ڕاگەیەندراوێكی بەپەلە بڵاوكرایەوە و هۆشداری توند دەدرێت

کوردستان

26/11/2021‌ 29616 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان ناڕازی و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و  ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و ئاشكرای دەكەن، كە 300 كەس لەسەر خۆپیشاندانەكان دەستگیركراون و هۆشداری دەدەن، لە ئەگەری ئازادنەکردنی بێ مەرجییاندا هەڵوێستیان دەبێت.


لە ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان ناڕازی و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و  ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا هاتووە، هەمووان ئاگادارن دوای چوار ڕۆژ له خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی کۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەکان دەسەڵاتدارانی هەرێم بە بەهەموو شێوەیەکی ناشارستانی و توندوتیژی و دەستگیرکرن و ڕفاندن وڕاوەدونان کەوتونەتە گیانی خوێندکاران و خۆپیشاندەران.

دەشڵێن، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە نزیکەی ٣٠٠گەنج و چالاکوان دەستگیرکراون  و تا ئێستا لە زیندانەکاندا ماونەتەوە.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان ناڕازی و ڕۆشنبیران و چالاکوانان و  ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پشتگیری داوای ڕەوای خوێندکاران دەکەن و داواکارن دەسەڵاتداران لە زووترین کاتدا و بەبێ خۆدزینەوە داوا ڕەواکانیان بۆ جێ بەجێ بکەن.

هەروەها، بەزووترین کات سەرجەم دەستگیرکراوان بەبێ پڕکردنەوەی بەڵێننامە پێیان ئازاد بکرێن و داوا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و قونسڵی وڵاتان دەکەن،  بێنە سەرخەت و فشار لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بکەن تا بەزووترین کات سەرجەم دەستگیرکراوان ئازاد بکەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، بە سەربازگەکردنی زانکۆ و پەیمانگاو شارو شارۆچکەکان کۆتایی پێ بهێنرێ و قەرەبووی مادی و مەعنەوی دەستگیراکراوان و ئازاردراوان بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنن، لە ئەگەری ئازادنەکردنی بێ مەرجی خوێندکاران و  چالاکوانان و کۆتایی نەهێنان بە سەربازگەکردنی شارەکان هەڵوێستی تریان دەبێت.

س.س