له‌باره‌ى ڕۆژئاواى كوردستانه‌وه‌ چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كى گرنگ ئه‌نجامده‌درێت

کوردستان

01/01/2022‌ 3074 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوەیەکی دیبلۆماسیی باڵای ڕوسیی ڕایگەیاند، مۆسکۆ لەسەرەتای ساڵی نوێوە لەبارەی چارەنوسی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دایە، لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆ دەکات.


بەگوێرەی پێگەی کەناڵی "عەرەبییە" سەرچاوە ڕوسییەکە ئاشکرایکردوە، مۆسکۆ دەیەوێت لەسەرەتای ساڵی 2022وە لەژێر سایەی پرەنسیپی "یەکێتیی خاکی سوریا"،  لەگەڵ ئەمریکییەکان لەبارەی چارەنوسی ناوچە کوردییەکانی سوریا گفتوگۆ بکات.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاماژەی بەوەشکردوە، دۆخی ناوچە کوردییەکانی سوریا بەشێکیش دەبێت لەخشتەی کارەکانی سەردانەکەی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرۆک کۆماری ئێران کە وابڕیارە لەسەرەتای ساڵی 2022 سەردانی مۆسکۆ بکات.

ئەوەش هاتوە، "ئێرانییەکان نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی ئەگەری زیانگەیاندن بەبەرژەوەندییەکانی تورکیا لەخاکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەهەند وەردەگرن، بەتایبەت کە ئێرانیی‌و تورکەکان لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی بەردەوامیان لەنێواندا هەیە".

دیبلۆماتکارە ڕوسییەکە جەختیکردۆتەوە، ئێرانییەکان ڕۆڵێکی کارایان هەیە لەبەدیهێنانی چارەسەرێکی مامناوەند لەنێوان حکومەتی سوریاو کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و تورکیا، هەربۆیە مۆسکۆ بەجدییەوە گوێ لەبۆچون‌و هەڵوێستەکانی ئێران لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کوردەکانی سوریا دەگرێت.