وەزیری دەرەوەی سوید بۆ بەرهەم ساڵح: سوید پشتیوانی حکومەت و گەلی عێراق دەکات

عیراق

22/11/2021‌ 339 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەمیانی پێشوازیکردنی له وەزیری دەرەوەی سوید، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بەگرنگییەوە باسی لە هەماهەنگی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی کرد بە ئاڕاستەی ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی و گەندەڵی و بەگژاچوونەوەی گۆرانی کەشوھەوا

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021 لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە ئان لیندی، وەزیری دەرەوەی سوید، لەدیدارەکەدا باس لەپەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکان کرا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی دۆست بکات، ھەروەھا ئاماژە بە پشتیوانی حکومەت و رێکخراوە سویدییەکان کرا بۆ گەلی عێراق لەبوارە مرۆییەکان و باوەشکردنەوە بۆ رەوەندی عێراقی و پشتگیریکردن لە ھەوڵەکانی عێراق بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر.

ھەر لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە لەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و سوید لە رێگەی یاداشتنامە و رێککەوتننامە دووقۆڵییەکان، ھاوکات ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی عێراق بەگرنگییەوە دەروانێتە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆستەکانی لە گۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پشتیوانیش دەکات لە ھەماھەنگی ھاوبەش بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و توندڕەوی و گەندەڵی و بەگژاچوونەوەی لێکەوتە مەترسیدارەکانی گۆرانی کەشوھەوا و پاراستنی ژینگە.

سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەروو، سیاسەتە ھاوسەنگەکانی دەرەوەی عێراق ھەنگاوێکە بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی، ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە سەقامگیری عێراق بنەمایەکی گرنگی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەیە.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سوید پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی ئابووری عێراقی لە رێگەی پلانی چاکسازی نیشتمانی دووپاتیکردەوە، ھەروەھا ستایشی پێشکەوتنەکانی عێراقی کرد لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.