عه‌صائیب له‌باره‌ى كازمیه‌وه‌ هاته‌ده‌نگ‌و دوا قسه‌ى خۆى كرد

عیراق

20/11/2021‌ 4267 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەسائیبی ئەهلی حەق بەسەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلیی ڕایگەیاند، حکومەتی داهاتوی عێراق لەڕێگای سازانی سەرجەم لایەنەکانەوە پێکدەهێنرێت، جەختیشیده‌كاته‌وه‌، چوارچێوەی هەماهەنگیی بڕیاری خۆیداوە بەوەی ڕێگە بەدوبارە کاندیدبونەوەی مستەفا کازمی نادات.


سەعد سەعدی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت:"حکومەتی داهاتوو لەهەموو حاڵەتێکدا حکومەتێک دەبێت کە بەسازانی لایەنەکان دروستدەکرێت، لەبەرئەوەی لەهەموو حکومەتەکانی ڕابردوودا ئەو عورفە جێبەجێکراوە".
هەروەک وتویەتی:"چوارچێوەی هەماهەنگیی بەڵگەی لەبەردەستدایە کە یاریی بەئەنجامەکانی هەڵبژاردن کراوە، بۆیە تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناکرێت باس لەدیاریکردنی ئەوکەسە بکرێت کە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو ڕادەسپێردرێت".

ئەوەشی وتوە، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری خۆیداوە بەوەی ڕێگەنادات مستەفا کازمی دوبارە پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت وەربگرێتەوە.

بەرپرسەکەی عەسائیبی ئەلی حەق باسی لەوەشکردوە، بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن چاوەڕێی دادگای فیدراڵیی دەکەن، ئەگەرهات‌و گۆڕانکاریی بەسەر ئەنجامەکاندا نەهات، ئەوە یان بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی دەکەن یان لەناو پەرلەماندا دەبنە کوتلەیەکی ئۆپۆزسیۆن.