هواوی لەم بوارەشدا ڕکابەریی کۆمپانیای ئەپڵ دەکات

هەمەڕەنگ

31/12/2021‌ 565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپریس:

کۆمپانیای هواوی چینی کاتژمێرێکی هۆشمەندی نوێی ئاشکراکردووە، کە دەبێتە ڕکابەرێکی بەهێزی کاتژمێرە هۆشمەندەکانی کۆمپانیای ئەپڵ.

کاتژمێری هۆشمەندی Huawei Watch D بۆدییەکی شێوە درێژی دەبێت کە لە کانزایەکی بەهێز دروستکراوە، ئەم دیزاینەیە بۆئەوەکراوە تاوەکو پارێزگارییەکی زۆر باشی لە تەڕبوون و گەرد و تۆز بۆ دەستەبەر بکات.

شاشەی کاتژمێرەکە لە جۆری ئەمۆلێدی قەبارە 1.64 ئینچە و بەدەستلێدان کار دەکات و کوالێتی نمایشکردنی (456/280) پێکسڵە.

ئەم کاتژمێرە چەندین تایبەتمەندیی کردەیی و بەسوودی هەیە، وەک بوونی سێنسەری پێوانی لێدانی دڵ و تێکڕای ئۆکسجینی ناو خوێنی بەکارهێنەر، ئەوە جگە لە بوونی ئەپی چاودێریکردنی چالاکییە جەستەییەکان و تێکڕای خەوتنی رۆژانە.

کۆمپانیای هواوی ڕایگەیاندووە، کە کاتژمێرەکە سیستەمی جی پی ئێس بۆ دیاریکردنی پێگە لەڕێگای مانگە دەستکردەکان تێدایە، لەگەڵ چیپی NFC بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی.

نرخەکەشی لەنێوان 415 بۆ 470 یۆرۆدا دەبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی