بەهۆى رێگەنەدان بە بەشداری ژنان پێشانگایەک لە هەولێر داخرا

کوردستان

26/11/2021‌ 2403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هەژار ئەنوەر

بەهۆى ئەوەی کە رێگە نەدرا ژنان بەشدار پێیشانگای نێودەوڵەتى خۆراک لە هەولێر بکەن پێشانگاکە داخرا.

ئەمڕۆ لە شارى هەولێر پێشانگایەکى نێودەوڵەتى تایبەت بە خۆراک کرایەوە، هاوڵاتیان وەک هەموو پێشانگاکانى دیکە روویان لەو پێشانگایە کرد، بەڵام ئەوەى بۆ هاوڵاتیان نامۆ بوو کە بۆیەکەمجار لە هەولێر رووبدا ئەوە بوو کە رێکخەرانى پێشانگاکە رێگەیان نەدا ژنان بەشدارى بکەن و سەردانى بکەن.

ئەم رێگریکردنە ژنانى نیگەران کردو ئاماژە بەوە دەکەن پێشانگایەکى خۆراکەو هیچ شتێکى نامۆ نییە لەناو پێشانگاکەدا کە ژنان بۆیان نەبێت بچن، بۆیە داوا دەکەن کە پارێزگارى هەولێرو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم رێگریکردنە  روونکردنەوە بدەن.

بەهۆى ئەو رێگریکردنەوەو دەربرینى نیگەرانى ژنانی ئامادەبووی پێشانگاکە لەو هەڵوێستە پێشانگاکە داخرا.

سالار حوزێری نوێنەرى پێشانگای نێودەوڵەتى خۆراک لە هەولێر لەسەر ئەو پرسە قسەى بۆ شارپرێس کردو دەڵێت" ئەم پێشانگایە تایبەتە بە پیاوانى خاوەن کارو کارگەکان یان ئەوانەى پەیوەندیان بەم پێشەنگایەوە هەیە، پیشانگایەکى پسپۆڕییە نەک ژنان، پێویستە پیاوانى خاوەن کار بێنە پێشانگاکە".

نوێنەرى پێشانگاکە باسى لەوەشکرد کە بوونى ژنان و منداڵان فەوزایەک لەناو پێشانگاکە دروست دەکەن، بۆیە بۆ رێگری لەوە ئەو رێکارە گیراوەتە بەر.

ئەم رێگریکردنە لەبەشداری ژنان لەپێشانگاکەى هەولێر لەکاتێکدایە کە دوێنێ رۆژى جیهانى بەرنگاربوونەوەى دژى توندوتیژى دژى ژنان بوو، بەو بۆنەیەوە سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە پەیامێکدا بەلێنى کارکردنى جدی دا کە کار بۆ نەهێشتنى حاڵەتەکانى توندوتیژى بکات، ئەمەش پێچەوانەى ئەم رێگریکردنەى ئەمڕۆی ژنان بوو لە پێشانگای نێودەوڵەتى خۆراک لە هەولێر.