زنجیرەیەک گۆڕانکاریی خێرا له‌ناو یه‌كێتیی ڕودەدەن‌و چارەنوسی حزبەکە دەخەنە بەردەم دۆخێکی نوێوە

ڕاپۆرت

04/11/2021‌ 8332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لاهور شێخ جەنگی بۆمبێکی گرت بەدەستەوە یەکەم کەس بەخۆیدا تەقییەوە.. دەباشانیەکان گێمی یەکەمی یاریەکەیان بردەوەو گێمی دوەم، تۆپ لەساحەی لالەزاریەکانە.


سەرەنجام‌و دوای نزیکەی چوار مانگ لەکێشەو ململانێ‌و دەستشکاندنەوەیەکی توند، ئێوارەی 2ی تشرینی دوەم بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی‌و ژمارەیەک لەئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی دەرکرد کە هەمویان بەکەسانی نزیک لەوناوبراو دادەنرێن.

لاهور شێخ جەنگی لەدواهەمین پەیامیدا کە هەمان ئێوارەو پێش بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، "یەکێتی لەدۆخێکی چەقبەستوی ناهەمواردایەو دەبێت چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت‌و داوایکرد ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆببێتەوە بەمەبەستی دیاریکردنی چارەسەری کێشەکان".

لاهور شێخ جەنگی لەپەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی یەکێتی ئەگەرچی لەخراپترین دۆخدایە، بەڵام نابێت یەکێتیەکان بێئومێدبن، چونکە ئەم قۆناغەش بەهیمەتی دڵسۆزان تێدەپەڕێت‌و ئێستاش دەرفەت ماوەو درەنگ نییە بۆئەوەی بەحەکیمانە کێشەکان چارەسەربکرێن، ئەم قسانەی لاهور شێخ جەنگی وەک هەوڵێک بۆ خاوەندارێتی یەکێتی لێکدرایەوە.

هەر زوو، دوای کەمتر لەیەک کاتژمێر بەسەر پەیامی ئامۆزاو هاوسەرۆکەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی بڕیاری دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی‌و ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکەی دەرکردو ژماریەک بەرپرسی تریشی لەکارکردن بۆ ماوەیەک سڕکرد.

لەدوای بڕیارەکانەوە دوو بۆچون دروستبون، بەشێک پێیانوایە بڕیارەکان کاردانەوەی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی بون‌و ئیدی هیچ دەرفەتێک لەبەردەم کێشەکاندا نەما بۆ چارەسەرو بەشێکی تریش پێیانوایە بڕیارەکان هی ماوەیەکی زۆر پێش ئێستان‌و بەبۆنەی هەڵبژاردنەوە دواخرابون.
تەقینەوەی کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکان لە٨ی تەمموزی ڕابردوەوە زنجیرەیەک ڕوداوی سیاسی‌و ململانێی نێوان باڵە جیاوازەکانی نێو یەکێتی‌و هەندێکجاریش جموجوڵی سەربازی‌و گرتنەبەری ڕێی دادگای بەدواداهات، بەڵام هیچکام لەوانە نەیانتوانی ڕێگە لەو بڕیارە بگرن کە هەر لەسەرەتاوە تائێستا یەکێتیەکان ترسیان لێی هەبوو، سەرەنجام بڕیارەکە دراو ئیدی لەبری هاوسەرۆک دەبێت دەستەواژەی هاوسەرۆکی پێشوی یەکێتی بۆ لاهور شێخ جەنگی بەکاربهێنرێت.

میدیاو کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی هەر زوو هاتنە دەنگ‌و ڕایانگەیاند، لاهور شێخ جەنگی بەهیچ جۆرێک پابەندی بڕیارەکە نابێت‌و ئەوان ناچنە ژێرباری هیچ بڕیارێکەوە لەدەرەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی بێت، پاساوی ئەوان بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکان خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییە کە باس لەئەگەرەکانی لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتی‌و بەرپرسیارێتی دەکات‌و ئەوکارەش لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدایە نەک هاوسەرۆک‌و مەکتەب سیاسی، لەلایەکی تریشەوە بەشێک لەئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی کە بەسەرکردە نزیکەکانی بافڵ تاڵەبانی‌و دەباشان ناودەبرێن پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەکان دەربڕی‌و ئاماژەیان بەوەکرد، ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەسەڵاتی بڕیاردانی داوەتە هاوسەرۆکی حزبەکەو بڕیارەکانی ئەو، بڕیاری هەموو سەرکردایەتیەو شەرعیەتی پەیڕەوی هەیە.

بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوەو ئێستا چاوەکان لەسەر جوڵەکانی لاهور شێخ جەنگین، داخۆ وەک چەند مانگی ڕابردوو هەر بەبێدەنگیی دادەنیشێت یان دەکەوێتە جوڵەو دەست بۆ بژاردەی دوەم دەبات.

بەپێی زانیاریەکانی بەردەست شارپرێس بریارو گۆڕانکاریەکان لەڕۆژانی داهاتوو زیاتر دەبن‌و ژمارەیەک بەرپرسی مەڵبەندو کۆمیتەو بەرپرسی حکومی لەئاستی باڵا دوردەخرێنەوە کە هەمویان بەکەسانی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی ناودەبرێن.

یەکێتیەکانی باڵی لاهور شێخ جەنگی لەسەرجەم ئۆرگان‌و کۆمیتەو مەڵبەندەکان تا ساتی دەرکردنی بڕیارەکان هیوایەکیان هەبوو کە کێشەکان چارەسەربکرێن‌و خۆیان لەچوارچێوەی حزبەکەیاندا ببیننەوە، بەڵام ئیدی کاتەکە درەنگ بوەو گێمی یەکەمی یاریەکە کۆتاییهاتوەو تیمی دەباشان براوەی گێمی یەکەم بون، ئێستا کات کاتی دەستپێکردنی گێمی دوەمەو دەبێت یاریزانەکانی تیمی لالەزار دەست بەیاریی بکەن ئەگەرنا ناتوانن لەگۆڕەپانەکەدا بمێننەوە، ڕەنگە پشتیوانەکانی لاهور شێخ جەنگی لەسەرجەم ئۆرگانەکان نەتوانن چیدی قبوڵی بکەن ئەوان یەکێتی بن‌و هاوسەرۆکەکەیان لەحزبەکە دورخرابێتەوە بۆیە ئیدی پێدەچێت ڕۆژی یەکلاکردنەوەی كێشەکان نزیک بوبێتەوەو بەشێک لەیەکێتیەکان لالەزار بکەنە مەنزڵگەو هەوارگەی کاری نوێی خۆیان.

ئێستا کە یەکێتی بەدۆخێکی تەواو هەستیارو ناهەمواردا تێدەپەڕێت، بەشێکی زۆر لەسەرکردە دیارو باڵاکانی یەکێتی لەدەرەوەی هەرێمن، بەشێکیان وەک خۆیان دەڵێن بۆ گەشتوگەڕان‌و بەشێکی تریشیان بۆ وەرگرتنی چارەسەرو پشکنینی تەندروستی، نازانرێت هەڵوێستی ئەوان لەسەر بڕیارەکان چییەو کاردانەوەیان چیی دەبێت، خۆیان بێدەنگکردوە لەکاتیکدا بەشێکیان بەرپرسیارێتی باڵایان هەیە لەحزبەکەدا، بەڵام پێدەچێت هەموو هاوڕابن لەسەرئەوەی گۆڕەپانەکەیان چۆڵکردبێت بۆ بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی دەستی ئامۆزاکەی لەزەوی بدات.

بابەتی ژەهر خواردکردن لەنێو یەکێتی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو بابەتێکی گەرم‌و جێی سەرنج بوەو یەکێتیەکانی نزیک لەدەباشان بەشێک لەهۆکاری بڕیاری دورخستنەوەکان وەک تۆڵەیەک لەهەوڵی ژەهرخواردکردنی بەشێک لەسەرکردەکانی حزبەکەیان ناودەبەن هەرچەند تائێستا بەفەرمی هیچ بەرپرسێکی یەکێتی لاهور شێخ جەنگی‌و کەسە نزیکەکانی تاوانبار نەکردوە بەدۆسیەکە.

ئەگەر پێشتر وترابێت یەکێتی پێش ٨ی تەمموز جیاوازە لەیەکێتی دوای ٨ی تەمموز، ئەوا بەدڵنیاییەوە یەکێتی پێش ٢ی نۆڤەمبەرو دوای ئەو بەروارە تەواو جیاوازتر دەبێت‌و زنجیرەیەک لەگۆڕانکاریی خێراو گرنگ ڕودەدەن کە چارەنوسی حزبەکە دەخەنە بەردەم دۆخێکی نوێوە.

بابەتی هاوسەرۆکایەتی بەکوێدەگات‌و ئەنجومەنی سەرکردایەتی چ بڕیارێک دەدات، لەغیابی ئەنجومەنی باڵای سیاسیدا؟ حزبەکە چیدەکات‌و مەکتەبی سیاسی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەدا دەکات؟ ئۆرگانەکانی حزبەکە چۆن لەشەقبون‌و دابەشبوون دەپارێزرێن؟ فراکسیۆنی پەرلەمانی‌و تیمی حکومی حزبەکە چ مامەڵەیەک لەگەڵ گۆڕانکاریەکان دەکەن‌و پشتیوانی کام بەرەیە دەبن؟ لاهور شێخ جەنگی چیدەکات‌و بافڵ تاڵەبانی کاردانەوەی چی دەبێت؟ هەموو ئەمانە ئەو پرسایارانەن کە دەبێت ئیدی وردە وردە یەکێتی وەڵامیان بداتەوە.