تورکیا دەستدەکات بەڕادەستکردنەوەی ئیخوانەکان

جیهان

07/09/2021‌ 2149 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەو گۆڕانکاریی‌و نزیکبوونەوەیەی لەپەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی تورکیا لەگەڵ هەریەک لەمیسرو ئیمارات دروستبوو، لەئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە حکومەتی پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا لەمانگی ئۆکتۆبەری داهاتودا 15 ئەندامی سەر بەڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین ڕادەستی میسرو ئیمارات بکاتەوە.


بەگوێرەی پێگەی "تورکیا 24"ی تورکی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەئێستادا ئومێدی بەگەڕانەوەی ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین بۆسەر دەسەڵات نەماوە، بەتایبەت کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵاتانی میسرو لیبیاو سوریاو وڵاتانی تری ناوچەکە پشتی پێبەستبون.

بەگوێرەی پێگە تورکییەکە، ئەنکەرە لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا لێدوانەکانی بەئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ میسرو ئیمارات گۆڕیوە، شرۆڤەکارانیش دەڵێن: ئەو لێدوانانە بەشێکە لەگۆڕانکارییەکی ستراتیژیی فراوانتر بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو گۆشەگیرییەی تورکیا لەساڵانی ڕابردودا تێیکەوتبوو.

لەو چوارچێوەیەشدا ڕاپۆرتێکی ئەمریکی ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، ئەنکەرە لەوە تێگەیشتوە کە ئومێدی گەڕانەوەی ئیخوان موسلیمین بۆسەر دەسەڵات لەمیسر کۆتاییهاتوە، لەبەرئەوە سورە لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتەکەی عەبدولفەتتاح سیسی.

چەند سەرچاوەیەکیش لەناو تورکیا ئاشکرایانکردوە، کە لەدوای ئەو پێشهاتانەی لەپەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرەو قاهیرە ڕویانداوە، بەشێک لەئەندامانی ڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین تورکیایان جێهێشتوەو ڕویان لەچەند وڵاتێکی ئەوروپایی کردوەو بەشێکیشیان ئامادەکاریی جێهێشتنی تورکیا دەکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لەلایەن سەرکردەکانی ڕێکخراوەکەوە ئاگادارکراونەتەوە بەوەی ئەگەری هەیە تورکیا ڕادەستی میسرو ئیماراتیان بکاتەوە.

لەئێستادا ژمارەی ئیخوانەکانی نیشتەجێی تورکیا خۆی لە20 هەزار کەس دەدات، چاودێرانیش دەڵێن ئەگەربێت‌و لەدوای ئاساییبونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو میسر ئیخوانەکان وڵاتی تورکیا جێنەهێڵن، ئەوە دەستبەسەر هەموو موڵك‌و ماڵەکانیاندا دەگیرێت‌و دەستگیردەکرێن.

و: ئاکۆ ئاڵی