ڤاکسینێکی نوێ دژى کۆرۆناو ئەنفلۆنزا بەرهەمدەهێنرێت

جیهان

11/09/2021‌ 1198 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی کار لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینێک دەکات کە بەیەک ژەم دەدرێت‌و بەرگری بەرامبەر بەکۆرۆناو ئەنفلۆنزاش دروستدەکات.


بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، ڤاکسینە نوێکە ناوی "ئێم ئاڕ ئێن ئەی 1073" دەبێت‌و تێکەڵەیەک دەبێت لەپێکوتەی دژە کۆرۆنای کۆمپانیاکەو ئەو پێکوتەیە دەبێت کە هەمان کۆمپانیا دژ بەئەنفلۆنزا پەرەی پێداوە.

لای خۆیەوە، ستیڤان بانستێل بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمپانیاکە لەبەیاننامەکەدا وتویەتی:"ئەمڕۆ کار لەسەر هەنگاوی یەکەمی بەرهەمهێنانی پێکوتەیەکی نوێ بۆ کۆئەندامی هەناسە دەکەین بەشێوەیەک بەپێدانی یەک ژەم لەو پێکوتەیە بەرگری بەرامبەر بەڤایرۆسی کۆرۆناو بەرامبەر بەئەنفلۆنزاش دروستدەکات".

باس لەوەشکراوە، هێشتا نازانرێت کە چی کاتێک دەست بەتاقیکردنەوە کلینیکییەکانی بەرهەمهێنانی پێکوتەکە دەکرێت یان چی کاتێک پێکوتەکە بۆ بەکارهێنان بەردەستدەبێت.

کۆمپانیای مۆدێرنا دووەم کۆمپانیا بوە کە لەدیسەمبەری ساڵی 2020 لەلایەن دەسەڵاتدارانی تەندروستیی ئەمریکا مۆڵەتی بەکارهێنانی بەپەلەی پێکوتەکەی دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرت، ڤاکسینەکەشی تایبەتە بەوانەی تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵییەوەیە.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە