رووسیا و وڵاتانی عەرەبی گوشار لە دیمەشق دەکەن لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان ڕێکبکەوێت

جیهان

19/11/2021‌ 1328 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی لەماوەی رابردوودا میدیاکان ئاشکرایانکرد کە ڕژێمی سوریا دەستپێشخەریی رووسیای بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر رەتکردۆتەوە، بەڵام چەند بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاندووە کە ئەوان دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ دیمەشق دانەخستووە و رژێمی سوریا بەهۆی گوشارەکانی رووسیا و جیهانی عەرەبییەوە ناچار دەبێت لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان ڕێکبکەوێت.

لەوچوارچێوەیەدا، بەهزاد عەمۆ ئەندامی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" بە رۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"ی راگەیاندووە کە ئیدارەی خۆسەر پشت بە سیاسەتی دەرگا داخستن بەرانبەر بە کەس نابەستێت، بەڵکو ئەگەر بێت و ئیرادەیەکی جیدیی لەلایەنی بەرانبەردا هەبێت و بتوانێت بیانگەنێتە ئەنجامی راستەقینە ئەوە دەتوانن درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن، بەڵام رژێمی سوریا نایەوێت ئەو واقیعەی لەماوەی دە ساڵی رابردوودا درووست بووە، قبووڵ بکات.

هەروەک ئیبراهیم موسلیم چالاکیی سیاسیی نزیک لە ئیدارەی خۆسەر بە رۆژنامە عەرەبییەکەی وتووە" لەئێستادا ڕێگای دانوستان لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و ڕژێمی سوریا داخراوە، بەڵام لەکۆتاییدا دیمەشق بەهۆی گوشارەکانی رووسیا و جیهانی عەرەبیی لەسەری دەبێت لەگەڵ کورد ڕێکبکەوێت.

موسلیم هەروەک وتویەتی: هەردوولایەنی کورد و ڕژێم ناچارن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی مامناوەندی سازش بۆ یەکتر بکەن، لەبەرئەوەی بارودۆخ گۆڕاوە و ڕژێمی دیمەشق ئەوە نییە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر هەبوو، هەروەک ئیدارەی خۆسەریش رووبەڕووی چەندین ئالنگاریی بۆتەوە لەسەروویانەوە هەڕەشەکانی تورکیا لەسەری، بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لەبەرژەوەندی کورددایە لەگەڵ رژێم ڕێکبکەوێت.

بەڕای ئەو، هەموو ئەو دۆخە وادەکات ڕژێم و ئیدارەی خۆسەر ناچار بن ڕێکبکەون، بۆیە لەکۆتاییدا هەردوولا لەڕێگای دانوستانەوە دەگەنە ئەنجام و ڕێکدەکەون.

وەرگیران: ئاکۆ ئاڵی