سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق بە نەهێنی نامەیەک ئاڕاستەى سەدر دەکەن

عیراق

26/11/2021‌ 1626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەر سێ سەرۆکایەتیەکەى ئێستای عێراق بە نەهێنی نامەیەک ئاڕاستەى موقتەدا سەدر دەکەن و داوای لێدەکەن بە حکومەتێکى تەوافوقی رازی بێت.

بەپێی هەواڵێکى ماڵپەڕی ئەخبار ئەلخەلیج لە زاری سەرچاوەیەکى سەرۆکایەتى کۆمارەوە  بڵاویکردوەتەوە رایگەیاندوە، بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق نامەیەکی نھێنییان بە واژۆی ھەرسێکیان ئاراستەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر کردووە.

لەنامەکەدا هەرسێ سەرۆکایەتیەکە داوایان لە سەدر کردوە کە پێکهێنانى حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای سازان و بەشداری سەرجەم لایەنە براوەکانى هەڵبژاردن بێت.

بەوتەى سەرچاوەکە تائێستا سەدر وەڵامى نامەکەى سێ سەرۆکایەتیەکەى نەداوەتەوەو سورە لە سەر هەڵوێستى خۆی.

پێشتر سەدر رایگەیاندبوو ئەوان براوەى هەڵبژاردنن و حکومەتى زۆرینە پێکدەهێنن کە بەوتەى ئەو حکومەتى زۆرینە وڵات لەدەستى گەندەڵی و خراپکارى رزگار دەکات.

رەوتى سەدر لە هەلبژاردنەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەرى رابردوو بە کۆکردنەوەى ٧٣ کورسی زۆرینەى دەنگەکانى ئەو هەلبژاردنەى بەدەست هێنا و لایەنە شیعە رکابەرەکانی تائێستا نەگەیشتوونەتە نیوەى کورسیەکانى سەدر.

س.هـ