لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە یەکێتیی‌و پارتی لەسەر چی ڕێککەوتون؟

کوردستان

01/01/2022‌ 4621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ ئەوەی بابەتی دەستنیشانکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار تائێستا لەنێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان‌و پارتی دیموکراتی کوردستاندا جێگای مشتومڕە، بەڵام کادیرێکی پێشکەوتوی پارتی ڕایدەگەیەنێت، "جارێکی تر سیناریۆی ساڵی 2018 بۆ هەڵبژاردنی سەرک کۆمار دوبارەنابێتەوە بەوەی کورد بەدوو کاندیدەوە بچێتە پەڕلەمانەوە"، پەرلەمانتارێکی پێشوی ئەو حزبەش دەڵێت:"لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە یەکێتیی‌و پارتی هەنگاوی گرنگیان ناوە".


ڕێبین سەلام مامۆستای زانکۆو کادیری پێشکەوتوی پارتی لەچاوپێکەوتنێکیدا بەپێگەی "سۆمەرییە نیوز"ی ڕاگەیاندوە، یەکێتی‌و پارتی لەسەر ئەوە ڕیککەوتون کە لەبابەتی پێشکەشکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار جارێکی تر سیناریۆی ساڵی 2018 دوبارە نەکەنەوە.

جەختیشیکردۆتەوە، لایەنە کوردییەکان بەیەک پاڵێوراوەوە دەچنە یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

بەگوێرەی قسەکانی سەلام، "لەدوایین کۆبونەوەی نێوان یەکێتیی‌و پارتی لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتون، لەناویاندا یەکخستنی هەوڵی هێزە ئەمنییەکان لەجەنگی دژ بەداعش، ئەوە جگە لەچەند پرسێکی سیاسیی بەتایبەت لەبابەتی کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆمار".

وتوشیه‌تى:"یەکێتی‌و پارتی نایانەوێت بەدوو کاندیدەوە بچنە ناو ململانێی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە".

ئەوەش هاتوە، "لەیەکتێگەیشتنەکان لەنێوان هەردوو حزب گەیشتونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، پۆستی سەرۆک کۆمار نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم یەکلاییکردنەوەی ئەو لەیەکتێگەیشتنانە کە ڕەنگە لەماوەی چەند ڕۆژ تەنانەت کاتژمێرێکیش یەکلایی ببنەوە، بەوپێیەی چەند ماف‌و بەرکەوتەیەکی گەلی کورد هەیە کە زۆر لەو وردەکارییانە گەورەترو قوڵترن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەیەکتێگەیشتنەکانی ناو ماڵی کوردی تەنها لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار کورتنابنەوە، بەڵکو چەندین بەرکەوتەی تر هەیە وەک پۆستە وزارییەکانی ناو حکومەتی فیدراڵی‌و پابەندییەکانی تر کە وادەکەن هەردوو حزب پێشوەختە لەڕێگای لیژنەکانەوە یەکلاییان بکانەوە.

سەبارەت بەشاندی یەکگرتوی کوردیش، ڕێبین سەلام وتویەتی:"یەکێتی‌و پارتی بەیەک شاندی دانوستانکار بەرەو بەغداو بەیەک کاندیدی سەرۆک کۆمارەوە دەچنە ناو هۆڵی پەڕلەمانەوە کە لەماوەی چەند ڕۆژی کەمی داهاتودا یەکلایی دەبێتەوە".

لای خۆیشییەوە، عیماد باجەلان پەڕلەمانتاری پێشوی پارتی لەپەڕلەمانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، پۆستی سەرۆک کۆمار لەبەر چەند هۆکارێک نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیی، "ئه‌و پۆستەش نابێتە خاڵی ناکۆکی لەنێوان هێزو  لایەنە سیاسییە کوردییەکان".

باجەلان ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک نەریت پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی پێکهاتەی کورده‌و کاندیدی پۆستەکەش بەسازان لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا یەکلایی دەکرێتەوە.

پەڕلەمانتارەکەی پێشوی پارتی وتویەتی:"لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کورد ناکۆک نییەو پۆستەکەش نابیتە ئاستەنگ لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیی، بەوپێیەی گرێکوێرەکە لەپۆستی سەرۆک وەزیراندایە کە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەو زۆرینەی دەسەڵاتەکانی لەلا کۆبۆتەوە".

ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌ کە لەبابەتی پۆستی سەرۆک کۆماردا لایەنە کوردییەکان هەنگاوی گرنگیان ناوەو لەڕێککەوتنی کۆتایی نزیکبونەتەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی