ئه‌مریكا په‌یامێكى گرنگ له‌باره‌ى كورده‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان

01/12/2021‌ 5880 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پنتاگۆن پشتیوانی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژئاوای کوردستان دەکات‌و بەپێی ئەو پێداچونەوەیەشی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) سەبارەت بەشوێنی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری جیهاندا کردویەتیی، داوایکردوە بەشێوەیەکی تایبەتیی هەڵسەنگاندنی زیاتر لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.


لەوبارەیەوە بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکردوە کە پێداچونەوەکە ڕێنماییداوە بەوەی پێویستە ئەمریکا لەهەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش‌و بونیادنانی هاوبەش‌و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەهەریەک لەعێراق‌و سوریا بەردەوامبێت.

جگەلەوەی لەپێداچونەوەکەی سوپای ئەمریکادا داواکراوە لەداهاتودا پێداچونەوە لەسەر پێداویستییەکانی شوێنی بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەتایبەت قەبارەی دروستی هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا بکرێت‌و پارێزگاریی لەهێزێکی بەرپەرچدانەوە دژ بەئێران‌و بریکارە هەرێمییەکانی ئەو وڵاتە بکرێت.

لەئێستاشدا ئەمریکا بەمەبەستی پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و بەرەنگاربونەوەی شانە نوستوەکانی داعش، ژمارەیەک لەهێزە سەربازییەکانی لەڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردۆتەوە.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوشدا سەرچاوە ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرایانکرد کە کاروانێکی پشتیوانی لۆجستیی‌و سەربازیی ئەمریکا کە خۆی لە 100 بارهەڵگر دەبینییەوە لەخاکی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتونەتە ڕۆژئاوای کوردستان‌و لەبنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا جێگیرکراون.