دەمیرتاش: ڕژێمەکەی ئەردۆغان کۆتایی هاتووە

کوردستان

26/11/2021‌ 853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەڵاحەددیین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایدەگەیەنێت کە ڕێژێمەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا هەڵوەشاوەتەوە و تێکشکاوە و کۆتایی هاتووە، جەختیشی کردۆتەوە کە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان زەمینەیەکی بەهێزیان دەبێت بۆئەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا هەماهەنگیی یەکتر بکەن.

 سەلاحەددین دەمیرتاش کە ماوەی پێنج ساڵە لە لەزیندانی ئەردنە دەستبەسەرکراوە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "ئاڕ تی تی " ئەمەریکی وتویەتی: پێموایە هیچ ناوەندێکی هێز لە دەوڵەتدا لەگەڵ ئەردۆغاندا نەماوە، دەشڵێت ئەردۆغان لەماوەی زیادەدا یاریی دەکات و بەردەوامە لەسەر درووستکردنی ئاژاوە لە وڵاتدا".

سەبارەت بەو لایەنانەی پشتیوانیی هەدەپە دەکەن، دەمیرتاش هەروەک دەڵێت" هیچ کەس پابەند نییە بەوەی لەپاڵ پارتی دیموکراتی گەلاندا بێت، هەدەپە کەس بێزار ناکات و رای خۆی ناسەپێنێت و پەنا بۆ کەسیش نابات".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەکرێت جارێکی تر سەرۆکایەتیی هەدەپە بکاتەوە دەمیرتاش دەڵێت" بەدڵنیایی من لە خەبات و سیاسەتکردن دانەبڕاوم، بەلای منەوە سیاسەت مانای کورسیی یان دەسەڵات ناگەیەنێت، هەر ئەرکێک پارتەکەم و گەلەکەم داوام لێبکات بەشانازییەوە جێبەجێی دەکەن".

جەختیشی کردۆتەوە کە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان زەمینەیەکی بەهێزیان هەیە بۆئەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا هاوکاریی و هەماهەنگیی یەکتر بکەن.

لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتیی تورکیا کە لەلایەن پارتە بەرهەڵستکارەکانی تورکیاوە پشتیوانیی بکرێت، دەمیرتاش وتویەتی: ئیدارەی هەدەپە و جەماوەرەکەی بڕیاری ئەوە دەدەن کە ئایا کاندیدێکی سەربەخۆ دەپاڵێون یان پشتیوانیی کاندیدێکی تر دەکەن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی