كورد پشتیوانیی بۆ كام له‌كاندیده‌كانى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران ڕاگه‌یاند؟

عیراق

18/11/2021‌ 3648 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانی نزیک لەئێران سورن لەسەرئەوەی دەبێت کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق لەوان بێت‌و بۆ ئەوەش ئاماژە بەکاندیدکردنی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکەن، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشكرایده‌كه‌ن، چانسی دوبارە کاندیدکردنەوەی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەمدواییەدا بەرزبۆتەوە.


بەپێی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی عێراقی کەپشتی بەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بەستوە ئاماژەی بەوەکردوە، چانسی کازمی بۆ دوبارە کاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەرزبۆتەوەو سازانی لایەنەکان لەسەری فراوانتر بوە، بەتایبەت کە ڕەوتی سەدرو کوردو کوتلەی تەقەدوم لەگەڵ کاندیدکردنەوەیدان.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردوە، جگە لەو لایەنانەی ئاماژەیان پێکراوه‌، ئەمریکاش لەگەڵ نوێکردنەوەی ویلایەتەکەیدایەو ئێرانیش دژی پێدانەوەی ئه‌و پۆستە بەکازمی نییەو پێیوایە ئاستی کارکردنی کازمی لەماوەی ڕابردودا خراپ نەبوە، بەتایبەت ڕۆڵی ئەو لەدۆسیەی نزیککردنەوەی هەریەک لەئێران‌و سعودییەدا بەرچاو بوە.

باس لەوەشکراوە، کوتلە سیاسییەکان ترسیان لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی سیاسیی هەیە کە ڕەوتی سەدر بانگەشەی بۆ دەکات.

هەروەک پێشیانوایە، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەهۆی ڤیتۆی سەدرییەکان لەسەری ناتوانێت حکومەتێکی تەوافوقی دروستبکات.