شارپرێس:
ساڵح موسلیم په‌یامێك ئاراسته‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌كات‌و پێیوایه، ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ناو پارتیدا ده‌گوزه‌رێت هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یه له‌سه‌ر هه‌موو كورد به‌گشتی، ده‌شڵێت:"ئه‌و هێزانه‌ى دژى گه‌ریلا جوڵه‌یان پێده‌كرێت، پێشمه‌رگه نین، به‌ڵكو هێزى تایبه‌تى پارتین"، جه‌ختده‌كاته‌وه، "لەناو پارتى هەندێک كه‌س هەن، ئیرادەی خۆیان تەسلیم کردوه یان فرۆشتوه".
ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى فورات وتویه‌تى:"له‌ناو هه‌رێمى كوردستان شەڕێک ڕودەدات ئەم شەڕە لەنێوان گەریلاکانی کورد‌و دەوڵەتی تورکدایە، تورکیا نەک هەر هێرشدەکاتەسەر کوردانی باکور یان پەکەکە، کاتێک هێرشدەکات لەدژی هەموو گەلی کورد شەڕدەکات، بۆیە ئەوانەی هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکەن، دواتر دژی هەموو گەلی کورد شەڕدەکەن".
موسلیم ده‌ڵێت:"لەناو پارتى هەندێک كه‌س هەن، ئیرادەی خۆیان تەسلیم کردوه یان فرۆشتوه بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی تورکیا، ئەوکەسانەی کە بۆ ناوچەی گەریلا ڕەوانە دەکرێن پێشمەرگە نین، به‌ڵكو ئه‌وانه هێزی تایبەتی پارتین، ئەوە ڕونە کە بەفەرمانی کێ دەجوڵێنەوە، بۆ نمونه هێزی گوڵان‌و زێرەڤانی، هەموو کەس دەزانێت کە هەموو ئەمانە پشت بەکێ دەبەستن".
به‌بڕواى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان، "یارییەکی زۆر مەترسیدار دەکرێت، پێش هەموو شتێکیش گەمەیەکی مەترسیدارە بەرامبەر بەگەلی کورد‌و هێزی کورد‌و لەدژی خودی پارتیش، پارتى بەم شەڕە لقەکەی ژێر پێی خۆی دەبڕێتەوە".
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، "ئەگەر بەڕاستی شەڕێکی لەو شێوەیە دەستپێبکات، ئەگەر پارتى ژیرانە ڕەفتارنەکات، پێش هەموو شتێک ئه‌وا خۆى زیانی بەردەکەوێت، ئەوانەی لەناو پارتیدان زیانیان بەردەکەوێت، بۆیە مادام ئەوان برای ئێمەن، زۆرباش دەبێت ئەگەر لەو هەڵەیە بگەڕێنەوە".
ساڵح موسلیم ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه، "پارتى دەڵێت من شەڕ ناکەم، بەڵام بەهەموو توانایەکیەوە گەمارۆی گەریلا دەدات، ڕێگەنادات گەریلاکان لەشوێنێکەوە بچن بۆ شوێنێکی تر، گەریلاکان لەباشور کاتێک لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەڕۆن، بۆسەیان بۆ دادەنرێت. ئەمە شتێکی زۆر خراپ‌و یارییەکی زۆر مەترسیدارەو زیانی بۆ هەموو کورد هەیە".
له‌په‌یامێكیشدا ئه‌وه‌ى وتوه، "وەک پەیەدە ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ وەستاندنی شەڕ، ئەگەر نێوەندگیریی بکرێت، ئێمە ئەوکارەش دەکەین‌و ئامادەین، چونکە وا دیارە کێشەکە زۆر گەورەیە، هەموو هەنگاوێک دەنێین بۆ وەستاندنی ئەم شەڕە، له‌به‌رئه‌وه‌ى زیانەکانی ئەمە تەنها لەباشور نابێت، بەڵکو لەهەموو کوردستان دەبێت".
زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:"ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لەهەموو جێگەیەک لەدژی فاشیزمی تورک شەڕدەکەن‌و شەهید دەبن، ئەمە جێگای شانازییە، بەڵام ئەگەر لەپشتەوە لەڕۆڵەکانمان بدرێت‌و شەهیدبن، ئەوا بنەماڵەکانیان دواتر بیر لەچی دەکەنەوە؟ ئەگەر لەلایەن کوردەوە بکوژرێن خانەوادەکانیان چی دەڵێن؟ کەواتە دۆخەکە زۆر مەترسیدارەو کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت، ئەوە یاریەکی زۆر مەترسیدارە، هیوادارم ئەو هێزانە ژیرانە هەڵسوکەوت بکەن‌و واز لەم هەڵوێستە بهێنن، چونکە ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بۆ هەموو کورد".
ئەم پەیامەى ساڵح موسلیم له‌كاتێكدایه هه‌فته‌ى ڕابردوو هەپەگە ڕایگەیاند، لەبۆسەیه‌كى هێزەکانی پارتیدا حه‌وت گەریلا شەهیدبون له‌كاتێكدا ویستویانه له‌ناوچه‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌یه‌كى دیكه بڕۆن.