شارپرێس:
زاناکانی زانکۆی "نۆرس ویستێرن"ی ئەمریکی دەڵێن، جۆرە دەرمانێکی نوێیان دۆزیوەتەوە کە پڕۆسەی نوێبونەوەی خانەکان ئاسان دەکاتو بەوهۆیەشەوە ڕێگریی لەئیفلیجبونی ئەو مشکە تاقیگەییانە کردوە کە بڕبرەی پشتیان شکاوە، ئەمەش وایکردوە مشکەکان لەدوای چوار هەفتە لەپێدانی چارەسەرەکە بتوانن بەپێی خۆیان بڕۆنەوە.
لێکۆڵینەوەکەی زانا ئەمریکیەکان کە لهگۆڤاری زانستیی "ساینس"دا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا ئومێدی ئەوە خواستراوە کە ئەو دەرمانە لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە لەلایەن ئیدارەی دەرمانو خۆراکیی ئەمریکی مۆڵەتی ئەوەی پێبدرێت تاوەکو تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ پێبکرێت.
لای خۆیەوە پڕۆفیسۆر ساموێڵ ستاپ کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردوە دەڵێت:"ئامانج لەو دەرمانە ئەوە بتوانرێت بدرێتە مرۆڤو لەنەخۆشخانەکاندا بۆ ڕێگریکردن لەئیفلیجبون بەوکەسانە بدرێت کە زەبری گەورەیان بەرکەوتوە یان ئەوانەی بەدەست ئیفلیجبونەوە دەناڵێنن".
زانستی پزیشکی ماوەکی زۆرە کار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری ئیفلیجی دەکات، لەئێستاشدا چەندین دەرمانی تر تاقیکردنەوەیان لەسەردەکرێت.
و: ئاکۆ ئاڵی