شەش نیشانەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کە نابێت پشتگوێ بخرێن

تەندروستی

08/09/2021‌ 982 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شێرپەنجەی مەمک بریتیە لە گەشەو زۆربوونی خانەکانی مەمک بە شێوەیەکی ناڕێک و ناسروشتی ، کە زۆرجار بەشێوەی گرێ دەردەکەون و بە دەستلێدان هەستی پێدەکرێت و لەژێر تیشکدا دەردەکەوێت، هەربۆیە گرنگە خانمان زوو زوو پشکنینی تایبەت بە نەخۆشییەکە بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو پەنجا ساڵییەوەیە، هەرچەندە ئافرەت لەهەموو تەمەنێکدا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکەی هەیە.

نیشانە باوەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک ئەمانەن:
ئاوسانی مەمک.
بوونی دەردراو لە گۆی مەمکەوە، کە بەشێوەی کتوپر ڕووبدات یان خوێنی لەگەڵدا بێت.
توێژهەڵدان یان شەقاربوونی مەمک.
گەڕانەوەی گۆی مەمک بۆناوەوە، بەقوڵداچوونی گۆی مەمک.
گەرم بوون و سووربوونەوە و ئاوسانی مەمکەکان، لەگەڵ بوون یان نەبوونی لیر.
گۆڕانکاریی لە پێستی مەمک یان لە گۆی مەمک.

دەستەی خزمەتگوزارییە تەندرووستییە نیشتیمانییەکانی بەریتانیا دەڵێت هێشتا هۆکارەکانی تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمک بەتەواوەتیی دیار نییە، بەڵام چەند فاکتەرێکی دیاریکراوی مەترسیی هەیە، کە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاد دەکات، بۆنمونە ئەگەر بێت و یەکێک لە خزمەکانت تووشی نەخۆشییەکە بووبێتن، ئەوە گریمانەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک یان هێلکەدان زیاتر دەبێت.

هەروەک بەگوێرەی رۆژنامەی ئێکسپرێسی بەریتانی، دەکرێت لەڕێگای پەیرەوکردنی سیستەمی خۆراکیی تەندوروست و هاوسەنگ و وەرزشکردنی بەردەوامەوە مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە کەمبکرێتەوە، جگە لەوەی ئەو ئافرەتانەی شیر بە کۆرپەکانیان دەدەن، کەمتر مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکەیان لەسەرە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی