بایۆنتیکی ئەڵمانی ڤاکسینێکی تایبەت بە منداڵان بەرهەمدەهێنێت

جیهان

12/09/2021‌ 333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شاریرێس:
دوو بەڕێوەبەری جێبەجێبەجێکردنی دیاری کۆمپانیای بایۆنتیکی ئەڵمانیی بە رۆژنامەی "دێر شپیگڵی"ی ئەو وڵاتەیان راگەیاندووە کە کۆمپانیاکەیان لەماوەی چەند  هەفتەی داهاتوودا لەسەر ئاستی جیهان داوای مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکەیان دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ ئەو منداڵانە دەکات کە تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 11 ساڵیدایە.

ئۆزلیم تۆرەچی گەورە بەرپرسی پزیشکانی کۆمپانیاکە بە رۆژنامەکەی وتووە کە لەماوەی چەند هەفتەی کەمی داهاتوودا ئەنجامی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانیان لەسەر ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 11 ساڵیدایە بۆ دەزگا تەندرووستییەکانی ئەوروپا و جیهان دەنێرین و داوای بەکارهێنانی ڤاکسینەکە دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ ئەو چینە تەمەنە دەکەین.

هەروەک ئۆغور شاهینی بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی بایۆنتیک رایگەیاندووە کە ئامادەن داتاکانی تایبەت بە تاقیکردنەوە کلینیکییەکان بۆ لایەنە تەندرووستییەکان بنێرین، جەختیشی کردۆتەوە کە هەموو هەنگاوەکانیان بەدرووستیی و بەپێی ئەو پلانە دەڕوات کە دایانناوە.

لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆمپانیا دەرمانسازە ئەڵمانییەکە ئەوە پیشان دەدات کە بایۆنتیک کە ئێستا لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی هەماهەنگیی دەکات، لەپێشەنگی ئەو پێشبڕکییانەدایە کە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر ڤاکسینی تایبەت بە منداڵانی خوار 12 ساڵی لەئارادایە.

ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی


بەپەلە