بڕیارێكى نوێى ئه‌مریكا له‌باره‌ى عێراقه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

عیراق

22/11/2021‌ 1365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمریکا بەدەرکردنی یاسایەک بازرگانیکردن بەشوێنەوارەکانی عێراق قەدەغە دەکات‌و وەزارەتی ڕۆشنبیریی‌و گەشتیاریی‌و شوێنەواری عێراقیش زانیاریی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


ئەمریکا یاسایەکی دەرکردوە کە بەپێی ئەوە بازرگانیکردن بەپارچە شوێنەوارییەکانی عێراقی قەدەغە ده‌كات‌و وەک تاوان ناساندویەتی‌و جه‌ختیكردۆته‌وه‌، مۆزەخانەی نیشتیمانیی عێراق ئەو 17 هەزار شوێنەوارە نمایشدەکات کە لەماوەی ڕابردودا لە ئەمریکاوە گەڕێنرایەوە.

له‌وباره‌یه‌وه‌ د.حەسەن نازم وەزیری ڕۆشنبیریی‌و گەشتیاریی‌و شوێنەواریی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردوه‌، "لەمساڵدا عێراق گەورەترین پڕۆسەی گێڕانەوەی شوێنەوارەکانی لەمێژودا ئەنجامدا کە گێڕانەوەی 17 هەزار پارچە شوێنەوار بوو لەئەمریکاوە، لەکاتێکدا ماوەی چەندین ساڵە عێراق نەیتوانیبوو هیچ پارچە شوێنەوارێکی دزراوی لەدەرەوە بگێڕێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو پارچە شوێنەوارە گێڕدراوانە بەزۆری تابلۆی قوڕینی نوسراوبون بەزمانی بزماری کە لەجیهاندا وێنەیان کەمە، ئه‌وه‌شى وتوه‌، "خەریکی ئامادەکردنی ئەو پارچە شوێنەوارییە گێڕدراوانەین بۆئەوەی بەبۆنەی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتیمانیی عێراق نمایش بکرێن".

وەزیری ڕۆشنبیریی‌و شوێنەواری عێراق وتوشیەتی:"جگە لەگێڕانەوەی ئەو هەزاران پارچە شوێنەوارییە، لەکاتی سەردانێکی مانگی ئەیلولماندا بۆ ئەمریکا توانیومانە تابلۆی داستانی گەلگامێش بگێڕینەوە کە ئەویش بەرئەنجامی هەوڵەکانی تیمی وەزارەتەکەمان‌و دەستەی شوێنەوارو کەلەپورو وەزارەتی دەرەوەو باڵیۆزخانەی عێراق بوە لەواشنتۆن، ئەوە جگە لەپشتیوانییەکانی وەزارەتی دەرەوەو دادی ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لەبەقاچاخبردن‌و دزینی شوێنەوارەکانی عێراق، ئەویش بەدەرکردنی یاسایەک کە بازرگانیکردن بەشوێنەوارەکانی عێراق قەدەغەدەکات‌و وەک تاوان هەژماری دەکات".

بەپەلە