مەلا بەختیار: دوای هەشتی تەمموز ژێر بەڕەی یەکێتی هاتەسەر بەڕە

کوردستان

27/09/2021‌ 4627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، "لە8ى تەمموزەوە، ئەوەی لەژێر بەڕەی ھەموو ژورەکانی یەکێتی بوو، یەکێتیەکان خستیانەسەر بەڕە".


مەلا بەختیار لەنوسینێکدا بەناونیشانی "یەکێتی کاتی کەمە دەبێ ڕەخنە لەخۆی بگرێ" دەڵێت:"لەهەشتی تەمموزەوە، ئەوەی لەژێر بەڕەی ھەموو ژورەکانی یەکێتی بوو، یەکێتیەکان خستیانەسەر بەڕە، لەدزی، گەندەڵی، شکستی سیاسەتی یەکێتی، چاودێریکردنی نایاسایی کادرو ئۆرگانەکانی یەکێتی، ناکارامەیی ھەندێک لەسەرکردەو بەرپرسەکان، بەکارھێنانی ھێز بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی، لەلوتکە ھەڵدێراندنی ھاوسەرۆکێک، ئەم بڕیارو سیاسەتە ناوخۆییەی یەکێتی بەبێئەوەی لەدوای 8ى تەمموزەوە بۆ یەکجاریش سەرکردایەتی کۆببێتەوە سەپێنراون".

دەشڵێت:"لەکاتێکدا لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە، بۆئەوەی پیشان بدرێ یەکێتی یەکگرتوە سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک ئەرکی لاوەکی کۆبونەوەی بێسەروبەری ئەکرد بەبێئەوەی لەو کۆبونەوانە بچوکترین کێشەی ناوخۆیی‌و کێشمەکێشی دەرەوەی یەکێتی چارەسەرکرابن".

باسى ئه‌وه‌شیكردوه‌، "ئێستا دوو هەفتە کەمتر بۆ ھەڵبژاردن ماوە، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ھەمو تاوان‌و تاڵانیەی خودی یەکێتی بەڕەسمی بڵاویکردونەتەوە، ئایە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی‌و لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن دەزانن لەناو ھەستی یەکێتیەکان‌و دەنگدەرانی یەکێتیدا چ برینێکی دەرونی قوڵیان خوڵقاندوە؟ برینەکە زۆر لەوە قوڵترە لەکاتی جیابونەوەی گۆڕان لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی 18 کورسی‌و گۆڕان 25 کورسیان ھێنا".

دەقی نوسینەکەی مەلا بەختیار
یەکێتی کاتی کەمە دەبێ ڕەخنە لەخۆی بگرێ
لە ٨ی تەمموزەوە، ئەوەی لەژێر بەڕەی ھەموو ژورەکانی یەکێتی بوو، یەکێتیەکان خستیانە سەر بەڕە. لە دزی، گەندەڵی، شکستی سیاسەتی یەکێتی، چاودێری کردنی نایاسایی کادرو ئۆرگانەکانی یەکێتی، ناکارامەیی ھەندێک لە سەرکردەو بەرپرسەکان، بەکارھێنانی ھێز بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی، لە لوتکە ھەڵدێراندنی ھاوسەرۆکێک. ئەم بڕیارو سیاسەتە ناوخۆییەی یەکێتی بەبێ ئەوەی لەدوای ٨ تەمموزەوە بۆ یەک جاریش سەرکردایەتی کۆببێتەوە سەپێنراون. لە کاتێکدا لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە، بۆئەوەی پیشان بدرێ یەکێتی یەکگرتوە سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک ئەرکی لاوەکی کۆبونەوەی بێ سەروبەری ئەکرد بەبێ ئەوەی لەو کۆبونەوانە بچوکترین کێشەی ناوخۆیی و کێشمەکێشی دەرەوەی یەکێتی چارەسەر کرابن.

ئەو دروشمە زەقەی بە ناوی نوێبونەوە بەرز کرایەوە، نەک یەکێتی نوێ نەکرایەوە، بەڵکو نائومێدییەکی ڕەھاو بێ متمانەییەکی ڕەھاو پێشێلکردنی ڕەھای پرنسیپەکانی حزبایەتی شلکردنی جڵەوی ھەلپەرستی و مشەخۆری ڕەھا، لە ناو یەکێتی و لە پەنای دروشمی نوێبونەوەدا سەری ھەڵدا. نەک کێشە کۆنەکان کە پێش چوارەمین کۆنگرە لەناو یەکێتی و لە دەرەوەی یەکێتی و لایەنەکاندا ھەبوون چارەسەر نەکران، بەڵکو کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی گەیەندرانە بنبەستێکی ترسناکی ئەوتۆ، پاشماوەی ڕێزو خۆشەویستی یەکێتی لەناو خەڵکدا لاوازتر کرا بەتایبەتی لەناو بازاڕو موچەخۆرو پەیوەندیە نیشتیمانی و نێونەتەوەیەکاندا.

ئێستا دوو هەفتە کەمتر بۆ ھەڵبژاردن ماوە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ھەمو تاوان و تاڵانیەی خودی یەکێتی بەڕەسمی بڵاوی کردونەتەوە، ئایە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن دەزانن لەناو ھەستی یەکێتیەکان و دەنگدەرانی یەکێتیدا چ برینێکی دەرونی قوڵیان خوڵقاندوە؟ برینەکە زۆر لەوە قوڵترە لەکاتی جیابونەوەی گۆڕان لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی ١٨ کورسی و گۆڕان ٢٥ کورسیان ھێنا. ئێستا نە گۆڕان پڕوپاگاندە دژی یەکێتی دەکات و نە ھاوپەیمانیە دیموکراتیە کاتیەکەی د. بەرھەمیش دژی یەکێتین. ئێستا یەکێتی لەناو خۆیدا دژی یەکن. یەکێتی لەناوخۆیا بەربڵاوترین ھەڵمەتی دژایەتی یەکتر کە لە مێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبوە، ھاوکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەردەوامە.
ئەگەر لە سەردەمی گۆڕان و ھاوپەیمانیەکان بەشێک لە خەڵک ئەکەوتنە ژێر کەریگەری پڕوپاگەندەکانیان، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەوەی یەکێتی بە یەکێتی دەکا، ڕەشەبای گەرمیان بە دەواری کۆچەری ناکات، بۆیە نەک بەشێکی خەڵک بەڵکو زۆرینەی خەڵک باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە ئەکەن کە یەکێتیەکان خۆیان لەناو خۆیاندا دژی یەکتر بڵاوی دەکەنەوە.
لە بەرامبەر دۆخێکی ئاوای ترسناکی یەکێتیدا. تەنھا ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی گشتی و بەڵێنی سەوز پێدانی خەڵک دادی یەکێتی نادات چونکە ئەمە یەکەم ھەڵبژاردنی عێراق و کوردستان نیە ھەتاکو خەڵک باوەڕ بە دروشمەکان بکات. لە ھەڵبژاردنەکانی پێشودا بەڵێنی زۆردراو کەمی جێبەجێ کرا. دەرکەوت ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی پێشو تەنھا بۆ پاراستنی دەسەڵات بوە، چارەسەرکردنی کێشەکانی دەسەڵات بەپێی پێویستیەکانی خەڵک.
بۆیە پێموایە ئەم چەند ڕۆژەی لەبەردەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا ماوە تەرخان بکرێ بۆ ڕەخنە لەخۆگرتن لە کەموکوڕیەکان. ڕەخنەگرتن لە گەندەڵیەکان. ڕەخنە گرتن لە پێشێلکردنی پرنسیپە حزبیەکان. ڕەخنەگرتن لە نەبونی سەروەری یاسا. ڕەخنەگرتن لە پەرشو بڵاوی یەکێتی و نەبونی ھێزی یەکگرتوی کوردستان. ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی پیلانگێڕی ناوخۆی یەکێتی. ڕەخنەگرتن لە بەرز کردنەوەی ھەزاران پلەی ئەندامی لاوەکی. ڕەخنەگرتن لە جێبەجێ نەکردنی بەرنامەی سۆشیال دیموکرات بەرامبەر بە ڕەنجدەرانی بیرو بازو، ھەروەھا ڕەخنە گرتن لە دژایەتی بیری کۆنەپەرستی باوکسالاری بەرامبەر بە ژنان. ڕەخنە گرتن لەوەی لە بری چەسپاندنی کلتوری مەدەنی کلتوری دواکەوتنی کۆمەڵایەتی بوژایەوە.
من دڵنیام ئەگەر ئەو ڕەخنانە لە خۆی نەگرێ و خەڵک دڵنیا نەکات کە یەکێتی لەدوای ھەڵبژاردن ھەم لەناو خەڵک و ھەم لەناو حکومەتدا بە کردەوە بەرنامەی چاکسازی و پاکسازی و عەقڵسازی جێبەجێ ئەکات، من دڵنیام یەکێتی چارەنوسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی.
تکام وایە ھەمومان تێ بگەین مادام یەکێتی خۆی دانی پیاناوە لە ساڵانی ڕابردودا ھەڵەی پڕ لە ھەڵدێری کردوە، کەوابێ دەبێ ئەو ھەڵانە بە ڕەخنە لەخۆ گرتن و ڕیشەکێش کردن چارەسەر بکرێ نەک بە داپۆشینی چەواشەکارانە.
ئەم قسانەم بۆ مێژوو دەکەم بە دڵنیاییەوە دوو هەفتەی تر ڕووبەڕووی یەکتر ئەبینەوە. ئەو کاتە ئیتر ھەڵوێستەکان گۆڕانکارییان بەسەردێت.