جبەخانە ناوەکییەکەی چین پێش ڕوسیا دەکەوێت

جیهان

01/09/2021‌ 835 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانیارى گرنگ لەسەر هەڵکشانی توانا ناوەکییەکانی چین‌و مەترسییەکانی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بڵاوکرایه‌وه‌ بەشێوەیەک بەپێی مەزەندەکانی دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا، لەماوەی چەند ساڵی کەمی داهاتودا ژمارەی کڵاوە ناوەکییەکانی چین پێش ڕوسیا دەکەوێتەوە.


به‌گوێره‌ى ڕۆژنامەی "نیزاڤیسیمایا گازێتا"ی ڕوسی بڵاویكردۆته‌وه‌، فەرماندەی ستراتیژی سەربازیی ئەمریکی ڕایگەیاندوە، چین لەماوەی چەند ساڵی داهاتودا لەجیاتی ڕوسیا دەبێتە گەورەترین مەترسیی ناوەکیی بۆسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی ئەو وێنانەی مانگە دەستکردەکان گرتویانە، چین دەستیکردوە بەدروستکردنی سەدان بنکەی داکردنی بۆمبی ناوەکیی، لەبەرامبەردا پەکین دەڵێت هێزە ناوەکییەکەی بەرامبەر بەوەی ڕوسیاو ئەمریکا هەیانە هیشتا زۆر کەمە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، فاسیلی کاشین فەورە توێژەر لەخوێندنگای باڵای ئابوریی لەڕوسیا دەڵێت:"لەماوەی ئەم دەیەیەدا چین بەراورد بەڕوسیا ژمارەیەکی کەمتر لەبۆمبی ناوەکیی دەبێت، بەڵام ئەگەر باس لەئاستی دورمەودا بکەین، ئەوە بەدڵنیایی چین ژمارەی بۆمبەکانی زۆر زیاتر دەکات‌و ڕەنگە بەراورد بەفەرەنسا یان بەریتانیا ببێتە خاوەنی ژمارەیەکی زۆرتر لەکڵاوەی ناوەکیی‌و بیگەیەنێتە سەدان یان هەزاران کڵاوە".

توێژەرە ڕوسییەکە دەڵێت:"تەنها بونی کڵاوەی ناوەکیی بۆ وڵاتێک بەس نییە، بەڵکو مەوداو ئیدارەکردنیشیان گرنگە، بۆ نمونە وڵاتی چین چەندین جۆرە چەکی هەیە کە ڕوسیا نیەتی، وەک موشەکی بالیستی مەودا مامناوەند".

سەبارەت بەئەگەرەکانی چونەپاڵی چین بۆناو دانوستانەکانی تایبەت بەسنوردارکردنی چەکە ناوەکییەکان، کاشین دەڵێت:"هەڵوێستی پەککین هەروەک خۆیەتی‌و بەهیچ جۆرێک ڕازیی نییە ئاستی کڵاوە ناوەکییەکانی لەهی ڕوسیاو ئەمریکاو وڵاتانی تر کەمتربێت".

و: ئاکۆ ئاڵی