شارپرێس:
سهربارى بەردەوام جەختكردنهوهى تاران لەئاشتییبونی بەرنامە ناوەکییەکەی، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکیی کە پشتی بەڕاپۆرتی پەیمانگایەکی نێودەوڵەتیی بەستوە ئاشکرایدهكات، "کۆماری ئیسلامیی ئێران لەماوەی مانگێکدا دەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی".
بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پەیمانگای زانستو ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە گروپێکی سەربەخۆو تایبەتمەندە بەشیکردنەوەی ئەو ئەنجامانەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکیی پێیان دەگات، وتویەتی:"لەماوەی ئەم هاوینەدا ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندۆتە لەسەدا 60، ئەو ئاستەش لەئاستی بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوەکیی نزیکە، بەشێوەیەک تاران لەماوەی مانگێکدا دەتوانێت یەک بۆمبی ناوەکیی بەرهەمبهێنێت".
ڕاپۆرتەکە پێشبینیكردوه، "کۆماری ئیسلامیی ئێران بتوانێت دوەم بۆمبی ناوەکیی لەماوەی کەمتر لەدوو مانگدا بەرهەمبهێنێتو سێیەم بۆمبیش لەماوەی کەمتر لەپێنج مانگ".
نیویۆرک تایمز دەڵێت:"سەرەڕای زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، دروستکردنی کڵاوەیەکی ناوەکیی ڕاستەقینە، واتە کڵاوەیەک بتوانرێت لەسەر موشەکێکی ئێرانی تەیار بکرێتو بەرگەی چونە ناو بەرگەهەوای زەویی بگرێت، ماوەیەکی زۆر زیاتری پێدەچێت".
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، یائیر لابید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی کە ئێران لەسەروبەندی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیدایە، هەروەک لەمانگی شوباتی ڕابردوو ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕەنگە ئێران چەند هەفتەیەکی مابێت مادەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکیی بەدەستبهێنێت، ئەگەربێتو هەر بەردەوامبێت لەپێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی.