مەسرور بارزانی داوادەکات قوتابییان بۆ بڕوانامە نەخوێنن

کوردستان

19/09/2021‌ 1144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە قوتابی و خوێندکاران کرد تەنیا بۆ بڕوانامە نەخوێنن و هەوڵی فێربوونی زانست و زانیاری ببن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-9-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەمان بەوەدا کە گرنگییەکی تایبەت بە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا دەدەین، کاردەکەین بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکان و باشترکردنی دۆخی خوێندن بە گشتی لە هەرێمی کوردستان."
 
وتیشی "لە دوو ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری بە داخەوە دۆخێکی نائاسایی هاتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نەوەستاین و بەردەوامبووین و درێژەمان بە چاکسازییەکاندا لە هەموو بوارەکاندا."
 
سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد کە هەوڵێکی زۆر دەدەن و کاردەکەن بۆ ئەوەی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا "بە ئاستێک پێش بخەین، کە گونجاو بێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەدەی 21. کە ئامانجمان ئەوەیە قوتابیانی کوردستان و فێری ئەو پسپۆری و شارەزاییە بن کە بۆ بازاڕەکان و سەقامگیری کوردستان پێویستن، بۆ ئەوەی هەم یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری، هەمیش پاڵپشتێکی بەهێز بێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ئارامی وڵاتەکەمان".