کاریزما و سیاسەت

مەلەفی تایبەت

13/10/2021‌ 1628 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرس:

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
لە ماوەی  پێشوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئەڵمانیا کراو دەرئەنجامەکەشی مایەی سەرنج و تێڕامان بوو، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار. یەکەم: ئەم هەڵبژاردنە  مانای   کۆتایی هێنان بوو  بە حوکمی 16 ساڵەی پارتی دیموکراتی مەسیحی کۆنەپارێز و هاوپەیمانەکەی، هەرچەندە بە تەنهاش  حوکمیان نەکردووە بەڵکو لەماوەی ئەو 16 ساڵەدا زۆرجار لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان بوون. دووەمیان ئەم هەڵبژاردنە بەبێ ئەنگیلا مێرکل بەڕێوەچوو، چونکە بڕیاریدا کە بۆ چوارەمین جار خۆی هەڵنەبژێرێتەوە. بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو، هەڵوێستی گەلی ئەڵمانیا بوو بەرامبەر بە پارتەکەی مێرکل، هەر لەپاش نەمانی ئەم سەرکردەیە، ئەم پارتە متمانەی بەشێکی زۆری گەلی ئەڵمانیای لەدەستدا.
ئەم رووداوە کلیلی پرسیاری گرنگی دایە دەستمەوە، ئەویش ئەوەیە ئایا تاچەندە کاریزما رۆڵی لە سیاسەتی ئەمڕۆماندا هەیە؟ بۆچی گەلی ئەڵمانیا سەرەتا بە ترس و گومانەوە پێشوازیی لە مێرکل کرد، کەچی ئێستا بۆی نیگەرانن؟ تاچەندە کاریزما رۆڵی لە کۆمەڵگەی خۆرئاواییی و خۆرهەڵاتیدا هەیە؟
هەوڵ دەدەم لەم وتارەدا چەند سەرنج و تێبینییەکی خۆم لەمبارەیەوە بنووسم، کە لەوانەیە بتوانێت وەڵامی بەشێک لەم پرسیارانە بداتەوە. 

ماکس ڤیبەر و کاریزما
ماکس ڤیبەر لە ساڵی 1864 لە دایکبووە و لە ساڵی 1920 کۆچی دوایی کردووە، ئەو فەیلەسوف و کۆمەڵناسێکی ناسراوی ئەڵمانیا و جیهانە و  بە یەکێکیش لە باوکە مەزنەکانی بواری «کۆمەڵناسیی مۆدێرن» دادەنرێت و خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی فیکری گرنگە لە پێش هەمووشیانەوە» ئەخلاقی پرۆتستانیی و رۆحی سەرمایەداری « کە لە ساڵی 1905 دا نووسیویەتی، جگە لە کۆمەڵێک کتێبی تر، کە هەتا ئەمڕۆش جیهان پێیان سەرسامە. یەکێکێش لەو کتێبانەی « Politik als Beruf سیاسەت وەکو پیشە» کە لە ساڵی 1919 دا نووسیویەتی واتە ساڵێک پێش مردنی، لەم کتێبەدا بە وردی باسی تێڕوانینی سیاسی خۆی کردووە هەروەها باسی کەسی سیاسی کردووە، لە هەمووشی گرنگتر باسی چەمکی «کاریزما»ی کردووە و گرنگی ئەم چەمکە لە ژیانی سیاسیدا دەرخستووە.

کاریزما
Charisma کاریزما لە وشەیەکی کۆنی یۆنانییەوە هاتووە مانای «نیعمەتێکی خودایی» دەگەیەنێت کە خودا دەیبەخشێتە کەسێک. پاشتر ئەم وشەیە لە رێگەی ماکس ڤیبەرەوە هاتە ناو فەرهەنگی سیایسیەوە. بەپێی تێڕوانینی ماکس ڤیبەر بێت کاریزما مانای بوونی ماگنێتێکی بەهێز لەلایەن کەسێکەوە کە وا دەکات خەڵکانی تر دوای بۆچوونە سیاسیی و فکرییەکانی بکەون و تەواوی ئیرادەی خۆیان بخەنە ژێر رکێفی کەسێکەوە کە خاوەنی کاریزما بێت. ئەمەش لەناو بزاوتە ئایینی و سیاسییەکاندا زۆر گرنگە، هەروەها رۆڵێکی بەرچاویشی هەیە لە قۆناغە گرنگەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بەتایبەتی لە کاتی شۆڕش و راپەرینە جەماوەرییەکاندا. لای ماکس ڤیبەر دوو کەسایەتی خاوەنی کاریزمایەکی بەهێز بوون.  یەکەمیان « حەزرەتی مەسیح»، ئەوی تریشیان ناپۆلیۆن پۆناپارتی فەرەنسا.  یەکەمیان لە بواری ئایینیدا شۆڕشێکی گەورەی  جیهانی کردووە. ئەوی دووەمیشیان لە رووی سیاسییەوە، گۆڕانکاریی گەورەی لە فەرەنسا و جیهاندا کردووە.
بە هەرحاڵ لە سەرەتای سەدەی بیستمەوە هەتا ئەمڕۆش، کۆمەڵێک کەسایەتی جیهانی رۆڵی گەورەیان هەبووە لە رووداوە گرنگەکانی ژیانی سیاسی مرۆڤایەتیدا،  جا رۆڵەکە خراپ بووبێت لە نموونەی « هیتلەر و ستالین»، یان باش بووبێت لە نموونەی « گاندیی و ماندێلـلا».
بەگشتی دەتوانم بڵێم کاریزما لەم سەدەیەدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ژیانی سیاسی هەموو جیهاندا، بەتایبەتی لەناو گەلانی جیهانی سێهەمدا.
لە خۆرئاوادا بەتایبەتی لە ئەمریکا بە حوکمی بوونی دامودەزگای بەهێزی دەوڵەت و سیستمێکی تۆکمەی دیموکراتی، تاڕادەیەک کاریزما ئەو رۆڵەی نەبووە لە ژیانی سیاسیدا، چونکە لێرە هەموو چوار ساڵ جارێک، هەڵبژاردن  دەکرێت و سەرۆکیش تەنها یەک جار بۆی هەیە خۆی هەڵبژێرێتەوە، واتە سەرۆکێک بۆ ماوەی چەندین ساڵ نامێنێتەوە تا کاریگەریی گەورە بەسەر حزب و کۆمەڵگەدا دروست بکات. هەروەها حزب و میدیاش،  پسپۆڕن لە دروستکردنی سەرکردەدا.
بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئەوروپادا هێشتا کاریزما لە ژیانی سیاسیدا رۆڵی هەیە. ئەوەش لەبەر جیاوازیی سیستمی دیموکراتی، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا و زۆربەی وڵاتانی تری ئەوروپادا، سەرۆک بۆی هەیە چەندین جار خۆی هەڵبژێرێتەوە، دیارە جگە لە فەرەنسا کە سەرۆک تەنها یەکجار بۆی هەیە خۆی هەڵبژێرێتەوە.
ئێمە وادەزانین کە کاریزما تەنها لە خۆرهەڵات و جیهانی سێهەمدا رۆڵی گەورەی هەیە لە ژیانی سیاسیدا، بەڵام لە راستیدا لە ئەوروپاشدا کاریزما رۆڵی گەورەی هەیە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا.

کاریزما و سیاسەت لە ئەڵمانیا
وا بۆ ماوەی 70 ساڵ دەچێت کە لە ئەڵمانیادا سیستمێکی تۆکمەی دیموکراسی هەیە و دووبارە رێگە نەدراوتەوە کە سیستمێکی دیکتاتۆری  هاوشێوەی نازی دروست بێتەوە، بەڵام کاتێک سەیری ژیانی سیاسی ئەڵمانیا دەکەیت، هەمیشە خاوەنی جۆرە سەرکردەیەک بووە کە دەتوانین بڵێین سیمایەکی کاریزمایی گەورەیان هەبووە. ئەمەش لە هەردوو پارتە سیاسییە تەقلیدییەکاندا دیارە کە ئەوانیش «پارتی دیموکراتی مەسیح و پارتی سۆشیال دیموکرات» لە سەدەی پێشوودا خاوەنی سەرکردەی وەکو کۆنردار ئادناوەر، هیلمۆت کۆڵ، کە سەربە پارتی مەسیحی دیموکرات بوون. هەروەها ڤیلی براند و کارل شمیت لە پارتی سۆشیال دیموکرات.
لەپاش نەمانی هیلمۆت کۆڵ  و شکستی لە هەڵبژاردنی 1998 دا لەبەرامبەر گێرهارد شرۆدەردا ، پارتی دیموکراتی مەسیحی رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بۆوە، چونکە هیلمۆت کۆڵ خاوەنی کاریزمایەکی بەهێز بوو لەناو پارتەکەدا، ئەمەش حزبەکەی رووبەڕووی کێشەی سەرکردایەتی کردەوە، لەناو ئەم حزبەدا کۆمەڵێک کوتلە هەبوون هەریەکەیان خۆی دانابوو ببێتە جێگرەوەی کۆڵ، بۆ یەکەمجار ڤۆلڤگانگ شۆیبلە  بۆ ماوەی دوو ساڵ  بووە سەرۆکی پارتەکە، بەڵام دواجار لە ساڵی 1999 بەهۆی ئاشكرابوونی دۆسێی گەندەڵی هاوکارییکردنی دارایی حزبەکە، دەستی لەکارکێشایەوە. ئەمەش هێندەی تر کێشەی سەرکردایەتی لەناو حزبەکەدا دروستکرد، دواجار جۆرە رێکەوتنێکیان کرد کە لاوازترین کەسایەتی بۆ سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێرن کە ئەویش ئەنگێلا مێرکل بوو.

ئەنگێلا مێرکل
ئەنگێڵا مێرکل چەند خاڵێکی لاوازی هەبوو. یەکەمیان: ژن بوو، چونکە راستە کۆمەڵی ئەڵمانی کۆمەڵێکی مۆدێرنە و ماوەی چەندین ساڵیش بوو، کە ژن بەشداریی کارای ژیانی سیاسەتی کردبوو، بەڵام هێشتا پیاوان زاڵبوون بەسەر سیاسەتدا. دووەم خاڵی لاوازی سەربە مەزهەبی  پرۆتستانت بوو، لە تەواوی مێژووی پارتی مەسیحی دیموکراتیشدا ئەوانەی بوونەتە سەرۆکی ئەم پارتە کاتۆلیک بوون. سێهەمین خاڵیی لاوازی مێرکل خەڵکی ئەڵمانیای خۆرهەڵات بوو، کە هەتا ئەمڕۆش جۆرە هەستیارییەک لە نێوان هەردوو کەرتی ئەڵمانیادا هەیە.
هەر ئەمەش وایکرد کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2002 دا سەرکردایەتی پارتەکە هیچ باوەڕی بە مێرکل نەبوو کە بیکەنە کاندیدی پارتەکە بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا، چونکە دەترسان لەبەرامبەر شرۆردەردا بیدۆڕێنێت، هەربۆیە چوون ئەدمۆن شتۆیبلەیان هێنا کە سەرۆکی پارتی مەسیحی کۆمەڵایەتیی و سەرۆکی ویلایەتی بایەرن بوو، ئەم پارتە ماوەی 50 ساڵە هاوپەیمانی پارتی مەسیحی دیموکراتە و زیاتر بە پارتی هەرێمی «بایەرن» دەناسرێت. هەرچەندە لەو هەڵبژاردنەشدا هەر شرۆدەر بردییەوە، چونکە توانی زۆر بەباشی کێشەی جەنگی داگیرکردنی عیراق بەکاربهێنێت.
بەهەرحاڵ کاتێک مێرکل ساڵی 2005 بەوپەڕی دوودڵییەوە پارتی مەسیحی دیموکرات بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، بەڵام هێندە شرۆدەر لەلای خەڵكی ناشیرین بوو، لەڕقی ئەو دەنگیان بە مێرکل و پارتەکەی دا. ئەمەش خێری پێوە بوو بۆ ئەڵمانیا، چونکە هەلی ئەوەی رەخساندا کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەڵمانیادا ژنێک ببێتە راوێژکار.
مێرکل لە ماوەی حوکمڕانیدا بۆ تەواوی گەلی ئەڵمانیا دەرکەوت، کە ژنێکە توانایەکی بەهێزی هەیە و دەتوانێت گەلی ئەڵمانیا زیاتر بەرەو پێشەوەبەرێت و لە کۆمەڵێک تەنگەژەی گەورەی سیاسی و ئابووریی جیهانی و ناوخۆیی بیپارێزێت.  هەرچەندە ئەمیش لە رەخنە و خاڵی لاواز بەدەر نییە.
بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە، هەرچەندە ئەڵمانیا خاوەنی سیستمێکی دیموکراسییە و گەلێکی هۆشیاریشە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کاریزما رۆڵی لە سیاسەت و بیرکردنەوەی خەڵكیدا نییە، ئەوەتا بینیمان هەر لەپاش نەمانی مێرکل لە سیاسەتدا، گەلی ئەڵمانیا ئامادە نەبوو، دووبارە دەنگ بداتەوە بە پارتەکەی مێرکل، ئەم بێ متمانیەییەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، راستە خەڵکی ئەڵمانیا حەزی بە گۆڕینی ڤیگەری سیاسییە، هەروەها لە سیاسەتەکانی پارتی دیموکرات مەسیحی بێزارن، بەڵام دووبارە نەمانی مێرکل رۆڵی سەرەکی هەبوو لەم بڕیارەی گەلی ئەڵمانیادا.

دەرئەنجام
نەک تەنها لەم رووداوە سیاسییە بەڵکو کاتێک سەیری مێژووی سیاسی خۆرئاوا و خۆرهەڵات دەکەین، دەبینین هێشتا کاریزما رۆڵی بەرچاوی لەناو سیاسەتدا هەیە. راستە کاریزما لایەنی باشی هەیە لە کۆکردنەوەی خەڵكی و کاری دەستەجەمعی و خێراکردنی جووڵانەوەی سیاسی، بەڵام نابێت ئەوەشـمان لەبیر بچێت، هەمیشە بوونی کاریزما مەترسییەکی گەورە بووە بۆ سەر ژیانی ئازادیی و دیموکراسی، چونکە کاریزما دەبێتە هۆی لەدایکبوونی کەسایەتی ستەمکار و دیکتاتۆر، هەروەها خەڵکیش بەرەو نەفامیی و جەهلی سیاسی دەبات، کە ئەمەش وڵاتانی جیهان بەرەو  جەنگ و شكستی گەورە دەبات، چونکە ئەگەر گەل هەموو دەسەڵات و ئیرادەی خۆی رادەستی کەسێک کرد، ئەوا زۆر ئاسانە خەڵکی بەرەو نەهامەتی بەرێت و حوکمێکی دیکتاتۆری و ستەمکار دروست ببێت.
هەربۆیە دەبینین کاتێک سەرکردەیەکی کاریزمی نامێنێت، ئەو جووڵانەوەیە یان حزبە سیاسییە تەنانەت دەوڵەتەکەش، رووبەڕووی کێشەی گەورەی سیاسیی دەبێتەوە و کەس ناتوانێت جێگەی بگرێتەوە و بەردەوامی بە ژیانی سیاسی بدات.  هەربۆیە هیچ کاتێک لەگەڵ بوونی کەسانی کاریزمیدا نیم و لەو باوەڕەدام چەندە سوودی هەیە، دە هێندە زیانی هەیە بۆ ژیانی سیاسی، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتدا.