپۆرتدراوە، بازرگانان بە مرۆڤ کچە سورییەکان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ناچاردەکەن بە هاوسەرگیری پێشوەخت یان "هاوسەرگیری کاتیی" لەگەڵ پیاوی عێراقی یان پەنابەرانی تر؛ هەندێک لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکرێن بە چاوپۆشیکردن، یان وەرگرتنی بەرتیل بۆ چاوپۆشیکردن، لەم جۆرە کەیسانە، لەناویاندا ئەو کەیسانەی کە کچەکان چەندین جار دەفرۆشرێن. لە سەرەتای 2021 رێکخراوێکی ناحکومی راپۆرتیداوە کە بازرگانان بە مرۆڤ بەردەوامن لە کردنەوەی سەنتەری مەساج لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەکانی عێراق وەک پەردەپۆش بۆ بازرگانیکردنی سێکس و بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ مەبەستی سێکس؛ هەندێک لەم هۆتێلانە لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە خاوەندارێتی دەکرێن و رێگەدەدەن بە بازرگانان بە مرۆڤ بەبێ لێپرسینەوەی یاسایی کاربکەن. حکومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2020 پشتڕاستی کردوە کە سەنتەرەکانی مەساج، کافتریا، باڕ و یانە شەوانەییەکان شوێنی بازرگانیکردنی سێکسن. هاوکات بەپێی حکومەتی عێراق، بازرگانان بە مرۆڤ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن بۆ کارکردنی تۆڕەکانیان و دۆزینەوە و بەکارخستنی قوربانیەکان، ئەمەش لەڕێگەی ریکلام کردن بۆ دەرفەتی ساختەی کار.

هەندێک پیاو و ئافرەتی خەڵکی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ئەفریقا کە کۆچیان کردوە بۆ عێراق – بەشێوەی یاسایی یان نایاسایی - رووبەڕووی کارپێکردنی زۆرەملێ دەبنەوە وەک کرێکاری بیناسازی، پاسەوان، پاککەرەوە، بەردەست، و خزمەتکاری ماڵان. پەیوەندییەکانمان راپۆرتیانداوە کە لە سەرەتای ساڵی 2020 ژمارەی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ زیادیکردوە کە خەڵکی وڵاتانی غانا، کینیا و سیرالیۆنن. لە کانونی دووەمی 2016، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راپۆرتیدا کە نزیکەی 140،000 کرێکاری بیانی موڵەتی گونجاویان نییە؛ رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە هەندێک خاوەنکار و کۆمپانیای بەکارخستن پێگەی نایاسایی کرێکاران ئیستیغلال دەکەن لەڕێگەی نەدانی موچە و ناچارکردنی کرێکاران بۆ ژیان لە شوێنی نەگونجاو.

هەندێک لە کۆچبەرانی بیانی بەکارخراون بۆ کارکردن لە وڵاتانی تری ناوچەکە، بەڵام ناچارکراون یان زۆریان لێکراوە یان فریودراون بۆ کارکردن لە عێراق یان هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 2018 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیداوە کە 22 کرێکاری فلیپینی بەشێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانی عێراق بە پاڵپشتی کۆمپانیایەکی گرێبەستکردن لەگەڵ کرێکار، بەڵام دواتر ناچارکراون لە بەغداد کاربکەن. لە سەرەتای ساڵی 2020 رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە قاچاخچییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەڵێنیانداوە بە هەندێک کرێکاری ئەفریقی کە دەرفەتی باشتری کارکردنیان بۆ دابین دەکەن لە بەغداد، بەڵام پاش گەیشتنیان بازرگانەکان خراپ بەکاریانهێناون لە کارپێکردنی زۆرەملێ. رێکخراوێکی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە لە ساڵی 2018 ئەگەر کرێکارێکی بیانی سکاڵای هەبوو لەسەر خراپەکاری خاوەنکار، ئەوا ئاژانسی بەکارخستن کرێکارەکە دەگوێزێتەوە بۆ لای خاوەنکارێکی جیاواز و راپۆرت نادات بە پۆلیس لەسەر خاوەنکاری یەکەم.بەپێی راپۆرتەکان، ئاژانسەکانی بەکارخستن بەشێوەیەکی نهێنی کاردەکەن بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت.