بەشێک لە لایەنە شیعەکان بە سەدریشەوە بە کاندیدکردنى هۆشیار زێباری رازی نین

عیراق

12/01/2022‌ 7057 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتى دواجار کاندیدی خۆى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار دیاریکرد کە هۆشیار زێبارییە، بەڵام زۆرینەى لایەنە شیعەکان بە رەوتى سەدریشەوە بە کاندیدکردنى هۆشیار زێباری رازی نین.

ئێوارەى ئەمڕۆ بەشێک لە میدیاکانى عێراق بڵاویانکردەوە کە هۆشیار زێباری فۆڕمى کاندیدی پۆستى سەرۆک کۆمارى پڕکردوەتەوەو بە فەرمى لەلایەن پارتییەوە بۆ ئەو پۆستە کاندید کراوە.

دوای دیاریکردنى هۆشیار زێباری بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار، میدیاکانى نزیک لەلایەنە شیعەکان لە زارى چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویانکردەوە، کە ئەو لایەنە شیعانەى کە پێگەى بەهێزیان هەیە بە کاندیدەکەى پارتى رازی نین و هۆکارەکەش ئەوەیە کە هۆشیار زێباری پێشتر لە پۆستە جیاوازەکانى حکومەتى عێراق تاقیکراوەتەوەو چەندین تۆمەتى گەندەڵی دراوەتە پاڵ، بۆیە لە پۆستى وەزیری داراییش دوور خرایەوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردوە، تەنانەت ئەو لایەنە شیعانەى کە لە پارتییەوە نزیکن و بە رەوتی سەدریشەوە بە کاندیدکردنی هۆشیار زێباری رازی نین و پێیانوایە یەکێک بووە لەو وەزیرانەى کە کاتى خۆی سەدر داوای سەندنەوەى متمانەى کردوە لێی.

بەپێی هەواڵی ئەو میدیایانە بێت، رەوتى سەدر پارتی ئاگادار کردوەتەوە کە لەجیاتى هۆشیار زێبارى کەسێکى دیکە کاندید بکات، بەڵام پارتى هەر سوربووە لەسەر کاندیدکردنى ناوبراو.

سەبارەت بەوەى کە کاندیدکردنى هۆشیار زێباری کێشە بۆ رێکەوتنى پارتى و سەدر دروست دەکات یان نا، ئەو سەرچاوانەى قسەیان بۆ  بەشێک لە میدیا عێراقییەکان کردوە رایانگەیاندوە، ئەو پرسە هیچ کێشەو گرفتێک بۆ رێکەوتنەکەیان دروست ناکات، چونکە سەدر پێکهێنانى حکومەتى زۆرینەى بەلاوە گرنگترە لە کاندیدکردنى زێباری، بەڵام ئەگەری زۆرە سەدر پەرلەمانتارەکانى ئازاد بکات لە دەنگدان بە هەر کاندیدێکى سەرۆک کۆمار.

لەئێستادا هۆشیار زێباری کاندیدی پارتى دیموکراتى کوردستان و بەرهەم ساڵح کاندیدی یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە، هاوکات چەند کەسێکى دیکەش وەک سەربەخۆ بڕیارە خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید بکەن.