پۆست و پشک پشکێنە یەکگرتوویی کوردی لە بەغدا لێکترازاند

کوردستان

10/01/2022‌ 1611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عێراق پێی نایە تونێلە تاریکەکەوە، کوردیش پەرتەوازەو بە چەند بەشێک لە پرۆسەی سیاسی داهاتودا بەشدارە، ئەوەی ڕویدا جێی چاوەروانیی بەشێک لە چاودێران و بۆ بەشێکی تریشیان جێی شۆکیکی گەورە بوو.

پارتی لە دەرەوەی یەکێتی ڕێککەوتنی کردوەو یەکێتیش ویستی بەو جوڵەیەی بە پارتی بڵێت ئەگەر دۆستیش بین بۆ هەموو شوێنێک لەگەڵت نابم.

ئێوارەی دوێنی یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراو لە کۆبونەوەکەدا روداوەکان زۆر خێرا گۆرانکارییان بەسەردا هات.

چەند خولەکێک پێش دەستپێکردنی کۆبونەوەکە شارپرێس لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای تایبەتەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئێرانیەکان لەسەر ئاستی باڵا دەستوەردانی قورسیان لە ئەجێندای کۆبونەوەی پەرلەمان کردوەو بە لایەنەکانیان ڕاگەیاندوە ڕێگە نادەن بەو شێوەی پلانی بۆ درێژراوە کۆبونەوەکە بەرێوە بچێت و رازی نابن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان پەراوێز بخرێت و بەشێکی سەرەکی نەبێت لە پرۆسەی سیاسی وڵات وەک ئەوەی سەدر و پارتی و بەشێکی زۆر لە سونەکان پلانیان بۆ دانابوو.

هەر واش دەرچوو، هەر زوو چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی و بەشێک لە پەرلەمانتار و هێزە سیاسیەکانی تر هۆڵی کۆبونەوەیان بەجێهێشت و بایکۆتی دەنگدانیان کرد بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، پارتی و سەدر نەوەی نوێ و بەشێکی زۆر لە سونەکان لە نێو هۆڵی پەرلەمان مانەوەو دەستیان کرد بە بەرێکردنی کارنامەی کۆبونەوەکە.

محەمەد حەلبوسی لە سونەکان و حاکم زاملی لە سەدریەکان و شاخەوان عەبدوڵاش لە پارتی بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردران.
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نیشاندەری وێنەیەکە کە دەرخەری رێککەوتنێکی سیاسی پێش ساڵێک بەر لە ئێستایە کە لەنێوان ئەو سێ هێزەدا و بە هەماهەنگی و سەرپەرشتی بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەنجام درا.

پێش بەرێوە چونی هەڵبژادنە پێشوەختەکەی پەرلەمانی عێراق شارپرێس لە دوو ڕاپۆرتی شیکارییدا بە وردی باسی لە پێکهێنانی بەرەیەکی فراوان کرد لە نێوان هەرسێ لایەنی پارتی و سونە و سەدریەکاندا کە لەیەک ئاراستەی سیاسیدا کۆ بونەتەوە کە ئەو ئاراستەیە بە پشتیوانی ژمارەیەک وڵاتی سونەو لە دژی سیاسەتی ئێران لە ناوچەکە پێکهاتوە.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان چەند خولەکێک لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پەیامێکی بڵاوکردەوەو وێرای پیرۆزبایی، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە پابەندی ڕێککەوتنەکەیان بوون و بەو جۆرەی لەسەری ڕێککەوتبوون کارەکان بەرێوە چوە.

شاخەوان عەبدولا کاندیدی دەرچوی پارتی بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەر زوو بە میدیاکانی ڕاگەیاند ئەوەی ڕویدا رێککەوتنێکی سیاسی نێوان پارتی و سونەکان و سەدریەکان بوەو هەموان وەک خۆی پابەند بون بە ڕێککەوتنەکەوەو هیچ لایەک لە رێککەوتنەکە لاینەداوە.

پەیامەکەی بارزانی باوک و لێدوانەکەی شاخەوان عەبدولا سەلمێنەری ئەو نیگەرانی و نارەزاییەیە کە وای لە یەکێتی کرد پاشەکشە لە شاندی هاوبەشی پارتی ویەکێتی بکات و تاک لایەنە بریاری بایکۆت بدات، چونکە پێشتر بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە ڕێگەی شارپرێسەوە مەترسی ئەوەی ئاشکرا کرد کە پارتی بە رێککەوتنی لەگەڵ سەدر و لایەنە سونەکان بەشێوەی ژێر بە ژێر و دور لە یەکێتی مەترسی لەسەر یەکڕیزی لایەنە کوردیەکان دروست کردوەو هەر واش دەرچو. کە یەکێتی بۆی ڕون بۆوە پارتی لەگەڵ ئەو هێزانە ڕێکەوتنی پشت پەردەی هەیەو یەکێتی وەک لایەنی سەرەکی رێککەوتنەکە حسابی بۆ نەکراوە لە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی کشانەوەو تاکلایەنە بریاری سیاسی خۆیان وەرگرت.

ئێستا یەکێتی و پارتی و هێزەکانی تری کوردستان بە پەرتەوازەیی و دور لەیەک خەریکی گفتوگۆو بەشدارین لە پرۆسەی سیاسی عێراقداو هەر یەکەیان لەگەڵ یەکێک لە بەرەکانی بەرەکانی یاریەکەیەو پارتی لە بەرەی هێزەکانی نزیک لە تورکیاو وڵاتانی سونەو یەکێتیش لە بەرەی هێزەکانی نزیک لە ئیرانەو خەریکی دەستبادانێکی توندن و پانزە ڕۆژی داهاتوش بۆ هەردولا ڕۆژانێکی یەکلا کەرەوە دەبن بۆ دیاریکردن و سەرخستنی کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکی داهاتوی کۆماری عێراق.

بەشیک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کادرانی یەکێتی بایکۆتی حزبەیەکان و دەنگ نەدان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانیان بە کارێکی نا باش ناو بردو پێیان وایە نەدەبوو یەکێتی کارێکی لەو شێوەیە بکات، بەڵام بەرپرسانی باڵای حزبەکە بە باسکردن لە هۆکاری هەڵویستەکەیان ڕەوایەتی دەدەن بە هەنگاوەکەیان و پێیان وایە پارتی هەنگاوێکی مەترسیداری ناوەو ئەگەر یەکێتیش بچوایەتە نێو ئەو هاوپەیمانییەوە وەک ئەوەی پارتی داوای دەکرد، کوردستان و عێراق دەچونە قۆناغێکی نوێی مەترسیدارەوە.

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بانگەشەی حکومەتی زۆرینە دەکات و بەو پێیەی ئێستا لەگەڵ پارتی و سونەکان توانیویانە زۆرینەی پەرلەمان کۆ بکەنەوە پێدەچێت مەبەستیان بێت تاکلایەنەو بە بێ بەشداریی چوارچێوەی هەماهەنگی حکومەتی زۆرینە پێکبهێنن و سەرۆکایەتی کۆماریش یان لەوان بێت یان بە ڕەزامەندی و گڵۆپی سەوزی ئەوان بێت.

عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە چاوەرانی ململانێ و ناکۆکیەکی توندی نوێدان و ڕەنگە داهاتوی عێراق ببێتە گۆرەپانێکی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆیی و دەرەکی و هەرێمیەکان و ئاڵۆزیەکی گەورە بەرۆکی وڵات بگرێتەوەو لایەنە سەرکەوتوەکان بە ئاسانی نەتوانن لە خۆشی و نەشئەی سەرکەوتنەکەیان بەردەوام بن.