تورکیا لەبەردەم قەیرانێکی نوێدا... لەلێواری مەرگێکی حەتمیدا

ڕاپۆرت

24/10/2021‌ 11231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە 21-10-2021 هەڕەشەی دەرکردنی لەژمارەیەک باڵیۆزو دیپلۆماتی ڕۆژئاوایی کرد کە داوایانکردبوو عوسمان کاڤالا، کەسایەتیی دیاری بواری خێرخوازی لەتورکیا ئازادبکرێت، لەنێو ئەو باڵیۆزو دیبلۆماتکارانەشدا ئەمریکا بونی هەیە، ڕەنگە ئەمە قەیرانێکی نوێ ڕوبەڕوی تورکیا بکاتەوە.


لەتورکیا چی ڕودەدات؟ کۆرۆنا لەلایەک‌و داڕمانی لیرەی تورکی لەلایەکی دیکەو لەهەموی مەترسیدارتر کوڵانی دۆخی نێوخۆیی ئەو وڵاتەیە، لەلایەکی تریشەوە تێکچونی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی دونیا کە پێدەچیت بەم هەنگاوە تورکیا بچیتە قۆناغێکی نوێوەو ئیدی ئەو وڵاتە نەبێت کە وڵاتانی زلهێز هیواکانیانی پێوە ببەستنەوە.

دوای ئەوەی ژمارەیەک دیبلۆماتکاری بیانی ڕایانگەیاندبوو کە دەستگیرکردنی عوسمان کاڤالا تاریکیی خستووەتەسەر ڕێزگرتن لەدیموکراسی، سەروەریی یاساو شەفافیەتی سیستمی دادگەریی تورکیا، ئەردۆغان لەوەڵامی ئەوەدا هەڕەشەی دەرکردنی ئەو دیبلۆماتکارانەی لەوڵاتەکەی کردو هەر لەیەکەم ساتی گەیشتنی هەواڵەکەوە ڕاستەوخۆ وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد ئاگاداریان بکاتەوە بۆیان نییە دەستوەردان بکەن لەکاروباری ناوخۆیی تورکیاو ئەگەر ئەو ویستەیان هەبێت دەبێت تورکیا جێبهێڵن.

لەبەرامبەردا، ئەو دیبلۆماتکارانەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بانگهێشتکرابون بۆئەوەی نامەی ناڕەزایەتی ئەنقەرەیان بدرێتێ، هۆشداریدەدەن لەوەی، ئەگەر تورکیا سوربێت لەسەر ئازاد نەکردنی کاڤالا، ئەوا سزای زۆر قورس‌و توند چاوەڕێی ئەنكەرە دەکات.

عوسمان کاڤالا دیارترین کەسایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی تورکیایە، ساڵی 2013 بەشداریی لەخۆپیشاندانێکدا کرد کە دژی حکومەتی تورکیا بوو، لەوکاتەشدا ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو، هاوکات ساڵی 2016 لەسەروەختی کودەتا شکستخواردوەکەی تورکیا کاڤالا تۆمەتبارکرا بەهەوڵدان بۆ خستنی حکومەتی تورکیا.

کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا هەرزوو دوای ئەو هەنگاوەی تورکیا بۆ دەرکردنی دیبلۆماتکارە بیانییەکان هاتەسەرخەت‌و ڕایگەیاند، تورکیا زۆر دورە لەپەیوەندیکردن بەیەکێتی ئەوروپاوە، چونکە ئەو وڵاتە ئامارێکی مەترسیداری لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆماکردوە، ئەم قسەیەی یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا جۆرێک لەشۆکی پێوەبوو، چونکە ساڵانێکی زۆرە تورکیا لەهەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ یاساکانی یەکێتیەکەدایە بۆ ئەوەی بتوانێت مافی ئەندامێتی وەربگرێت، بەڵام ڕەنگە چیدی ئەو هیوایەشی نەمێنێت.

کۆمسیۆنەکە کە باڵاترین دەسەڵاتییەکێتی ئەوروپایە دەشڵێت:"سیستمی سەرۆکایەتی تورکیا عەیب‌و عاری زۆرەو بوەتە کێشەی گەورە لەبەردەم ئازادییەکاندا".

دۆخی نێوخۆیی تورکیا تادێت بەرەو لێواری داڕمان دەچێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە تەنگی بەو وڵاتە هەڵچنیوەو ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر لایەنی ئابوریی تورکیا داناوە، لیرەی تورکیش تادێت زیاتر بەهاکەی لەدەستدەدات.

ڕۆژی هەینی لیرەی تورکی بۆیەکەمجار لەمێژوی خۆیدا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەهاکەی لەدەستدا، بەشێوەیەک بەهای 100 دۆلار نزیکبوەتەوە لەیەک ملیۆن لیرەی تورکی، کە پسپۆڕانی ئابوری پێیانوایە ئەمە گەورەترین شکستی ئابوری تورکیایە لەمێژوی دورونزیکدا.

هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەردۆغان بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان یەکێكی دیکەیە لەو بۆمبە تەوقیتکراوانەی ئەگەری هەیە لەهەرساتێکدا بەڕوی تورکیادا بتەقێتەوە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ماوەی کارابونی سزاکانی سەر تورکیای بەهۆی هێرشەکانی ساڵی 2019ى سەر ڕۆژئاوای کوردستان درێژکردەوە، بەڕای چاودێران ئەو هەنگاوەی بایدن ئاماژەیەکە بۆئەوەی ئەردۆغان پڕکێشی نەکات‌و بیر لەهێرشی نوێ بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان نەکاتەوە.

ڕەنگە ئەم هەڵوێستەی بایدن لەوەوە سەرچاوەی گربێت کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بایدن بانگەشەی ئەوەی دەکرد دەسەڵاتی تورکیا دەسەڵاتێکی سەره‌رۆیەو لەداهاتودا کار بۆ گۆڕینی ئەو دەسەڵاتە دەکەن.

چاودێران پێیانوایە، بونی باڵیۆزخانەی ئەمریکاو ژمارەیەک وڵاتی زلهێز لەنێو ئەو باڵیۆزانەی کە یاداشتەکەیان بڵاوکردۆتەوە، هەنگاوی یەکەمی ئەو گۆڕانکاریەیە کە بایدن باسی دەکرد.

سەرباری هەموو ئەو قەیرانانەی ڕوبەڕوی ئەردۆغان بوەتەوە، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا شۆکێکی گەورە توشی ناوبراو بوو، بەڵام ئەمجارە شۆکەکە لەدەرەوەی تورکیا بوو، بەدیاریکراویش لەبەشە تورکیەکەی قوبرس کە ساڵانێکە ئەردۆغان شانازی پێوەدەکات‌و شەڕی لەسەردەکات.
سکانداڵەکەی بەشە تورکیەکەی قوبرس ئەمجارە لەسەر ئاستی باڵادا بوو، ئەویش بەهۆی گرتە ڤیدیۆییەکی سێکسیەوە کە تیایدا سەرۆک وەزیرانی بەشە تورکیەکەی قوبرس لەڕێگەی تەلەفۆنەوە سێکس لەگەڵ کچێک دەکات، هەر ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە تاکە بژاردە کە خراوەتە بەردەستی سەرۆک وەزیران ئەوەیە، دەست لەپۆستەکەی بکێشێتەوە، بەوەش ئەردۆغان هاوپەیمانێکی خۆی لەدەستدەدات.

لەدۆسیەی کاڤالا زمانی ئەردۆغان بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو توند بوو، چونکە ناوبراو دەڵێت:"ئایا ئەوە کاری ئێوەیە وانە بەتورکیا بدەن؟ ئێوە کێن؟ دەتانەوێت کاڤالا ئازادبکەین، ئایا ئێوە چەتە، تاڵانچی، بکوژو تیرۆریستەکان لەنێوخۆی وڵاتەکەتان ئازاد دەکەن؟ ئەمریکا، ئەڵمانیا، کامیان کارێکی لەو شێوەیەی کردوە؟ نەیانکردوەو ناشیکەن.

ئەم زمانەی ئەردۆغان زمانێکە کە پێدەچێت لێخۆشبونی قورس بێت لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاو هاوپەیمانیەکانیەوەو ئیدی وردە وردە قەیرانێکی گەورەی دیبلۆماسی ڕوو لەو وڵاتە بکات.