بۆچی ئەمریکا نەوت لەدەرەوە دەکرێت لەکاتێکدا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەجیهاندا؟

جیهان

24/08/2021‌ 1366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ستاندارد ئاند پورز" (Standard & Poor‌s) کە یەکێکە لەسێ ئاژانسە سەرەکییەکانی پۆڵێنکردنی متمانەداریی لەجیهاندا، لەمانگی یەکی ئەمساڵدا ئەمریکا ڕێژەیەکی پێوانەیی نەوتی ڕوسیی هاوردەکردوە کە دەگاتە لە8%ی  کۆی نەوتی هاوردەکراوی ئەمریکا.


هەروەک بەگوێرەی ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکی، لەهەمان مانگدا، ئەمریکا ڕۆژانە 648 هەزار بەرمیل نەوت‌و بەرهەمە نەوتییەکانی ڕوسیای هاوردەکردوە، لەکاتێکدا لەساڵی ڕابردودا لەباشترین حاڵەتدا ئەمریکا ڕۆژانە 538 هەزار بەرمیل نەوتی لەڕوسیا هاوردەکردوە.

باس لەوەشکراوە کە دوای لەدەستدانی بازاڕی ڤەنزوێلا وەک سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی نەوتی قورس بۆ ئەمریکا بەهۆی سەپاندنی سزا لەلایەن واشنتۆنەوە بەسەریدا، لەئێستادا ئەمریکییەکان ڕوسیا وەک جێگرەوەی نەوتی ڤەنزوێلا دەبینن.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی ئەمریکا نەوت لەدەرەوە دەکڕێت لەگەڵ ئەوەی خۆی گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەجیهاندا، لەوبارەیەوە ئەلێکسی کالاچۆڤ پسپۆڕی ئابوریی‌و سیاسەتی نەوتیی لەدامەزراوەی "ڤینام" بۆ کاغەزە داراییەکان‌و وەبەرهێنان دەڵێت:"پاڵاوگەکانی ئەمریکا بەجۆرێکی دیاریکراو لەنەوت کاردەکەن، هەربۆیە ناچارن پەنا بۆ کڕینی نەوتی دەرەوە بەرن، بەتایبەتی جۆری نەوتی ڕوسی".

ئەو پسپۆڕە دەڵێت:"پێشتر زۆرینەی نەوتی ویلایەتە یەکگرتوەکان لەڤەنزوێلاوە هاوردە دەکرا، بەڵام دوای سەپاندنی گەمارۆ بەسەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە، دەرکەوت کە نەوتی ڕوسیی باشترین جۆری نەوتە بۆ پاڵاوگەکانی ئەمریکا".

لای خۆیشییەوە قوستەنتین سیمۆنۆڤ سەرۆکی سندوقی ئاسایشی وزەی نیشتیمانیی باسی لەوەکردوە، دیموکراتەکان سەرزەنشتی ترەمپیان کردوە کە بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر ڤەنزوێلادا، ئێستا ئەوان ناچارن بۆ دەستکەوتنی جۆرێکی دیاریکراوی نەوت بۆ پاڵاوگەکانیان پەنا بۆ ڕوسیای نەیاریان بەرن.

هەر سەبارەت بەو بابەتە، لەیەکێک لەڕاپۆرتەکانی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی کە لەمانگی شوباتی ڕابردودا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت:"دوای تێپەڕبونی ساڵێک لەسەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا، دەرکەوتوە کە وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان گەورەترین زەرەرمەندو ڕوسەکانیش براوەی یەکەم بون، جگەلەوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان مۆسکۆو کاراکاس بۆ بەرهەمهێنانی نەوت‌و گواستنەوەو فرۆشتنی لەبازاڕە جیهانییەکانی تردا، بۆتە بازرگانییەکی قازانجبەخش بۆ لایەنی ڕوسیی.

و: ئاکۆ ئاڵی