شارپرێس هۆكاری ڕاگرتنی خوێندن لە زانكۆكانی سنوری سلێمانی ئاشكرا دەكات

کوردستان

26/11/2021‌ 3578 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، ڕاگرتنی خوێندنی زانكۆكان تەنها لە سنوری سلێمانیدایە و هۆكارەكەیشی ترسە لە دروستبونی خۆپیشاندانی خوێندكاران.

ئێوارەی ئەمڕۆ زانكۆكانی كۆیە و ڕاپەڕین و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ڕاگرتنی دەوامی زانكۆكانیان چوار ڕۆژی تر درێژكردەوە و بەپێی بڕیارەكەیان، لە رۆژی یەک شەممە ٢٠٢١/١١/٢٨ تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢١/١٢/١ ، دەوامی خوێندکاران لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆ ڕاگیرا.

لەسەر هۆكاری ڕاگرتنی دەوامی زانكۆكان، موسلێم عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بە شارپرێسی وت: داخستنی زانكۆ و پەیمانگاكان ترسە لە دروستبونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خوێندكاران، داخستنەكەش هەمووی نیە و ئەوەی هەیە زاتر تەركیزە لە زانكۆكانی سنوری سلێمانی.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا وتیشی: داخستنی زانكۆ و پەیمانگاكان زیانی گەورە بە پرسەی خوێندن دەگەینێت و قەرەبوو ناكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزایی خوێندكاران بەوە دانامركێتەوە و گرفتەكەش چارەسەر نابێت.

ئاماژەی بەوەكرد، پرۆسەی خوێندان خۆی لە لێواری مەرگدایە و گرفتەكانیش بەزۆری پەیوەندی بە لایەنی مادییەوە هەیە و وەزارەت دەتوانێت بودجەی خۆی بۆخۆی بەكاربێنێت و چارەسەران بكات.

لەبارەی توانای دارایی حكومەتی هەرێمەوە بۆ جێبەجێكردنی داواكاری خوێندكاران وتی: بە دڵنیاییەوە دەتوانێت داواكاری خوێندكاران جێبەجێبكات.

ڕۆژی 20ی ئەم مانگە، خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و ئیدارەكانی سۆران و ڕاپەڕین و گەرمیان بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەكانیان دەستیپێكرد، بەڵام حكومەتی هەرێم نەچووە ژێر باری داواكارییەكانیانەوە و خۆپیشاندانەكان بە زەبری هێز كۆتایی پێهێنرا.

س.س