شارپرێس:
بەگوێرەی لێکۆلێنەوەیەکی نوێی پزیشکی، زیادەرەویکردن لە خواردن هۆکاری
سەرەکیی قەڵەوبوون نییە، بەڵکو بەکاربردنی ئەو خواردنانەی بڕێکی زۆر لە
کاربۆهیدرایتی پرۆسێسکراو و خێراهەرسبوویان تێدایە، هەروەک ئەو خواردنانەی دەبنە
هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا هۆکاری تێکچوونی هۆڕمۆنی و دواجار
زیادبوونی هەستکردن بە برسێتیی و بەرزبوونەوەی کێشی جەستەن.
لێکۆڵینەوەکە دەڵێت: خواردنی کاربۆهدرایت و شیرینییە پڕۆسێسراوە خێرا
هەرسبووەوەکان، دەردانی ئەسنۆلین لەجەستەدا زیاتر دەکەن، ئەمەش وادەکات نیشتنی
چەوریی لەخوێندا زیاتر ببێت و دەردرانی هۆڕمۆنی گلۆکاجۆن کە بەرپرسە لە
بەرزکردنەوەی چڕی گلوکۆز و ترشە چەورییەکان لە ڕێڕەوی خوێندا خاو ببێتەوە.
هەر بەپێی لێکۆڵینەوە نوێکە، ئەم دۆخە خانەکان ئاگادار دەکاتەوە بەوەی
بڕێکی زۆرتر لە کالۆرییەکان دابکات و کەمتر کالۆرییەکان بۆ خۆراکپێدانی ماسولکە و
شانەکان جێدەهێڵێت، دواتریش مێشک بەمهۆیە واتێدەگات کە جەستە بڕی پێویستی لە وزە
دەستناکەوێت، بۆیە هەستی برسێتیی درووستدەکات.
توێژەرانی لێکۆڵینەوەکە کە لە گۆڤاری ئەمەریکی بۆ خۆراکپێدانی کلینیکیدا
بڵاوکراوەتەوە دەڵێن بەکارهێنانی مۆدێلی " کاربۆهیدرایت- ئەنسۆلین" لە
ئیدارەدانی کێش و چارەسەرکردنی قەڵەویدا، کاریگەریی ریشەیی لە چارەسەری ئەو
حاڵەتەدا دەبێت.
لەوبارەیەوە دوکتۆر داڤید لۆدفیگ، پسپۆڕی کوێرە ڕژێنەکان لە نەخۆشخانەی
منداڵان لە بۆستن دەڵێت: ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو بیرۆکەیە رەتبکرێتەوە کە بۆ چەندین
سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و پێیوایە قەڵەویی بەهۆی زیادەڕەویکردن لە خواردنەوە
دوروستدەبێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
https://aawsat.com/home/article/3188531/%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%81%D8%B1%D8%A7%D8%B7-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D9%86%D8%A7%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%B9%D8%A7%D9%85-%D9%84%D9%8A%D8%B3-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%A8%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D9%8A%D8%B3%D9%8A-%D9%84%D9%84%D8%B3%D9%85%D9%86%D8%A9