توركیا ئه‌مریكاى بێ ئومێد كرد

جیهان

08/09/2021‌ 2531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا لەچەندین بۆنەدا داوایکردوە تورکیا دەستبەداری سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی  بێت، بەوپێیەی لەگەڵ سیستەمی بەرگری هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسیی "ناتۆ" ناگونجێت، بەڵام لەنوێترین لێدوانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ئەو پرسە، ئەمریکای نائومێد کرد.


مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی "N TV"ی تورکی، داوایکرد، واشنتۆن ڕێککەوتننامەی نێوان ئەنکەرەو مۆسکۆ لەبارەی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی S-400ی ڕوسیی  قبوڵبکات، چونكه‌ وه‌كو وتى:"ڕێککەوتنەکە کۆتاییهاتوەو هیچ بوارێک بۆ پاشگەزبونەوە نەماوە".

چاوش ئۆغڵو وتویه‌تى:"تورکیا دەتوانێت جگە لەڕوسیا، سیستەمی بەرگری ئاسمانیی لەئەمریکاش بکڕێت، هەرچەندە بەراورد بەسیستەمە ڕوسییەکە گرانتر لەسەر تورکیا دەوەستێت، به‌ڵام ئامانجى ئێمه‌ لەو ڕێککەوتنانەیە ئەوەیە تورکیا خۆی بتوانێت سیستەمی بەرگری ئاسمانیی بەرهەمبهێنێت".

بەهۆی ڕێککەوتننامەی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕوسیی، ئەمریکا سزای بەسەر دامەزراوەی پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیادا سەپاندو پێشتریش ئەو وڵاتەی لەبەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی شەبەحی F-35 کردبوە دەرەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە