ئه‌مریكا بڕیارێكى گرنگ له‌باره‌ى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ ده‌رده‌كات‌و توركیاش نیگه‌ران ده‌كات

کوردستان

16/11/2021‌ 7437 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كى نهێنى نێوان واشنتۆن‌و ڕوسیا، ئه‌مریكا بواری ئاسمانیی ڕۆژئاوای کوردستانیان لەبەردەم جوڵەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیادا کردەوەو ڕێگەیان پێدان مانۆڕی سەربازیی لەو جێگایانەدا ئەنجامبدەن کە بێ ڕەزامەندی ئەمریکا نەیاندەتوانی بیکەن، ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ش ئه‌نكه‌ره‌ى نیگه‌ران كردوه‌.


بەپێی ڕاپۆتێکی ڕۆژنامەی "نیزاڤیسیمایا گازێتا"ی ڕوسیی ئەو ئاماژانەی لەدیدارو کۆبونەوە نهێنییەکانی نێوان ئەمریکاو ڕوسیا لەبارەی پرسی سوریا بەدیاردەکەون لەبەرژەوەندی تورکیادا نین‌و ئەنکەرە لەبارەیانەوە نیگەرانە.

لەبابەتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتوە، "لەجنێڤ گەڕێکی نوێی دانوستانە ڕانەگەیەندراوەکان لەنێوان ڕوسیاو ئەمریکا لەبارەی پرسی سوریا بەڕێوەدەچن، گریمان دەکرێت ئەو کۆبونەوانە لەسەر ئاستی سێرگی ڤێرشینین یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ڕوسیاو برێت ماکگۆرگی ڕێکخەری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقیای سەر بەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

ئاماژە بەوەشکراوە کە واشنتۆن‌و مۆسکۆ دەیانەوێت لەو کۆبونەوانەدا باس لەپرسی ڕۆژئاوای کوردستان‌و هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بەهەسەدە بکەن، بەوپێیەی ئەنکەرە ئاماژەی ئەوەی ناردوە کە ئامادەیی ئەوەیە تێدایە بۆ دورخستنەوەی کورد لەسەر سنورەکانی باشوری تورکیا کردەوەیەکی سەربازیی نوێ لەسوریا ئەنجامبدات.

لەوبارەیەوە، کیریل سیمیونۆڤ پسپۆڕ لەئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی لەڕوسیا بەڕۆژنامە ڕوسییەکەی وتوە کە کۆبونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ئەمریکاو ڕوسیا لەجنێڤ بەدڵی تورکەکان نییە، لەبەرئەوەی ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە ماکگۆرگ لەبابەتی پەیوەست بەکوردەکاندا دژ بەتورکیا هەڵوێست وەردەگرێت.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەکردوە، ئەستەمە بزانرێت کە بەتەواوەتیی چی لەنێوان ئەمریکاو ڕوسیا لەبارەی سوریا دەگوزەرێت، بەڵام مانۆڕە سەربازییەکانی ڕوسیا لەتەلتەمرو هێنانی فڕۆکەی جەنگی بۆ بنکە سەربازییەکانی قامیشلۆ ئەوە پیشاندەدەن کە ئەوانە دەرئەنجامی ئەو ڕێککەوتنانەیە لەگەڵ ماکگۆرک کراون.

سەرباری ئەوەو لەئەنجامی ئەو دیدارانەدا، ئەمریکییەکان بواری ئاسمانیی ڕۆژئاوای کوردستانیان لەبەردەم جوڵەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیادا کردەوەو ڕێگەیان پێدان مانۆڕی سەربازیی لەو جێگایانەدا ئەنجامبدەن کە بێ ڕەزامەندی ئەمریکا نەیاندەتوانی بیکەن، هەربۆیە بەلای ڕۆژنامەکەوە تورکیا وایدەبینێت کە ئەنجامدانی ئەو ڕاوێژو دیدارانەو دروستبونی ئەو پێشهاتانە دژ بەبەرژەوەندییەکانی ئەوانن.