مەزڵوم کۆبانى پەیامێکى نوێ ئاڕاستەى رژێمى سوریا دەکات

کوردستان

09/01/2022‌ 1300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) جەختیکردۆتەوە کە ڕێگەنادەن جارێکی تر بارودۆخی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ دواوە بگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی ئیدارەی خۆسەر ماوەی 10 ساڵە هەیە و دەبێت لەڕووی دەستوورییەوە پەسەند بکرێت.

مەزڵوم کۆبانی لەلێدوانێکیدا بۆ "پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکان" لەبارەی دانوستانەکانی نێوان خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان و ڕژێمی سوریا رایگەیاندوە، ئەگەر بێت و کێشەکانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای فوڕات چارەسەر بکرێن، ئەوە کێشەکانی سوریا خۆبەخۆ چارەسەر دەبن.

ئاماژەى بەوەشکردوە، سەبارەت بە پرسی سەربازیی (هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان) دەبێت رژێمی سوریا وەک خۆی قبووڵیان بکات، بەڵام هێشتا دیمەشق ئەو هەنگاوەی نەناوە.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبەشێکی تری قسەکانیدا رایگەیاندووە" پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و نەپچڕاوە، دەشمانەوێت کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەوەی لێی تێگەیشتووین ئەوەیە کە حکومەتی ئەسەد لەئێستا بۆ ئەو چارەسەرە ئامادە نییە، بەوپێیەی ڕژێم دەیەوێت لەپێگەی سەرکەوتووەوە گفتوگۆ بکات و بڕیارەکانی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، واتە گەڕانەوە بۆ دۆخی ساڵی 2011".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و هێزە بەرهەڵستکارەکانی سوریا، کۆبانى ئەوەى خستووەتەڕوو کە هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەندیی لەگەڵ بەشێک لە هێزە بەرهەڵستکارەکانی دەرەوە هەیە، وەک پلاتفۆڕمی قاهیرە و مۆسکۆ، ئەوە جگە لە چەند کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزیسیۆنی سوریی، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە ئیخوان موسلیمیندا نییە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی