گرفتی شوناسی كورد

مەلەفی تایبەت

09/01/2022‌ 93317 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فوئاد سدیق

ئەمڕۆ گرفتی شوناس زیاتر لەهەركات‌و سەردەمێكی دیكە، بەرۆكی زۆر نەتەوەی ئەم سەرزەمینەی گرتووە، چونكە لەم سەردەمەی ئێستادا كە سەردەمی زۆر خێرایە، هەموو نەتەوەكان بەرەو سەربەخۆیی خۆیان ڕۆیشتونەو دەیان نووسەری گەورەو هزرڤانی گەورەیان لەبوارە جیا جیاكاندا بۆ دروستبووە، تەنیا نەتەوەی كوردە بەو قەبارە گەورەیەی خۆی، كەچی نەیتوانیوە نە  ببێتە خاوەنی دەوڵەتێك بۆ خۆی، نە شوناسێكیشی بۆخۆی دروستكردووە، لەكاتێكدا لەنێو هەموو نەتەوەكاندا، بەدەگمەن نەتەوەیەك دەدۆزیتەوە، بێ شوناس‌و ناسنامەی خۆی بێت، نەتەوەی بێ شوناس، وەك نەتەوەیەكی پەرت‌و گەڕیدەو كۆچەری دادەنرێت‌و هەر رۆژەو لەهەوارگەیەك بارگەو بنەی دادەنێت.

هەموو نەتەوەكان پێویستیان بەشوناسێك بۆ ناسینی خۆیان هەیە، میللەتی بێ شوناس، لەدەرەوەی میللەت‌و كۆمەڵگاو مێژوودا دەژی، بەڵام شوناسی هیچ نەتەوەیەكیش بەقەد شوناسی هەرێمی كوردستان پڕ گرفت‌و پڕ قەیران نییە، روونیش نییە تاكەی ئێمە لەو دۆخە ئاڵۆزو تێكچڕژاوەدا دەمێنینەوە. بەدبەختی كورد لەوەدایە، میراتەكەی میراتی ئیسلامگەرایی‌و زەردەشتگەرایی‌و میرو ئەمارەت‌و تادەگاتە حیزبی سیاسییەكانە، هەوێنی هەموو ئەو میراتانەش خۆی لەبراكوژیدا چڕكردۆتەوە، كورد نەك هەر خاوەنی هیچ میراتێكی ڕۆشنگەری‌و نوێخوازی نییە، بەڵكو چەندین سەدەیە، هیچ تروسكاییەكیشی بەرنەكەوتووە.

فیكریان هەر قوتابخانەیەكی فیكریی، ئەوكاتە دروستدەبێ كە مرۆڤەكان بتوانن تەئەمول بكەن، بەداخەوە، هیشتا كۆمەڵگای كوردی، لەناویشیاندا نوخبەی كوردی نەیتوانیوە تەئەمولێك پڕ بەپڕی سەردەم‌و واقیعەكەی خۆی بێت، بیكات.

هەموو شوناسێك بریتییە لەگەوهەرێك كە ناوەڕۆكی ئاستی نەتەوەكان دەستنیشاندەكات، ڕەنگە هەندێكجاریش بریتی بێت لەدەمامك، هەر میللەتێك جۆرە دەمامكێكی هەیە، هەندێكیان دەمامكێكی جوان، هی هەندێكیش زۆر قێزەو ئیسپارتاییەكان جۆرێك شوناسیان هەبوو، شوناسیئیسلامیش  لەڕابردوودا، بەتایبەت هەر لەدەستپێكردنی بەفتوحات‌و داگیركاری، زۆر لەبیروباوەڕی ڕابردووی ناسیۆنالیزمی نزیك بوو كە پێشتر هەزاران ساڵ بوو هەبوو، بەڵام روونە شوناسی ئیسلامی 1400 ساڵە بەردەوامە، بەڵام نەیتوانیوە سنووری بیركردنەوەی مرۆڤ ببەزێنێت، نەیشیتوانیوە بەهەمان سەردەمی فتوحات‌و داگیركارییەكەی سەردەمی سەرهەڵدانی، ناسیۆنالیزم بپارێزێت، یان گەشەی پێبدات. ئایینی ئیبراهیمی چوارچێوەی داڕشتنی ئایینیئیسلامە. خاڵی بنەڕەتیش لەو ئایینە ئەوەیە، وەرچەرخانە لەژیانی زیندەگییەوە بۆ ژیانی ئاخرەت. ئەمانەی ئێمە باسیان لێوە دەكەین، جگە لەبابەتە فیكرییەكان، باقی ئەوانی دیكە، بریتین لەمێژوو، مێژووش خۆی لەخۆیدا چیرۆك‌و بەسەرهاتە، هیچ چیرۆك‌و بەسەرهاتێكیش نادۆزیتەوە، بێ شوێن‌و بێ كات بووبێت. هەر چیڕۆكێك شوێنێكی هەیە لەگەڵ سەردەمێكدا. نەتەوە هەیە لەمێژوودا شوناسێكی هەبووە، بەڵام دوایی ئەو شوناسەی نەماوە!، میللەتیش هەبووە، لەمێژووی ڕابردوویدا خاوەنی هیچ شوناسێك نەبووە، بەڵام ئێستا خاوەنی شوناسێكی باڵایە.

شارستانێتی كۆن، شوناس‌و ناسنامەیەكی نەبوو، بۆیە خەڵكی بەگشتی هێندە پێی ئاشنانین، هەرشتێك شوناسی نەبێت ئیتر وندەبێت، بەناوبانگترین‌و گرنگترین شوناس بۆ سەرجەم گەلانی جیهان، بزوتنەوەیەكی گەورەی فكرییە، بۆ نموونە ڕێنیسانسی كارولینجی (سەردەمی كارولینیان تشارلمان) لەسەدەی نۆ لەڕۆژئاوا، بەتایبەت (یوهانز سكۆت ئەریجینا Johannes Scotus Eriugena ، كە ناوەندی ئەو رێنیسانسە بوو، كە لەسەر بنەمای ئەفلاتونیزمی نوێ‌و سروشی ئایینی مەسیحی كە بەشێوەیەكی سۆفیگەرییانە، نەقشی ئەو ڕێنیسانسەی سەدەی نۆی كرد، ڕێنیسانسی هندۆسی لەهەمان سەدەی نۆ، بەڵام لەهیند، هەروەها ڕێنیسانسی سەدەی شازدە لەرۆژئاوا، بەرپابون. وەرگێڕانی كارە فەلسەفییەكانی ئیبن عەرەبی‌و ئەوانی دیكە  بۆسەر زمانی لاتینی لەسەدەی دوازدەو سێزدە، یان وەرگێڕانی كلاسیكییەتی سەنسكرێتی بۆسەر فارسی لەسەدەی شازدە.

ئەگەر لەیۆنان ئەو رێنیسانسەی 2500 ساڵ پێش ئێستا دروستنەبوایە، هەرگیز یۆنان نەیدەتوانی ئەم مێژووەو ئەم شوناسە بۆخۆی مسۆگەربكات، تەنانەت وەك برتراند ڕاسڵ  دەڵێت،  هەموو ئەوروپا خۆیان بەقەرداری یۆنان دەزانن.

دەتوانین بڵێین لەسەدەی شازدەو ئینجا سەدەی حەڤدە، پەیوەندییەكانی مرۆڤ بەسروشت بەتەواوی گۆڕانكاری تێكەوت، چونكە ئەم دوو سەدەیە بەسەدەی زانست‌و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا دادەنرێت، فەیلەسوفەكان دەریانخست كە مرۆڤ وزەیە، هەندێكی دیكە بەتایبەت (دیكارت)‌و مرۆڤ  سەروەری جیهانە، چونكە فەلسەفەی كلاسیكی یۆنان لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوە لەگەردوون بوو، دواییش لێكۆڵینەوە لەئایینی مەسیح‌و ئایینی مرۆڤایەتی بوو، بەڵام لەسەدەی شازدەوە، وەرچەرخانێكی گەورە لەفیكرو لەفەلسەفەی ژیان  دروستبوو، كە گرنگیان بەمرۆڤ دەدا، ئینجا دەیان قوتابخانەی فیكری‌و فەلسەفی دروستبون.

ئەقڵ دیاردەیەكی بەرچاوە لەدیاردەكانی سروشت، كۆی غەریزەكان، بزوتنەوەی مێژوت بۆدەستنیشاندەكات. هەندێك بەئاراستەی  سێكسبازی‌و (لیبیدۆ)كەی فرۆید هەنگاو دەنێین، هەندێكیش بەئاراستەی هێزو جەختكردنەوە لەئیرادە كە لەسەر بنەمای فیكری (شۆپینهاوەرو نیچەو ئەدلەر) هەنگاو دەنێین، یانیش ئەوەتا بەئاراستەی بەرهەمهێنان هەنگاو دەنێین كە (ماركس) بنەماكەی بۆمان دانا، ئاخر هەموومان بەپێی سروشت‌و لێكدانەوەمان بۆ سروشت بیردەكەینەوە.

ئێمە ئیتر دەبێت بیر لەوەبكەینەوە، چۆن بتوانین هاوسەنگییەك لەنێوان ئەو تەكنۆلۆژیایە پێشكەوتووەو  ئەو تەقلیدەی لەناوماندا زاڵە ڕابگرین، چۆن بتوانین ئەو بیرەوەرییە چەقبەستووە بەڕابردوومان هەڵتەكینین‌و ئاراستەی بیركردنەوەمان بۆ ئەو پیشكەوتنە كۆمەڵایەتی‌و ئابوورییانە بگۆڕین كە هەموویان زۆرترین خۆشبەختی بۆ مرۆڤ بەخۆوە گرتوە، ئەی چی لەبەهاكانمان بكەین، كاتێك دەمانەوێ ئاراستەكەمان بگۆڕین، بیگومان وردە وردە بەهایەكی ترمان بۆ دروستدەبیت، كە سەرەتاكەی بەنامۆیی دیت‌و جێی خۆی دەكاتەوە، ئێستا چ ئەوانەی سیاسەتدەكەن، چ ئەوانەیش كە سۆفیگەرو دەروێشن، یان ئەوانەیش كە هەموو شتێك ڕەتدەكەنەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانی دیكەش، دەبینین، لەبارەی باری دەرونییەوە  ماندون، تاڕادەیەكیش نائومیدن، زۆرێكیان كەمیان زۆر گۆشەگیرن‌و نەشیانتوانیوە بەشێوەیەكی ئەقڵانی كاربكەن نا ئەقڵانی لەمە زیتر دەبێت چی بێت، لەچركەساتێكدا دەتكەن بەتێكۆشەرو شۆڕشگێڕ، لەچركەساتێكی دیكەدا، دەبیتەوە كۆنەپەرست‌و نانیشتمانی. ئەمە لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لەم هەرێمەی ئێمەدا نەبێت، هەرگیز لەهیچ شوێنێكی ئەم جیهانەدا بەمشێوەیە نییە، ئێمەی كورد، هەزار ساڵی دیكەش لەنێو ئەو بەهاو شارستانێتییە تەقلیدی‌و سواوە بژین، ناتوانین شوناسی خۆمان وەك نەتەوەیەكی سەربەخۆمان‌و وەك نەتەوەیەكی نیمچە هاوچەرخیش نیشانبدەین. واتا وەك ئێستا بێ شوناس دەمێنینەوە. بۆیە پێویستیمان بەڕاچڵەكینێك هەیە، هۆشمان بێتەوە بەرخۆمان، بزانین ئێمەی كورد كە لەناو شارستانێتی سۆمەرییەكان ڕۆڵی كاریگەرمان هەبوو، ئەی بۆچی ئێستا ئەوەندە زۆر دوا كەوتین!.

من هەرگیز لەگەڵ ئەوەدانیم، هەموومان بەیەك ئاراستە سەیری مێژووی خۆمان‌و ڕابردووە تەقلیدییەكەی خۆمان بكەین، من دڵنیام هەر ناشبێت بەیەك چاو بڕوانین، لەئەوروپاش نیچە كاتێك بەهاكانی تێكشكاندو بەدەنگی بەرز هاواریكرد خوا مردووە، زۆر جیاواز بوو لەگەڵ هیگڵ كاتێك ڕۆحی هێنایە ناو مێژوو، ئەمەش ڕێگایەكی تایبەتبوو بۆ دۆزینەوەی وشیاری. ئەمەش بوو وای لەهیگڵ كرد پێمان بڵێ  لەبنەڕەتدا مێژووی فەلسەفەو فەلسەفەی مێژوویەك شتن.  ئەگەر بڕوانینە هایدگەر، دەبینین لە هەردووكیان (هیگڵ و نیچە) جیاوازترەو ئاراستەیەكی دیكەی هەیە، كە پێیدەڵێن (الكفر بالكائن).ئەم روانینەی رۆژئاوا، هەر لە سەردەمی سوكراتەوە تا ئەمڕۆ، وایكردووە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان فیكرییۆنانی و ئایینی مەسیحییەت دروست ببێت، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سەدەكانی ناوەڕاست و رینیسانسی ئەوروپی دروست ببێت. لەنێوان كۆمۆنیزم و سەرمایەداری دروست ببێت....هتد بەداخەوە ئێمە گرژی و ئاڵۆزی و تەنانەت پێكدادانیشمان زۆر بینیوە، بەڵام هیچیان لەسەر وەرچەرخانێكی فیكری و فەلسەفی نەیووە، هیچیان لەسەر بنەمای بیركردنەوەی ئەقڵانی و میتۆدێك بۆ ئاییندەمان نەبووە. بۆیە هێندە ماندووین، تەنانەت تاقەتی نەك خوێندنەوە، بەڵكو گوێگرتنیشمان نەماوە، چ جای ئەوەی لەیەكدی تێبگەین.

شەڕی كاتۆبیك و پرۆتستانت، بۆ چاكسازی ئایینی بوو، بۆیە  ماندوو نەبوون، چونكە رەوتی مێژووی ئایندەیان لە بیركردنەوەی خۆیاندا نەقش كردبوو. ئێستاش خاوەنی شارستانێتییەكی زۆر بەرزنو ، ئێمەش لەناو بەها تەقلیدییەكان و لەناو بیركردنەوەی تەقلیدی بەتەواوی نقوم بووین و ، خۆمان لێ ون بووە. كارەسات لەمە زیاتر دەبێت چی بووبێت كە میللەتێك خۆی لێ ون بووبێت، هیچ دیاریش نییە كەی خۆی دەدۆزێتەوە. چونكە تا ئەو چركە ساتەش لەناو تاریكیدا هەنگاو دەنێت. ئێمە لەناوسێ(3) شارستانێتیدا دێین و دەچین، شارستانێتی فارس و تورك و عەرەب، چەندین هەزار ساڵە، نەمانتوانیوە رێڕەوێك بگرینە بەر كە تایبەتمەندی خۆمانی هەبێت.

ئەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵ جودا دەكاتەوە، رێژەی ئەقڵو ئەقڵانیبوونیەتی. چونكەمرۆڤ  جگە لەغەریزەی سێكس و خواردن كە لە ئاژەڵیشدا هەمان شتە، ئەقڵی تاڕادەیەك‌و بەپلەو ڕێژەی جیاواز ئایندەیی تێدایە. ئەم ڕوانینی ئایندەییە لەمرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی دیكە، لەژینگەیەكیشەوە بۆ ژینگەیەكی دیكە  جیاوازەو دەگۆڕێت. زۆرێك لەمرۆڤەكان مەیلیسێكسی  لیبیدۆی فرۆید بەسەریاندا زاڵە، هەندێكی دیكە مەیلی هێزو ئیرادە كە (شۆپینهاوەرو نیچەو ئەدلەر) جەختیان لێكردۆتەوە، بەسەریاندا زاڵە. هەندێكی دیكەش هەن، مەیلی بەرهەمهێنان، واتا هۆیەكانی بەرهەمهێنان كە (ماركس)جەختی لێكردۆتەوە، بەسەریاندا زاڵە.  ئاخر كاتێك باس لە ئەقڵی رۆژئاوایی دەكرێت، مانای هۆشیارییەكی فیكری بۆ رۆژئاوا ناگەیەنێت، ئەمە ئەگەر ئەو پێوەرە بەراست بزانین، كەواتا مێژووی رۆژئاوا لە كۆپەرنیكۆسەوە دەستپێدەكات. ئەوكاتەی  مەعریفەی رامان دەستی بە پووكانەوە كردو لە جێگەیدا هێز شوێنی گرتەوە، وەك (باكون) باسی لێوە كردووەو، ئیتر مرۆڤ بووە چەقی ژیان و جیهان وەك (دیكارت)و ،دواییش (ماركس) جەختیان لێیكردۆتەوە. لەوكاتانەوە واتا لە سەدەی شازدەو حەڤدەوە ئیتر فیكری زانستی – تەكنۆلۆژی  وردە وردە جێگای رامان ی گرتەوە.  ئەم دیاردە رامانییەبوو ، جیهانێكی پڕ لەیۆتۆپی دروستكردبوو، كرابوو بە  بەهاو ئاكارو سیستەمی كۆمەڵایەتی.

هەموو دواكەوتن(تخلف)ێكی ئابووری، كێشەیەكی هێندە گەورە نییە، ئەگەر بێتو كێشەی وشیاری و رووناكبیری لەگەڵدا نەبێت. كورد هەمیشە لە پێگەیەكی داكۆكیكردندا بووە لە خۆی، بەڵام داكۆكیكردنێكی شەلو سەقەت. چونكە هیچ روانینێكی ئایندەیی لەگەڵدانەبووەو ، هیچ فیكروفەلسەفەیەكی تایبەت بە نەتەوەكەی خۆی لەگەڵدا نەبووە. تەنانەت تا ئەمڕۆش كورد، لە بچووكترین دیالۆگی فیكری لەگەڵ فیكری رۆژئاوایان فیكری ئاسیایی نەكردووە، چونكە لە بنەڕەتدا، خاوەنی هیچ فیكرو فەلسەفەیەك نین.  راستە رۆژئاوا بەردەوام كەوتۆتە نێو قەیرانی قووڵەوە،بەڵام بەردەوامیش بە فیكری نوێ ، توانیویانە قەیرانەكان چارەسەر بكەن، ئەو گرژییەی كە لەنێوان فكرو فەلسەفەییۆنانی لەگەڵ فیكرو فەلسەفەی ئایینی مەسیحییەت  دروستبوو، بەتایبەت لە سەدەكانی ناوەڕاست و دواتریش لەكاتی سەرهەڵدانی كۆتاییهێنان بە سەدەكانی ناوەڕاست و رێنیسانسدا، راستە گرژییەكی توندی لێ كەوتەوە، بەڵام تۆما ئەكوینی و ئیتر چەندانی دیكە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو گرژییانەیان دا، تا بەسەر گرژییەكاندا سەركەوتن، خۆ ململانێی نێوان سەرمایەداری و كۆمۆنیزم و چەندانی دیكەش بەهەمانشێوە هاتن و چوون. دیستۆیڤسكیش بەتەنیا لە هەوڵی ئەوەدا نەبوو، روسیا بە رۆژئاوا ئاشت بكاتەوە، بەڵكو دیستۆیڤسكی لە روسیای تا رادەیەك رۆژهەڵاتی و نیچەیرۆژئاوایی ، تۆوی هیچگەرایی و پووچگەراییان داچاندو لەوەش زیاتر ترووسكاییەك بۆ دەروونشیكارییان دروستكرد، كە دواتر فرۆید قۆزتییەوەو سوودی لە هەردووكیان وەرگرت. دیارە هیچگەرایی و پووچگەرایی نیچەو دیستۆیڤسكی لە رووی بونیادی فیكرەكانیانەوە، زۆر لەیەك جیاوازن، بە دیوێكی دیكەدا دەتوانین بڵێین بە دوو ئاراستەی لەیەك نەچوو داچووبوون، بەڵام لەیەك دیاردەیاندەكۆڵییەوە . ئەگەر روونتر قسە بكەین دەتوانین بڵێین هیچگەرایی و پووچگەرایی  ئەڵمانیا كە رابەرەكەی نیچە بوو، رایخی  سێیەمی دروستكرد، هیتلەریش بەرجەستەی كرد، كە لە بنەڕەتدا هیتلەر رۆحی ئەو پووچگەرایی و هیچگەراییە بوو، بە پێچەوانەی ناپلیۆن كە هیگڵ پێیوابوو رۆحی جیهانە. بەڵام هیچگەرایی و پووچگەرایی  دیستۆیڤسكی و روسیا، بەلشەفیزمی هێنایە ئاراوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات، هەموو فیكرو بیرۆكەیەك، كە سەریهەڵدا، مرۆڤ بەرەو ئاراستەیەك دەبات بۆ ئەوەی قورتاری بكات لەنێو ئەو دۆخەی كە تێیكەوتووە.

هەموو پێغەمبەرەكان بەهۆی لەباربوونیزەمینەی  بارودۆخێكی  مەرگەساتئامێزەوە هاتوون و، ئیتر ئەو دۆخە كارەساتئامێزەیان بەرهەمهێناوە بۆ سەردەمێكی ترسناكتر، بە واتایەكی دیكە ئەو سەردەمە خەمناكەیان خستۆتە نێو چوارچێوەیەكیان لە بەرگێكی هیستریای میتافیزیكیان بۆ چنیوە، وەك بڵێی ئەم دۆخە خودا وای لێكردووەو هەر خوداش رایگرتووە، دەنا دەتەقێتەوە، تەقینەوەشی لە بوومەلەرزەیەكییەكجار كارەساتئامێز دەچێت كە هەموومانی تێدا نغرۆ دەبین. ئەم ترسە وات لێدەكات، بە ناچاری نەك لە خۆشەویستییەوە بێت، خۆت بخەیتە پەنای خوداو، ئەوكەسەیش كە خۆی بە نوێنەری خودا دەزانێت.  بەڵام كاتێك مرۆڤ لە فیكری رامان(میتافیزیك)ەوە، بەرەو ئاراستەی تەكنیك و تەكنۆلۆژی وەرچەرخا ، لە هەست و سۆزی رۆحانییەوە بۆ مەیل و غەریزەكانی  سەرەتایی  هەنگاوی ناو ، هەروەها تێڕوانین و بیركردنەوەی لە رۆژی قیامەتەوە بۆ دیدێكی زانستیانە سەبارەت بە مێژووگەرایی  ئاراستەكەی وەرگێڕا، ئیتر وردە وردە ، زەمینە بۆ هاتنە دی پێغەمبەرێكی دیكە بچووكبووەوەو، خەڵكیش ئەوەندە بیریان لەو بومەلەرزەیە ترسناكە نەدەبووەوە، كە بە هۆی كارو كردەوەكانمان ، یان بەهۆی غەزەب لێگرتنی خوداوە لە مرۆڤەكانی ، هەموو جیهانت بۆ سەراوبن دەكات.  

گرفتی خودا ئەوەیە خاوەنی هێزو توانایایەكی لە ئەقڵ بەدەرە، لە كاتێكدا هیچ پەیوەندییەكی ئۆرگانیو دیالەكتیكی و راستەوخۆی بە سروشت و بە مرۆڤیشەوە نییە. نووسینە سروشتییەكان زیاتر بە پیتی ماتماتیكی نووسراون، لۆژیكی گالیلۆ نموونەیەكی زیندووە لەمبارەیەوە. بەڵام وەك شیلەر جەختی لێكردۆتەوە، ئەوە خودا نییە مرۆڤی بەو شێوەیە دروستكردووە، بەڵكو ئەوە مرۆڤە خودای بەم شێوەیە دروستكردووە كە خاوەنی هەموو هێزو توانایەكی لە ئەقڵ بەدەرە.. ئێران بەهۆی سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشە ئیسلامیەیەوە، كۆمەڵگای بەرەو دواوە گێڕایەوە، بەهۆی دروستكردنی كەشوهەوای نامۆبوون لە نیشتمان، كە هەستی مرۆڤی سەردەم بەرگەیناگرێت،كە لە ژیانێكی كۆمەڵایەتی بەرەو شوێنگەیەكی دواكەوتووی لاوەكی دەیگەڕێنێتەوە، لەژێر دۆخێكی پڕ لە گوشارو كەبت،  كە دۆخێكی كوشتن و سێدارەدان  و لێدان و ئازاردانی بە كۆمەڵی  لەناو خەڵكدا دروستكرد.تا كارگەیشتە ئەوەی ژیان تامی پێوە نەماو، مرۆڤ ناتوانێت بە ژیانێكی شایستە بژی. راستە بزوێنەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە قووڵایی نا وشیاری كۆمەڵییەوە لە نەتەوە دروستبوو، بەڵام ئەو هۆكارانە زۆرن كە وال ە نەتەوەیان كۆمەڵگایەك دەكات، رێگایەكی مەترسیداربە رزگاركاری خۆی بزانێت.

ئیسلامیەكان ماوەی 1400 ساڵە شەڕ دەكەن، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی ماندوو نەبوونە، ئەگەر سەیر بكەین چی ئایدیۆلۆژیای تر هەیە، وەك كۆمۆنیزم، فاشیزم، نازیزم، تەنانەت لیبرالیزمیش هیچ كام لەمانە بەرگەی ئەم هەموو شكست و كەوتن و هەڵوەرینانەناگرن ، بەڵام ئیسلامی سیاسی  هێشتا هێزی هێرشبردنی تێدا ماوە..  فاتیكان شوناسێكی ئایینی هەیە, بەڵام ئەمریكا ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر شوناسێكی تەكنۆلۆژی بەخۆیەوە گرتووە، عێراقیان روونتر بڵێین رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوناسی توندوتیژی وەرگرتووە. ئەفریقا شوناسی دواكەوتوویی وەرگرتووە. وڵاتانی دواكەوتوو، ئەو وڵاتانەش كە ئیسلامین، تا ئێستاش لە قۆناخی ئایدیۆلۆژیادادەژین.جا ئایدیۆلۆژیاكە ئیسلامی بێتیان چەپڕەوی بێت، كە سەر بە كەلەپوورو میراتی ماركسیزم لینینیزم بێت.سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بەردەوامبوونی هەر لەو چوارچێوەیەیە.

تێبینی: (ئەم چەند پەرەگرافەی سەرەوە، رەشنووسی بابەتێكی درێژی گرفتی شوناسی كوردە، كە لە بەرگی چوارەمی قەیرانی ئەقڵدایە)