شارپرێس:
پزیشکێکی بواری دەرونیی میسری کاریگەرییە مەترسیدارەکانی مۆبایلە هۆشمەندەکانی لەسەر مێشکی منداڵان ئاشکراکردوە، بۆیە هۆشداریداوەتە دایکانو باوکان بەوەی نابێت ڕێگە بدەن منداڵەکانیان چەند کاتژمێرێکی زۆر لەسەر ئەو ئامێرانە بەسەربەرن.
دکتۆر محەمەد ئەلمەهدی پزیشکی پسپۆڕی بواری نەخۆشییە دەرونییەکان بەکەناڵی "دی ئێم سی"ی میسری وتوە، زۆرێک لەدایکانو باوکان لەمەترسییەکانی بەکارهێنانی مۆبایلە هۆشمەندەکان لەسەر تەندروستیی منداڵ ناگەن، بەشێوەیەک بەشێک لەمنداڵان بەهۆی زۆری بەرکەوتنیان بەشاشە ئەلیکترۆنییەکان توشی نەخۆشیی ئۆتیزم بون.
باسی لەوەشکردوە، یارییە ئەلیکترۆنییەکانی ناو مۆبایلە هۆشمەندەکان بونەتە ڕێگایەک بۆ بێدەنگکردنی منداڵو ژیرکردنەوەیان، لەکاتێکدا وا پێویستدەکات منداڵی خوار دووساڵ بەهیچ جۆرێک مۆبایل بەکارنەهێنێت.
ڕونیشیکردۆتەوە، دەکرێت منداڵی دووساڵ بۆ پێنج ساڵ مۆبایلی پێبدرێت، بەمەرجێک ڕۆژانه لەدوو کاتژمێر زیاترنەبێتو یەکێک لەئەندامانی خێزانەکەشی لەگەڵیدابێت.
هۆشداری ئەوەشیداوە، هەندێکجار منداڵ توشی ئاڵودەبون دەبێتو ناتوانێت دەستبەرداری مۆبایل ببێت، ئەمەش توشی گریانو توڕەبونی بەردەوامی دەکات، لەبەرئەوەی هەر لەسەرەتاوە ماوەی ئەو کاتژمێرانەی دەبێت بەکاری بهێنێت بۆی دیارینەکراوە.
پزیشکە میسرییەکە وتویەتی:"بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەسەر ئامێرە هۆشمەندەکان نەخشەکانی مێشک توشی شێوانو ناڕێکی دەکات، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر توانای منداڵ بۆ پەیوەندیکردن بەدەوروبەرییەوە.
و: ئاکۆ ئاڵی