سەرۆکى مەترانەکانى کەرکوک‌و سلێمانى: چوار ملیۆن عێراقی کۆچیان کردوە

کوردستان

01/01/2022‌ 641 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک‌و سلێمانی کریستیانەکان ئاشکرایدەکات، چوار ملیۆن عێراقى لەدواى پرۆسەى ئازادیەوە کۆچیان کردوە، دەشڵێت:"عێراق وڵاتێكى ماندوه‌ بۆیه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى كۆچ ده‌كه‌ن"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تێپه‌ڕى له‌عێراق، كه‌ حوكمڕانى وڵات دژایه‌تى دین بكات".


د.یوسف تۆما سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک‌و سلێمانی کریستیانەکان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئێمه‌ تائێستا سەبارەت بەژمارەی کریستیانەکان نە لەکەرکوک‌و نە لەعێراقیش به‌گشتى، ئامارێکی وردمان لەبەردەستدا نییە".

باس له‌وه‌ده‌كات، "دەوترێت پێش ساڵی 2003، ملیۆن‌و نیوێک کریستیان لەکەرکوک هەبوە، ئێستا ژمارەکە کەمترە لە 500 هەزار، بەشێکی زۆریان کۆچیان کردوەو وڵاتیان جێهێشتوە، کاتێکیش لەوڵات ڕۆیشتون ئاگاداریان نەکردوینەتەوە، بۆیە هیچ ئامارێکی وردمان لانییە".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئەو سەردەمە تێپەڕیوە، حوکمڕان دژایەتی ئایین بکات له‌عێراق، چونکە گۆڕانکاریەکان وایانکردوە، خەمەکانیش گۆڕانیان بەسەردابێت".

باسى دۆخى كریستیانه‌كانى كه‌ركوكیشى كردوه‌و ده‌ڵێت:"دۆخی کریستیانەکان وەکو دۆخی ئەوانیتر وایە، کارەبا ببڕێت لەکریستیان‌و غەیرە کریستیانیش دەبڕێت، باران ببارێت بۆ مەسیحی‌و غەیرە مەسیحیش دەبارێت".

سەرۆکی مەترانەکانی کەرکوک‌و سلێمانی کریستیانەکان به‌ده‌نگى ئه‌مریكاى وتوه‌، "ئەو سەردەمە تێپەڕی حوکمڕان دژایەتی ئایین بکات، گۆڕانکاریی گەورە ڕویداوە، ئەم گۆڕانکاریانە وایکردوە ئایین خەم نەبێت، خەم بوەتە بژێوی، بوەتە دامەزراندن، گەنج زانکۆ تەواو دەکات لەکوێ دابمەزرێ، خەم بوەتە کۆچ".

د.یوسف تۆما ده‌ڵێت:"گەر تۆ موسڵمانیت یان کریستیان، یاخود ئێزدی‌و سابیئە، گرنگ خزمەتکردنە، عیبادەتی خوا لەهەر کوێ دەتەوێت بیکە، بەڵام گرنگیدانت بەمرۆڤ پێوەرە".

لەکۆتاییشدا نیگەرانی خۆی نیشانداوه‌ لەکۆچکردنی خەڵکی عێراق‌و خنکانیان لەدەریاکانداو وتویه‌تى:"تەنها کریستیان کۆچ ناکات، بەلای کەمەوە چوار ملیۆن عێراقی کۆچیان کردوەو وڵاتیان جێهێشتوه‌، چونکە وڵاتەکەمان ماندوە".

ش.هـ