نهێنی کۆبوونەوەی ئەمەریکا و روسیا بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی تورکیا و ئێران لە سوریا ئاشکرا دەبێت

جیهان

19/09/2021‌ 1841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"کە پشتی بە سەرچاوەی ئەمەریکی بەستووە، لەمدواییە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکی و هاوتا رووسییەکەی لە جنێڤی پایتەختی سویسرا کۆبوونەتەوە و چەند دۆسیەیەکیان تاووتوێ کردووە، لەوانە دوورخستنەوەی هێزەکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە باشووری سوریا و کەمکردنەوەی رۆڵی تورکیا لە باکوری ئەو وڵاتە، ئەوە جگە لە گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بۆ لوبنان لەڕێگای خاکی سوریاوە.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەکردووە کە دیدارەکەدا بریت ماکگۆرگی بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و سێرگی ڤیرشینین جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا باسیان لە جێبەجێکردنی لەیەکتێگەیشتنەکەی ساڵی 2018 کردووە کە بەپێی ئەوە دەبێت هێزەکانی ئێران لە سنووری بەریەککەوتن لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل دووربخرێنەوە، بەتایبەت لەدوای پێشهاتەکانی ئەمدواییەی پارێزگای دەرعا و مەترسیی ئیسرائیلییەکان بەوەی کە رەنگە ئەو ناوچەیەش ببێتە ناوچەی جێ هەژموونی ئێرانییەکان.

هەروەک لە راپۆرتەکەی شەرقولئەوسەتدا هاتووە: ماکگۆرگ لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی باسیان لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی هێرشەکانی ئەمدواییەی هێزەکانی تورکیا بۆسەر هێزە کوردییەکان و خۆئامادەکردنی تورکیا بۆ کشان بەرەو ناوچە کوردییەکان کراوە.

سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە کە هەوڵەکانی ماکگۆرگ لەو پرسەدا دووسەرەیە، بەشێوەیەک لەلایەکەوە دەیەوێت جڵەوی تورکیا بۆهێرشکردنە سەر ناوچە کوردییەکان بگرێت و لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت هانی کوردەکان بدات لەڕووی سیاسیی و لەڕووی وزەوە ڕوو لە ڕژێمی دیمەشق و رووسەکان بکەن.

ئەوەش وتراوە کە بەشێک لە بەرپرسانی پارتی کۆماریی لە ئەمەریکا، مەکگۆرگ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیەویت بەرپرسیارێتیی دۆسیەی سوریا بەتەواوەتیی رادەستی رووسەکان بکات، هەروەک دەڵێن مەکگۆرگ لەگەڵ کۆڵن کە گەورە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە تێڕوانینێکی زۆر توندیان لەبەرانبەر بە تورکیا هەیە.

ئەو کۆماریانە مەزەندەی ئەوەیان کردووە کە لەسەر ئاستی بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان گۆڕانکاریی مەیدانی بێتە ئاراوە، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر رۆڵی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دێت و لەکۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی بە ئەرکی جەنگیی ئەو هێزانە دێت.

ئەو سەرچاوە ئەمەریکیانە باسیان لەوەکردووە کە شاندێکی رۆژئاوای کوردستان بەسەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات دەگاتە واشنتۆن و دەیەوێت لەنزیکەوە گوێی لە هەڵوێستی ئەمەریکییەکان بێت ، هاتنی ئەو شاندەش بە پشتیوانی ماکگۆرگ دەبیت کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کوردەکاندا هەیە و بەشێوەیەکی باش لەمەترسییەکانیان لەبارەی پیلانی تورکیا بۆ داگیرکردنی ناوچەکانیان تیگەیشتووە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی