هه‌واڵێكى خۆش بۆ چەپلەرەکان

تەندروستی

07/09/2021‌ 763 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەکتەی مێشک کاتێک ڕودەدات کە خوێن ناگاتە بەشێکی مێشک، لەوکاتەشدا لاوازیی یان ئیفلیجی لەبەشێکی جەستەی کەسەکەدا ڕودەدات‌و زمان‌و قسەکردنی قورس‌و تێکەڵدەبێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئێسکپرێس"ی بەریتانی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئەوەی دەرخستوە کە کەسانی چەپلەر لەکاتی توشبونیان بەسەکتەی مێشک بەراورد بەوانەی دەستی ڕاستیان بەکاردەهێنن، زوترو بەهێزتر توانای قسەکردنیان بۆ دەگەڕێتەوە.

د.ئەسی یۆڵ پزیشکی ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی دەمار لەناوەندی ڕاهێنانەوەی نەخۆشییەکانی سەکتەی مێشک لەنەخۆشخانەی ویلنگتۆن لەبەریتانیا کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردوە دەڵێت:"دەرکەوتوە هەر کێشەیەک کاریگەریی لەسەر مێشک هەبێت، لەوانە سەکتەی مێشک، بەشێوەیەکی جیاواز کاریگەریی بەکارهێنانی دەستەکانی دەکەوێتەسەر".

یۆڵ وتویەتی:"لەئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیاندا دەرکەوتوە کە باشبونەوەی بەشی چەپی مێشک بەراورد بەبەشی ڕاست، بەشێوەیەکی خێراترو بەرچاوتر ڕودەدات".

لەپاڵ ئەوەشدا، بەپێی لێکۆڵینەوەکە ئەوانەی توشی سەکتەی مێشک دەبن، ئەگەر چەپلەربن باشتر توانای قسەکردنیان بۆ دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی بەشی چەپی مێشک بەگشتیی کۆنترۆڵی قسەکردن دەکات، بۆیە بەراورد بەوانەی دەستی ڕاستیان بەکاردەهێنن توانای قسەکردن‌و تێگەیشتنیان زوتر بۆ دەگەڕێتەوە. زانایان دەڵێن:"لە10% بۆ 12%ی دانیشتوانی جیهان دەستی چەپیان بەکاردەهێنن".

و: ئاکۆ ئاڵی