بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەرانی کورد بیلارووسیا پێشنیازێک دەداتە ئەوروپا

جیهان

19/11/2021‌ 1467 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی مۆنتیکارلۆی فەڕەنسیی ئاشکرای کردووە کە حکومەتی بیلارووسیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەو هەزاران کۆچبەرەی کە بەشی هەرە زۆریان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن و لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بیلارووسیا بەمەبەستی دەربازبوون بۆ ئەوروپا کۆبوونەتەوە، پێشنیازێکی داوەتە یەکێتیی ئەوروپا.

بەپێی ئاژانسەکە، رۆژی پێنجشەممە ناتالیا ئیزمۆنت وتەبێژ بەناوی ئەلێسکاندەر لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلارووسیا رایگەیاندووە کە نزیکەی 7 هەزار کۆچبەر لەوڵاتەکەیاندان کە 2 هەزاریان لەکامپەکانی سەر سنووری پۆڵەندا کۆبوونەتەوە.

ئیزمۆنت ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت ڕێرەوێکی مرۆیی بۆ ئەو دوو هەزار کۆچبەرەی ناو کامپەکانی سەر سنووری پۆڵەندا بکاتەوە، ئەگەر ئەوەیان پێ باش بوو، ئەوە دەکرێت ئەو پێنج هەزار کۆچبەرەکی تریش بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.

هەروەک باسی لەوەشکرد کە ئەنگێڵا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا دانوستان دەکات بۆئەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی کۆچبەرەکان بەرەو ئەڵمانیا بکەنەوە، بەڵام هێشتا حکومەتی ئەڵمانیا سەبارەت بەو لێدوانە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.

چەند هەفتەیەک دەبێت ئەوروپاییەکان ئەلێسکاندەر لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلارووسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەڕێگای هێنانی کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی لیتوانیا و لاتڤیا و پۆڵەندا، کە سێ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپان، وەڵامی ئەو سزایانە بداتەوە کە لەلایەن ئەوروپاوە بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و هێزە بەرهەڵستکارەکان لەساڵی 2020 خراوەتە سەری.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی