دواى مه‌لا به‌ختیار ژه‌هرخواردكردنى سه‌ركردایه‌تیه‌كى یه‌كێتیش پشتڕاستكرایه‌وه‌

کوردستان

28/10/2021‌ 5775 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ژەهرخواردكردنى دوه‌م به‌رپرسى باڵاى یه‌كێتى پشتڕاستده‌كرێته‌وه‌و شارپرێس له‌زارى سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو به‌رپرسه‌ى یه‌كێتیه‌وه‌ زانیاریی گرنگ ئاشكراده‌كات.


سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌حه‌سه‌ن نورى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان‌و به‌ڕێوه‌به‌رى پێشوى ئاسایشى سلێمانى به‌شارپرێسى ڕاگه‌یاند، "له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانى به‌رلینى پایته‌ختى ئه‌ڵمانیا، ژه‌هرخواردكردنى حه‌سه‌ن نورى (وه‌ستا حه‌سه‌ن) پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شى وت:"به‌گوێره‌ى ئه‌و پشكنینانه‌ى بۆى كراوه‌، ده‌ركه‌وتوه‌ نزیكه‌ى شه‌ش مانگ پێش ئێستا ئه‌و ژه‌هره‌ به‌وه‌ستا حه‌سه‌ن دراوه‌و ئێستا كاریگه‌ریه‌كانى له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتون‌و قژى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو هه‌ڵده‌وه‌رێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ئاخۆ چ جۆره‌ ژه‌هرێك به‌سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ى یه‌كێتى دراوه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ ڕایگه‌یاند، "ئه‌وه‌یان نازانین، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ دواتر زانیاریی زیاتر بۆ ڕاى گشتى ئاشكراده‌كرێت".

پشتڕاستكردنه‌وه‌ى ژه‌هرخواردكردنى حه‌سه‌ن نورى دواى ئه‌وه‌دێت، شه‌وى ڕابردوو میدیاى فه‌رمى مه‌لا به‌ختیار ژه‌هرخواردكردنى ناوبراوى ئاشكراكرد كه‌ له‌لایه‌ن پزیشكان‌و دواى پشكنین ده‌ركه‌وتوه‌ ڕاسته‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ شارپرێس له‌ڕاپۆرتێكى وردو پڕ زانیاریدا چه‌ند زانیاریه‌كى گرنگى له‌باره‌ى چونه‌ ده‌ره‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى یه‌كێتیه‌وه‌ ئاشكراكرد كه‌ به‌مه‌به‌ستى پشكنین كوردستانیان به‌ره‌و وڵاتانى ئه‌وروپى‌و عه‌ره‌بى به‌جێهێشتوه‌.

ش.هـ

بەپەلە