شارپرێس:
لەدوای کۆنترۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، بزوتنەوەکە کۆمەڵێک بڕیارو ڕێنمایی نوێی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی ئەو وڵاتە دەرکردوە، لەنوێترین بڕیاریشیدا سەبارەت بەچۆنێتی خوێندن لەزانکۆکانی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە کچانو کوڕان بەتەواوەتیی لەیەکتر جیابکاتەوە.
عەبدولباقی حەقانی هەڵسوڕێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵای ئەفغانستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بڕیاری جیاکردنەوەی کچانو کوڕان لەزانکۆکانی ئەو وڵاتە جێبەجێدەکەین".
حەقانی وتیشى:"ئەگەر پێویستی کرد، ئەوە پیاوان بەپێی شەریعەتی ئیسلامیی دەتوانن وانە بەکچان بڵێنەوە، بەڵام لەوحاڵەتەدا دەبێت کچان ڕوپۆش بکەنو ڕەنگیشە پێویست بەبونی پەردەیەک بکات بۆئەوەی خوێندکارە کچەکان لەمامۆستاکە جیابکاتەوەو هەندێک ئامێری وەک تەلەفزیۆنو ئامێرە مۆدێرنەکانی تر دابینبکرێت".
باسی لەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر لەمامۆستای کچیان هەیە بۆیە لەڕوی دابینکردنی مامۆستا بۆ خوێندکارە کچەکان توشی کێشەیەکی ئەووتۆ نابنەوە.
لەماوەی ڕابردودا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەند وێنەیەک دەستاودەستی پێکرا کە دەردەکەوێت خوێندکارانی کچو کوڕی زانکۆی ئیبن سینا لەکابوڵ لەناو پۆلدا لەڕێگهی پەردەیەکەوە لەیەکتر جیاکراونەتەوە.
بزوتنەوەی تاڵیبان لەماوەی دەسەڵاتی خۆی لەئەفغانستان لەنێوان ساڵانی 1996 بۆ 2001 ڕێگەی خوێندنو کارکردنی لەکچانو ژنانی ئەو وڵاتە نەدەدات، بەڵام لەئێستادا ڕایانگەیاندوە کە ڕێگە بەخوێندنو کارکردنی کچانو ژنان دەدەن، بەومەرجەی لەوەدا پەیڕەویی ڕێنماییەکانی شەریعەتی ئیسلامیی بکرێت.