لەگوندێک ژنان‌و پیاوان بەدوو زمانی جیاواز قسەدەکەن

هەمەڕەنگ

06/09/2021‌ 584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گوندێکی بچوکی نایجیریا بەپێچەوانەی گوندو ئاواییەکانی تری ئەو وڵاتە، خەڵکەکەی بەتایبەتمەندییەکی دەگمەن‌و ناوازە جیادەکرێنەوە، کە ئەویش بریتییە لەوەی ژنان‌و پیاوانیان بەزمانێکی جیاواز لەیەکتر قسە دەکەن.

بەگوێرەی کەناڵی "بی بی سی" بەریتانی، دانیشتوانی گوندی ئۆبانگ لەوڵاتی نایجیریا بەوە جیادەکرێنەوە کە ژنان‌و پیاوانیان لەگەڵ ئەوەی لەهەمان کۆمەڵگادا بەیەکەوه‌ن‌و بەیەکەوە گەورە دەبن، بەڵام بەدوو زمانی جیاواز لەیەکتر قسە دەکەن.

لەوبارەیەوە چی چی ئۆندی خانمە زانای بواری ئەنسرۆپۆلۆژیا وتویەتی:"بابەتەکە وەکو دوو فەرهەنگی جیاواز وایە، ژمارەیەکی زۆر لەوشەکان لەنێوان ژنان‌و پیاواندا هاوبەشن، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش لەوشەکان لەنێوانیاندا جیاوازن.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەردولا دەتوانن بەشێوەیەکی زۆرباش لەیەکتری حاڵی ببن، لەبەرئەوەی کچ‌و کوڕەکان لەدەوری دایک‌و باوکیان گەورە دەبن‌و فێری دوو زمانەکە دەبن، بەڵام لەگەڵ گەیشتنە تەمەنی 10 ساڵی، کوڕەکان‌و کچەکان بەدوو زمانی جیاواز قسە دەکەن.

هێشتا ڕون نییە کەیی‌و چۆن لەگوندی ئۆبانگ پەیڕەوی دوو زمانی کراوە، لەوبارەیەوە چی چی ئۆندی پێیوایە، دروستبونی دوو زمانی جیاواز بۆ ژنان‌و پیاوان ئەنجامی "ڕۆشنبیریی دوو ڕەگەزیی"یە، لەبەرئەوەی ژنان‌و پیاوان لەدوو بواری جیاوازدا کاردەکەن‌و لەدوو جیهانی جیاوازدا دەژین کە بەدەگمەن بەیەکەوە کۆدەبنەوە، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە کولتورە لەگەلێک شوێنی تری ئەفریقاشدا بونی هەیە، بەڵام دیاردەی زمانی جیاوازی ژنان‌و پیاوان لەناویاندا نییە.

و: ئاکۆ ئاڵی