ڕۆژئاواو كاتژمێرى سفر
ئەردۆغان هەڕەشەی نوێ دەکات

ڕاپۆرت

03/11/2021‌ 2246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆئاوای کوردستان‌و چارەنوسێكی پڕ مەترسیی...کۆبانێ جارێکی تر لەبەردەم هێرشی سوپای تورکیادایەو هیچ کەسیش قسەیەک ناکات... ڕۆژ بەڕۆژ سوپای تورکیا ئامادەکاریەکان زیاتر دەکات بۆ هێرش‌و ئەردۆغانیش هەڕەشەی نوێ دەکات.


سات بەسات وادەی ڕانەگەیەنراوی هێرشی سوپای تورکیا  بۆ سەر ڕۆژئاوا نزیکدەبێتەوە لەکاتژمێری سفرو پێدەچێت ئەمجارە توکیاو خودی ئەرۆغان بیانەوێت گروپە چەکداریەکانی نزیک خۆیان بکەنە فەرمانڕەوای ناوچەکانی خۆ بەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا.

لەپاش درێژکردنەوەی بڕیاری ئۆپه‌راسیۆنی دەرەوەی سنور لەلایەن پەرلەمانی تورکیا، جارێکی دیکە دەسەڵاتی ئەوە درایەوە ئەردۆغان‌و سوپاکەی تا بۆ هێرش‌و پەلامارەکانی بۆ سەر سوریاو عێراق دەستکراوە بێت، ئەمە دەرفەتێکی باشە لەبەردەم ئەردۆغاندا بۆ ئەوەی پلان‌و خواستە فراوانخوازیە سەربازیەکانی خۆی لەناوچەکەو بەتایبەت لەڕۆژئاوای کوردستان بەدیبهێنێت.

ئەگەرچی لەدوایین کۆبونەوەی پەرلەمانی تورکیا کە تایبەتبوو بەبریاری ئۆپراسیۆنی دەروەی سنور، دەنگی دژ بەو بڕیارە زۆربوو، بەتایبەت بۆ یەکەمجارە دوەم بەهێزترین پارتی وڵاته‌کە دەنگی نەخێرى دژی بڕیارەکە بەرزکردەوە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن، تورکیا هەڕەشەکانی بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان‌و داگیرکاری خاکی کوردستان  بکاتە کردار.

ئامادەکاریەکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە تەواوبون‌و لەچەند هەفتەی ڕابردودا بەرپرسانی سەربازیی تورکیا ڕایانگەیاندبوو، ئەوان چاوەڕوانی دیداری دوو قۆڵى نێوان بایدن‌و ئەردۆغان دەکەن.

تورکیا مەبەستی بوو لەو دیدارەدا هەڵوێستی ئەمریکاو بایدن بزانێت سەبارەت بەهێرشەکانی‌و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەو دەیویست ئەگەر ڕەزامەندیشی بەدەستنەهێنیت، کارێک بکات دژایەتی ئۆپەراسیۆنەکە نەکات.

تورکیا پێش دیدارەکەی بایدن‌و ئەردۆغان کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا لەدیداری جی 20 بەڕێوەچوو، سەرجەم ئامادەکاریەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی کردوەو ئامادەیە بۆ هێرشکردن هاوشێوەی هێرشەکانی سەر عەفرین‌و سەرێکانێ‌و گرێ سپی‌و هەماهەنگی تەواویکردوە لەگەڵ گروپەکانی نزیک لەخۆی وەک سوپای سوریای نیشتمانی‌و کەتیبەکانی دیکەی نزیک لەسوپای وڵاتەکەی.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، 35 هەزار سەربازی سوپای تورکیا لەئامادەباشی تەواودان بۆ هێرشەکە بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانی‌و ژمارەیەکی بێشوماری چەک‌و تەقەمەنی‌و پێداویستی جەنگیی تایبەت.

لەدواین دەرکەوتنیداو لەدوای دیدارەکەی لەگەڵ جۆ بایدن، ڕەجەت تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەوان مەبەستیانە ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجامبدەن‌و هیچ هێزێکیش ناتوانێت ڕێیان لێبگرێت، ڕەنگە ئەمە کۆتا پەیامی ئەردۆغان بێت پێش هیرشەکان‌و ئیدی بەکردەیی سوپاکەی دەست بەجوڵە ڕوەو ناوچە کوردیەکان‌و ئیدارەی خۆ بەڕێوەبەریی ناوچەکە بکات.

چاودێرانی دۆخەکە پێیانوایە، ئەگەر تورکیا ئەو پلانەی بۆ بچێتەسەر، ناوچەیەکی گرنگ لەڕۆژئاوای کوردستان‌و ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەکاتە ئامانجی داگیرکاری خۆی کە هەریەک لەناوچەکانی  (ته‌ل ڕەفعەت، عەین عیسا، ته‌ل تەمەرو مه‌نبه‌ج) لەخۆدەگرێت.

ئەم ئۆپەراسیۆنەی سوپای تورکیا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا سێیەم ئۆپەراسیۆنی گەورەی ئەو وڵاتە دەبێت لەنێو خاکی سوریاو ڕۆژئاوادا، لەدوای ئەوەی لەساڵی 2018 عەفرینی داگیرکردو لەساڵی 2019ش سەرێکانی‌و گرێ سپی داگیرکرد.

بەرەبەیانی ڕۆژی دوشەمە 1ى نۆڤه‌مبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەپەلە کۆتایی بەگەشتەکەی بۆ ئەوروپا هێناو گەیشتەوە تورکیا.

ئەگەرچی باس لەوەدەکرێت، جۆ بایدن هۆشیاریداوەتە ئەردۆغان لەوەی کارێک نەکات لەوە زیاتر پەیوەندیەکانیان تێکبچێت، بەڵام ئەزمونی ڕابردوو لەبێهەڵوێستی‌و تەنانەت چاوپۆشی هەریەک لەڕوسیاو ئەمریکا لەو دوو ئۆپه‌راسیۆنەی ڕابردوی تورکیا لەڕۆژئاوا ڕەنگە ئاماژەبن بۆ جارێکی تر بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەهێرشەکانی تورکیا لەسوریا.

ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان‌و بەشێکی زۆری شارە کوردیەکان لەژێر هەڕەشەو لەشکرکێشییەکی بێوێنەی سوپای تورکیادان، حکومەتی هەرێم‌و هیچ هێزێکی باشوری کوردستان تائێستا هیچیان نەوتوەو نەیانتوانیوە ببنە بەشێک لەهەوڵی ڕاگرتنی هێرشەکان‌و سەرکۆنەکردنی لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا، ئەگەر لەڕابردودا باشوری کوردستان ڕوبەڕوی جینۆسایدو شەڕو پەلاماری دوژمن بوبێتەوە گلەیی خەڵکەکەی ئەوە بوە وڵاتانی دەوروبەرو بەناو دۆستەکانی هیچ هەڵوێستێکیان نەبوەو ئێستاش هەمان سیناریۆ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دوبارە دەبێتەوەو هیچ کەس قسەیەکی لەسەرناکات.