نەتەوە یەکگرتووەکان داوای راگرتنی هەندێک پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی دەکات

جیهان

17/09/2021‌ 1099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە بەکارهێنانی هەندێک سیستەمی زیرەکیی دەستکرد رابگیرێت ، لەوانە تەکنیکەکانی ناسینەوەی رووخسار، ئەویش تائەوکاتەی ڕێسای گونجاو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەر جۆرە پێشێلکارییەکی گریمانکراو دادەنرێت.

لەوبارەیەوە میشال باشلییە کۆمسیۆنەری کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتویەتی: تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد لێکەوتەی نەرێنی و تەنانەت کارەساتباریشی لێدەکەوێتەوە، ئەگەر بێت و لەبەکارهێنانیدا ڕەچاوی کاریگەرییەکانی لەسەر مافەکانی مرۆڤ نەکرێت.

باشلییە ئاماژەی بەوەکردووە کە پێویستە مەترسییەکانی هەندێک لەو سیستەمانەی پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستن لەسەر ئاستی تایبەتمەندیی و ئازادیی گواستنەوە و گوزارشتکردن لەبەرچاوبگیرێن و دواتر ئەو بەکارهێنانانە قەدەغە بکرێن کە مەترسیی گەورە دوروستدەکەن یان ڕێسایی یاساییان بۆ دابنرێن.

جەختیشی کردۆتەوە کە تاوەکو ئەو هەڵسەنگاندنانە دەکرێن یان ڕێسای تایبەتیان بۆ دادەنرێت پێویستە وڵاتان بەکارهێنانی ئەو جۆرە تەکنەلۆژیایانە هەڵپەسێرن، بەتایبەت ئەوانەی کە مەترسیی گەورەیان لێدەکەوێتەوە، لەوانە ئەو تەکنەلۆژیایانەی بڕیاری ئۆتۆماتیکی دەدەن یان ئەوانەی بۆ دیاریکردنی تایبەتمەندی دیاریکراوی خەڵک بەکاردەهێنرێن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی