توركیا به‌نیازى چییه‌و ڕوسیاش له‌چى نیگه‌رانه‌؟

جیهان

20/11/2021‌ 3514 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوکاتەوەی ئازەربایجانی هاوپەیمانی تورکیا لەجەنگی دوەمی کاراباغدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، چاودێرانی ڕوس لەهەوڵەکانی تورکیا بۆ دروستکردنی یەکێتیی وڵاتە تورکییەکان لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا نیگەرانن، ئەو نیگەرانیانەش کاتێک زیاتربون کە تورکیا یەکێتیی وڵاتە تورکییەکانی ڕاگەیاند، ئەوەش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لەمارکەی بازرگانیی ڕێکخراوەکە کە پێشتر بەناوی ئەنجومەنی هاوکاری وڵاتە تورکزمانەکان یان بەئەنجومەنی تورکی ناسرابوو.


لێرەشدا ئاماژە بەلێکۆڵینەوەیەک دەکەین کە لەلایەن پۆڵ گۆبڵ لەناوەندی جەیمس تاونەوە ئامادەکراوە:

هەندێک لەشرۆڤەکارانی ڕوسیی لەشێوەی دیمیتری ڕۆدیۆنۆڤ دەڵێن کە ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ئێستا بەراورد بەڕابردوو دیدێکی ڕادیکاڵتری هەیە: دیدگایەک کە نەک تەنها یەکێتی دەوڵەتانی تورک لەخۆدەگرێت، بەڵکو یەکێتییەکی بەرفراوانتری وڵاتانی تورکییە، لەوانە وەک ئەو کۆمارانەی لەناو فیدراسیۆنی ڕوسیادان.

ئه‌و زیاتر ده‌ڵێت:"لەکاتێکدا یەکەمیان گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت کە کاریگەری مۆسکۆ لەئازەربایجان، کازاخستان، قرغیزستان، تورکمانستان‌و ئۆزبەکستان کەمبکاتەوە، دوەمیش هەڕەشە لەکۆنتڕۆڵکردنی ناوچە تورکییەکان لەناو سنوری ئێستای فیدراسیۆنی ڕوسیا لەلایەن مۆسکۆوە دەکات".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، لەم ماوانەی دواییدا ڕوسیا بەبەردەوامی ڕەخنەی لەدەستەواژەی هاوپەیمانی وڵاتە تورکییەکان گرتوە، بەڵام ترسی هەیە ئەگەر بەتوندی دژی بوەستێتەوە ڕەنگە ئەوە زیاتر هانیان بدات گرنگی بەبیرۆکەکە بدەن، وەک ئەوەی لەمانگی کانونی دوەمی ئەمساڵ کاتێک ئەردۆغان سەردانی ئازەربایجانی کرد، ڕایگەیاند، لەدۆخی ئازەرییەکانی ئێران نیگەرانە، بەوجۆرە سەرۆکی تورکیا لەئیلهام عەلییڤی سەرۆکی ئازەربایجان زیاتر پەرۆشی خۆی بۆ ئازەرییەکان دەربڕیوە.

ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە هەرگیز ئەردۆغان بەڕونی باسی لەوەنەکردوە، دەبێت ئێران دەستبەرداری هەرێمە ئازەرییەکان لەڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی ببێت، هەروەک چۆن داوا لەپەککین ناکات دەستبەرداری تورکستانی ڕۆژهەڵات ببێت واتە (هەرێمی شینجیانگی ئیگۆری نشین).

لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان شتگەلێکی کردوە کە دەریبخات ئەنکەرە فۆکەسی لەسەر گرنگیدان بەو گەلە تورکیانەیە کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نییە، ئەوەش مانای وایە تورکیا لەبارەی ئەو ژمارە زۆرە تورکانەی لەناو ڕوسیادا دەژین  نیگەرانە، کە لەباکوری قەوقازەوە دەستپێدەکات‌و بەڕوباری ڤۆڵگای ناوەڕاستدا ڕەتدەبێت‌و دەگاتە ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا.

بەو جۆرە مۆسکۆ لەگرنگیپێدانی ئەنکەرە بەگەلە تورکە موسڵمانەکانی باکوری قەوقازو ڤۆڵگای ناوەڕاست بەتایبەت تەتارەکانی کریمیا کە لەڕاستیدا سەر بەئۆکرانیایەو لەم چەند ساڵەی دواییدا لەلایەن ڕوسیاوە داگیرکرا، نیگەرانە.

لەمدواییانەشدا مۆسکۆ لەوەش نیگەرانە کە تورکیا لەجیاتی وڵاتانی ئیسلامیی خەریکی پەیوەندی گرتنە لەگەڵ وڵاتە تورکزمانەکان، ئەو وڵاتانەش لەلایەن ڕوسەکانەوە وا گریماندەکرێن کە لەخولگەی ڕوسیادا دەسوڕێنەوە، بەڵام لەڕاستیدا ڕەنگە وانەبێت، بۆ ئەوەش دەکرێت نمونەی کۆماری ساخاو جاگۆسیا بهێنرێتەوە، ساخا کۆمارێکی تورکی ناو ڕوسیایە، بەڵام مسوڵمان نین، جاگۆسیاش ناوچەیەکی تورکییە، بەڵام مەسیحی ئەرسەدۆکسین‌و دەکەونە ناو مۆڵۆدڤیاوە کە لەماوەی ڕابردودا ڕوسیا وەک گوشارێک بۆسەر کۆماری مۆڵدۆڤا بەکاریهێناون، بەڵام وادەردەکەوێت کە لەمدوایەیدا لەجیاتی مۆسکۆ چاویان لەپشتیوانی تورکیایە.

هەروەک ئەکادیمیای زانستە تورکییەکان کە بارەگاکەی لەکازاخستانەو لەزاناکانی تورکیاو ئازەربایجان‌و کازاخستان‌و قیرقیزستان پێکهاتوە لەراِگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە کە کۆماری ساخا یەکێکە لەو پێکهاتە دەوڵەتیانەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنراوە، ئەمە لای شیکەرەوە ڕوسییەکان والێکدرایەوە کە هەوڵێکە بۆ هاندانی جیابونەوە لەڕوسیا، هەرچەندە بەرپرسانی هەرێمەکە وتیان کە ئەوان هیچ خواستێکی لەو چەشنەیان نییە، بەڵام ڕایس سلێمانۆڤ لەپەیمانگای سیاسەتە نیشتیمانییەکانی ڕوسیا دەڵێت:"هەستی تورکچێتی هەر پەیوەست نییە بەموسڵمان بونەوە، بەڵکو هەستەکە زۆر لەوە فراوانترە کە ڕوسەکان بیری لێدەکەنەوە.

سلێمانۆڤ دەڵێت:"گەلی جاگۆس یەکێکن لەو گەلانەی بەڕەگەزو زمان تورکن، بەڵام بەئایین ئەرسەدۆکسن کە مۆسکۆ وەک هاوپەیمان لێیان دەڕوانێت‌و والێکیدەداتەوە کە دەکرێت بۆ گوشارخستنەسەر مۆڵدۆڤا پشتیان پێببەسترێت بۆئەوەی ئەو وڵاتە نەتوانێت لەمۆسکۆ دوربکەوێتەوە، تەنانەت مۆسکۆ وەک ئەڵقەی بەیەکبەستنەوەی هەردوو جیهانی مەسیحی‌و جیهانی تورکی لێیان دەڕوانێت، بەڵام ئێستا ڕوسیا لەزیادبونی هەژمونی تورکیا لەناو جاگۆسەکان نیگەرانە بەوەی ڕەنگە لەداهاتودا ببنە بەرهەڵستکاری ڕوسیا لەناو کۆماری مۆڵدۆڤا، هەرچەندە ڕەنگە ئەو مەترسیەی ڕوسیا بۆ ئێستا لەجێگای خۆیدا نەبێت، بەڵام لەسەر ئاستی دورمەودا ترسێکی بێبنەما نییە".

شرۆڤەکارە ڕوسەکان دەڵێن، لەچەندین ڕوەوە ئەوەی تورکیا لەگەڵ وڵاتە تورکزمانەکانی دەکات بەتەواوەتیی لەوە دەچێت کە ڕوسیا بەناوی "دەستپێشخەری جیهانی ڕوسی" (ڕۆسکی میر)ەوە دەیکات، هەربۆیە شکستی مۆسکۆ لەوەدا، بواری ئەوە بەئەنکەرە دەدات هەژمونی خۆی نەوەک هەر لەوەی کرملین ناویناوە "دەرەوەی نزیک" بەڵکو لەناو ڕوسیاشدا بسەپێنێت. لەڕاستیدا دیدگای فراوانخوازیی تورکیا بۆ جیهانی تورکیی، ئەوەندەی دیدگای مۆسکۆ بۆ جیهانیی ڕوسیی گرنگە.