میلیشیا شیعییەکان هەڕەشەی جەنگێکی کراوە دژ بە هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن

عیراق

21/11/2021‌ 883 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میلیشیا شیعییەکانی لایەنگری ئێران هەڕەشەی ئەودەکەن کە ئەگەر بێت و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و بەپێی ئەو خشتەیەی بڕیاری لێدراوە هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەعێراق نەکشێنەوە، ئەوە جەنگێکی کراوە دژ بەو هێزانە رادەگەیەنن.

لەونێوەندەدا ئەبو ئالاء ئەلوەلائی ڕێبەری گرووپی " کەتیبەکانی سەید ئەلشوهەدا" رایگەیاند کە وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی و یەکلاکەرە لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا دەرگای خۆبەخشینیان لەڕیزەکانیاندا کردۆتەوە و ئاستی ئامادەکارییەکانیان بەرزکردۆتەوە.

ئەلوەلائی لە تویتێکدا دەڵێت" کاتی ئەو ڕووبەرووبوونەوەیە لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا رۆژی 31 ی دیسەمبەری ئەمساڵ و لەدوای نیوەی شەو بەکاتی ناوخۆیی دەبێت".
هەروەک دەستەی هەماهەنگیی بەرگریی عێراقیی لەبەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە کە ئەگەر بێت و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق تەواو نەبێت ئەوە چەکەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکا لەسەر پێیە.

لەبەشێکی بەیەننامەکەدا هاتووە" تا ئەمساتە هیچ ئاماژەیەکی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق هەست پێناکرێت، بەڵکو حاڵەتەکە بەپێچەوانەوەیە"، جەختیشی کردۆتەوە کە تێبینیان کردووە هێزەکانی ئەمەریکا ژمارەی سەرباز و چەک و جبەخانەکانیان لە بنکە سەربازییەکانیاندا زیاتر کردووە.

لای خۆیەوە رۆژی هەینی فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق رەتیکردەوە کە ماوەی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەعێراق درێژکرابێتەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژ بەناوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە: باسکردن لە درێژکردنەوەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ناراستە، جەختیشی کردەوە کە رۆژی 31ی دیسەمبەری داهاتوو جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەدا نەهاتووە.

هەروەک باسی لەوەکردبوو کە لەدوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمەریکا راوێژکاریی دەبێت لەبوارەکانی راهێنان و پڕچەککردن و زانیاریی هەواڵگریی و ئەمنیی دژ بە داعش.

لای خۆشییەوە گۆیڵ هاربەر وتەبێژ بەناوی هێزی ئەرکە هاوبەشەکان و بەڕێوەبەری کاروبارە گشتییەکان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە" لەدوای کۆتایی ئەم ساڵ رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعێراق گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت و ئەرکەکەی لەبواری پرۆسە جەنگییەکانەوە بۆ رۆڵی راوێژکاریی و تواندارکردنی هێزە عێراقییەکان دەگوازرێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی